زبانی خۆت ئەسپی خۆتە
واتە چۆنى لنگ ئەدەیت لنگى بدە.
زبانی سور سەری سەوز ئەفەوتێنێ
واتە هەزار جار مێزەرو کەشیدەو شاڵى سەوزت بەسەرەوە بێ و لە پەناى ئەمانەدا دڵنیا بی، هەر ئەبێ ئاگات لە زبانت بێ، ئەگینا سەرت بە فەتارەت ئەدا.
زبانی لەتەک سەریا بازی ئەکا
واتە هەموو قسەیەکى مایەى سەرییەتى.
زج کەری دوای برنج کوتە
زج: ئەو نرکە تایبەتییەیە کە لە هەناسەدانى برنج کوتەوە پەیدا ئەبێ، لە کاتێکدا کە دەسکەکە ئەماڵێ بە برنجەکە لەناو دەنگەکەدا. واتە فڵان کەس برنج کوت نییە، بەڵکوو لاى برنج کوتەوە دانیشتووە (زج)ەکەى بۆ ئەکا. بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى ئیشکەر نەبێ، بەڵکوو خۆى هەڵسوێ بە ئیشکەرێکەوە، تا واى نیشان بدات کە گوایا ئیشکەرەو مەردوم بە ئیشکەرى بزانن.
زرێ لە باخەڵا ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکدا زۆر کارامە بێ.
زستان ئاگر و ئەز، بەهاران ئەزو بەز، هاوینان ئەزو ڕەز
واتە زستانان من و ئاگر، بەهاران من و خواردنى چەورى، هاوینان من و میوەهاتى.
زستان بە شڕکەو بەهار بە ڕۆنکە
واتە لە زستاناندا مەبەست هەر ئەوەیە کە سەرمات نەبێ، ئیتر خواى ئەکرد کاڵات دڕاو ئەبوو، یا پینەکراو ئەبوو.
زستان بە پینەو پەڕۆ، بەهار بە شۆخی بڕۆ
واتە لە زستاناندا مەبەست هەر ئەوەیە کە سەرمات نەبێ، ئیتر خواى ئەکرد کاڵات دڕاو ئەبوو، یا پینەکراو ئەبوو.
زستان هات بەرگی فەقیر دڕا
بەرگى فەقیر بێبەرگییە کە لە هاویناندا پێوەى دەرناکەوێ.
زستانان باران بێت بڕۆ، بەهاران هەور بێت مەڕۆ
چونکە زستانان هیواى خۆشکردنەوە نییە، لەبەرئەوە بشبارێ هەر بڕۆ، بەڵام لە بەهاراندا چونکە هیواى خۆشکردنەوە هەیە، ئەگەر هەوریش بوو مەڕۆ تا ئەبارێ و خۆشئەکات.
زللەی ڕۆژگاری نەدیوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ساردى و گەرمى ڕۆژگارى نەدیبێ.
زلە موویەکی لەچاوی خەڵکدا ئەبینێ، کاریتەیەک لە چاوی خۆیدا نابینێ
زلەموو: تاڵى موو.
زنجیرى دوژمن بە یەکێتى نەبێ ناپچڕێ
زوئەلفەقار بۆ هەموو عەلى ناوێ نەهاتووە
بەڵکوو هەر شایستەى ئیمامى عەلییە.
زوو باژوو، هورد باژۆ، گاسوور ماندیى نەبێ
باژۆ: واتە برۆ. بە یەکێک ئەوترێ کە کارێک بکا. واتە واى بکە کە زەرەر نەبێ بۆ فڵان شت.
زوڕنا بدەیتە دەست ناشی فوو ئەکا بە سەرەکەیا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێکدا ناشى بێ.
زوڕناژەن کە برسی بوو بیری کفتەی شایی ئەکا
چونکە لەوە باشترى نەخواردووە. بە یەکێک ئەوترێ کە لە هێندێ کاتدا یادى هێندێ خواردەمەنى بکات.
زک تێشوو هەڵناگرێ
واتە زیاد لە سکى خۆت مەخۆ.
زگێکی تێر لە هەزار زگی برسی باشترە
واتە زیاد لە سکى خۆت مەخۆ.
زۆر بدە لە هەسان، منەتی دۆمەژن مەزان
وا بڵاوە کە ژنە دۆم چەقۆ باش تیژ ئەکەن. واتە خۆت چەقۆ بە هەسان تیژ بکەو زۆرى بساوەو منەتى کەس هەڵمەگرە.
زۆر بێ و بۆر بێ
بە یەکێک ئەوترێ بە تەوسەوە کە زۆر شتى مەبەست بێ، نەک باشى و چاکى.
زۆر وتن هەر قورئان خۆشە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر قسە بکات.
زۆر کاری گەورە پیاوی بچوک ئەیکا
کەواتە ئەندامى لیژنەو حیزب ئەوەندەى پێویستە بە پیاوى گەورەو دەستدار، ئەوەندەش پێویستە بە پیاوى بچوکى ئیشکەر.
زۆر کە هات قەواڵە بەتاڵە
چونکە تا قەواڵەى خۆى ئەخوێنێتەوە پێستى ئەکەنن.
زۆر کەم ژن ئەوەستێ بیر بکاتەوە، مەگەر لەبەر ئاوێنە
واتە ژن بیر لە هیچ ناکاتەوە، مەگەر لە جوانکردنى خۆى لەبەر ئاوێنە.
زۆردار ئاوی سەرەو ژوور ئەڕوا
چونکە کوتەکى ئاش ئەگێڕێ.
زۆردار هەمیشە ماڵوێرانە
چونکە هەرچى ئەکا هەر بە زۆرو ستەمە.
زۆردار ژنیشت بگێ، ئەبێ شوکرانە بژێر بی
ئەم پەندە لە مەعناى پەندى (دەستێک نەتوانم بیبڕم ماچى ئەکەم) دایە.
زۆرى پێیەو کەمى دەرئەخات
بە یەکێکى زیرەکى وریا ئەوترێ کە دانیشت لە کۆڕێکدا چەند قسەیەکى جوان بکات و ڕووى حازرى بکاتە خۆى.
زۆرەملێ ملشکانى لەدوایە
واتە تا ئەتوانیت زۆرەملێ مەکە لەگەڵ کەسدا.
زیرە بۆ کرمان ئەبا
کرمان: لە هەموو شوێنێک زیرەى زۆرترە. بە یەکێک ئەوترێ کە شتێک بەرێ بۆ یەکێک کە ئەو شتەى زۆربێ.
زیندوو کوژى مردوو پەرست
زۆر مردووى وا هەیە دواى مردنى بە پرسەو سێ ڕۆژانەو خەتمى تەهلیلە و گۆڕ هەڵبەستن و قەفەزى شیش لەسەر دروستکردن و بۆیەکارى و ڕازاندنەوەى، ئەوەندە پارەى تیا خەرج ئەکرێ ئەگەر نیوەى ئەوەى بۆ بدرایە بە دکتۆرو دەرمان لەوانەبوو کە نەمردایە. کەواتە ئێمە (زیندوو کوژى مردوو پەرستین).
زیندوو گێى مردوو پەرستە
واتە هیچى بۆ لەبەر ناکرێ.
زیندە بەڵا، مردە بەڵا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ژیانیا هەر خەم و خەفەت ببێ بۆت، لەدواى مردنیشى هەر مایەى دەردیسەرى بووبێ.
زێى لە زەمانە بڕیوە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو هیوایەکى لە خۆى بڕى بێ.
زێڕبوونە پولەکە، مێرد بوونە جوولەکە
ئەم پەندە ئەیەوێ چارەى دەردێکى کوشندەمان بۆ بکات، ئەویش ئەمەیە هەر کچێک هاتە سەر شووکردن، ئەوەى داواى ئەکات لە زێڕو ناومالأ و پەڵپ گرتن لە ماڵى مێردەکەى، تا ئەیخاتە سەر ساجى عەلى و هەرچییەکى ببێ هەمووى بە هیچە پێ خەرج ئەکەن. مێردى بەسەزمانیش وەک جووەکەى جاران ئەبێ هەر دەستى بە سنگییەوە بێ. لە پاش چەند ڕۆژێ کابرا تەماشا ئەکات وا هیچى بەدەستەوە نەماوە، بەڵکوو قەرزدارو ماڵوێرانیش ماوەتەوە. هەر لەبەر ئەمەیە کەوا گەنجە خوێندەوارەکانمان هەموو لە دەرەوە ژن ئەهێنن و سەر بە وڵاتەکەى خۆیاندا ناکەنەوە.
زەبوون عەزێت دان شێوەی نامەردییە
کەواتە سەگ لە نامەرد گەلێ مەردترە، چونکە تا زەلام بە پێوە بێ پێى ئەوەڕێ، کە لەگەڵ دانیشت ئیتر بەجێى دەهێڵێ.
زەخمیش ئەکا، تیماریش ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە دڵیش بشکێنێ و ئاشتیشى بکاتەوە.
زەر بۆ سەر خەزێنە ئەچێ
واتە پارە پارە ئەهێنێ.
زەردە زەوی، هەڵدەکەوی
واتە زەوى خراپ ڕێئەکەوێ، کە شتى باش بێنێ.