دەستیان لە دەستە، تۆیان مەبەستە
واتە ئەوان دەستیان داوەتە یەک بۆ ئەوەى تۆ بخەن.
دەستیش ئەوەشێنێ و هاواریش ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەل مەردوما باش نەبێ، کەچى کە یەکێک لەگەڵ ئەوا کارێکى خراپى کرد، یان ناوێکى برد دەست بکا بە بۆڵە بۆڵ.
دەستێ بۆ بەخشیش درێژ بکرێ، باشترە لە دەستێ بۆ وەرگرتن
دەستێ بۆ دزی و قنگێ بە حیزی فێر بووبێ، بە مردن نەبێ ڕزگاری نابێ
دەستێ شەرع بیبڕێ خوێنی نییە
چونکە لەسەر حەقە.
دەستێ کە شکا جێی خۆی ناگرێتەوە
واتە مەردوم تا ئەتوانێ نەیەڵێ نەنگ ڕووی تێبکات، چونکە ڕووى تێکرد ئەو کەسە نابێتەوە بە کەسەکەى جاران.
دەستێ کە فێربوو بە گەنەکاری، عاری نایەتۆ لە شەرمەزاری
واتە یەکێک کە فێرى بەدخوویى بوو، نەنگ و شەرمەزارى لەلا نامێنێ.
دەستێک بە تەنیا تەقەی نایەت
واتە چەپڵە بە دەستێک لێنادرێ.
دەستێک حاکم بیبڕێ، خوێنی نییە
چونکە لەسەر حەقەو فەرمانەکەى ڕەوایە.
دەستێک شکا ڕاست ناگیرێتەوە
واتە تا ئەتوانیت مەیەڵە شتى ناخۆش ڕووت تێبکات، چونکە ڕووى تێکردیت جێى ساڕێژ نابێتەوە.
دەستێک نەتوانم بیبڕم، ماچی ئەکەم
واتە مەردوم لە جیهانا ئەبێ ژیر بێ و بزانێ ئیدارە بکا.
دەستە چەورەکەی سوو بەسەر منا
بەیەکێکى ئەڵێیت کە تاوانەکەى خۆى بسەپێنێ بەسەر تۆدا.
دەستەشکێنم مەکە
بە یەکێک ئەوترێ کە بەڵێنێکى پێدابیت. واتە بەڵێنەکەت ببەرە سەر.
دەستەو ئەژنۆ دانیشت
واتە بەبێ کار.
دەستەچەورەکەی خۆت مەسوو بە سەر منا
بە یەکێک ئەڵێیت کە تاوانەکەى خۆى بسەپێنێ بەسەر تۆدا.
دەستەیەک ماڵ ئەکەن، دەستەیەک ماڵەکۆڵە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە کارێکى مناڵانەوە خەریک بێ. واتە هاوتەمەنى خۆت خەریکى ئیشى گەورەو پیاوانەن.
دەش فامێ، دەش گریە
بە یەکێک ئەوترێ بزانێ ئەو ئیشەى ئەیکا خراپە، کەچى بیشی کات، لە پاشا بشگرى بۆ کردنى.
دەعیەو دەماری نێرەکەر نایکێشێ
واتە زۆر بە دەعیەو دەمارە.
دەفری بێ سەرپۆش پووشی تێئەکەوێ
واتە هەموو شتێک دەبێ بە پێى خۆى پارێزگارى بکرێ.
دەفـێ دەنگ نادا
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەى نەبیسترێ و لەبەرئەوە بێدەنگ دانیشتبێ.
دەفە وانە، دەرحەق بە زەمانە
دەفە: تەختەیەکى پانە، جۆڵا لە کارکردنا تەنراوى پێ سفت ئەکا. دانە: شتێک واتە شانە، بەڵام گەورەتر و درێژترە، هەوداى ڕایەڵى تەنراوى پیا هاتوچۆ ئەکا، لە کاتى جۆڵاییدا. واتە باشى و خراپى دەفەو دانە بەپێى ڕۆژە.
دەم ئەخواو چاو شەرم ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بخوا لەسەر خوانى مەردوم، وە بەچاو شەرمیش بکا لە خانەخوێکەى.
دەم بووەستێ، سەر سەلامەتە
واتە هەرکەس ئاگاى لە دەمى خۆى نەبێ، سەرى تیا ئەچێ.
دەم تەڕی کاسە وشک
بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسەى هیچى نەهێشتبێتەوە، وەکى تریش هیچى لەبارا نەبێ.
دەمم نەبێ ها کەم، پێم نەبێ ڕاکەم، قوڕی کوێ بەسەرا کەم
یەکێک ئەیڵێ کە زۆر خەفەتبار بێ و نەشتوانێت سکاڵاى خۆى بکات.
دەمی بوو بە تاقی چرا
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى پێوترا دەمداچەقێنێ و بێ وەڵام بمێنێتەوە.
دەمی بوو بە تاقی چۆڵ
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى پێوترا دەمداچەقێنێ و بێ وەڵام بمێنێتەوە.
دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى پێوترا دەمداچەقێنێ و بێ وەڵام بمێنێتەوە.
دەمی بگریت بە قنگ قسە ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بڵێ بێت.
دەمی خەڵکی مشتی خۆم نییە بینووقێنم
واتە دەمى خەڵک بە من ناگیرێ.
دەمی دا بە یەکا
واتە مرد و گیانى دەرچوو.
دەمی سەگ بە تیکە ببەستە
واتە ئەو سواڵکەرە بێ شەرمە دەمدڕاوانە کە ئەیانەوێ هەر بە بێ حەیایى شتت لێبسێنن، تۆش بە تیکە دەمیان ببەستە.
دەمی لۆرک و پەنیرێ، پێچکم بە قوونی فەقیرێ
واتە کاتێک "لۆرک" و "پەنیر" زۆر ئەبێ لە بەهارانا، ئێمەمانان – کە ساڵ دوانزە مانگە خزمەتى ئاژەلأ ئەکەین بۆ ئەو ڕۆژە- لە خواردنیا مڕ ئەبین –هەژاریش کە بە تەمەڵى دائەنیشێ- دەمئەگرێ بە قوتەوە.
دەمی نایگاتێ، ئەڵێ سوێرە
بە یەکێک ئەوترێ دەستى نەگاتە شتێک، کەچى وا نیشان بدا کە ئەم خۆى نایەوێ.
دەمی پڕ لە خوێنە
بە یەکێک ئەوترێ کە تازە خۆشەویستێکى مردبێ.
دەمی چووە بە خوری خۆیا
واتە دەمى چۆتە کلیلە.
دەمی چۆتە کلیلە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەى بۆ نەکرێ، ئینجا لەبەر نەخۆشى بێ یان لەبەر شتێکیتر بێ.
دەمی چۆتە گوو چنینەوە
بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووى سوکییەوە کە زۆر لەڕ و لاواز بووبێ.
دەمی گۆ ناکا
واتە قسەى بە ڕەوانى بۆ ناکرێ.
دەمە چیت لێ کەمە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە وتنى قسەى باشا بەخیل بێ. واتە دەمەکە چیت لێ کەم ئەبێتەوە ئەگەر قسەیەکى باش بکەیت.