شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
دەست شکاو کاری پێ ئەکرێ، دڵشکاو کاری پێ ناکرێ
چونکە ئادەمى بە دڵەوە وێستاوە، کە دڵەکە شکا خۆشى پەکى ئەکەوێ.
دەست فرمان ئەکاو چاو ئەترسێ
بە یەکێک ئەوترێ بە دەست ئیش بکا، بەڵام لەبەر زۆرى ئیشەکەش –کە بە چاو ئەیبینێ- بترسێ.
دەست لە بانی دەست زۆرە
واتە لە ژوور هەموو خاوەن پیشەیەکەوە، یەکێکى وا هەیە کە گەلێ بەرزتر بێ لەو پیشەیەدا.
دەست لە دەست و قووەت لە خوا
لە کاتێکدا ئەیڵێیت کە دەست بدەیتە کارێکى گەورە و پشت ببەستیت بە خوا.
دەست لە هۆڕی پڕا ئەگێڕێتەوە
بە دەوڵەمەندێک ئەوترێ کە لە داراییەکەى بەشى هەژارى لێنەدا.
دەست لە گونان درێژترە
بە یەکێک ئەوترێ کە بۆ کارێک بچێ و هەروا بێتەوە.
دەست پان کەیتەوە لە پێ ئەکەوێت
واتە فێرى سواڵکردن ببیت لە ئیشکردن ئەکەویت.
دەستاوی بووکێ لە چاومان گیرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە خزمەتێکى بێنرخى خۆى بداتەوە بە چاوتا.
دەستت بە کەوگیربێ، چاوت لە فەقیربێ
واتە لە کاتى چێشت تێکردنا، ئەگەر هەژار هاتە بەر دەرگاکەت بێبەشى مەکە.
دەستت هەتا بە هەنگوینە دەیمژی، کە نەما دەیگەزی
واتە زۆر بێ وەفایە.
دەستخەڕۆ کردن، دوژمنی دێنێ
کەواتە تا ئەتوانیت کەس دەستخەڕۆ مەکە.
دەستخەڕۆت کردم، ڕەنجەڕۆم مەکە
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە بەڵێنێکى گرنگى پێدابێ و بۆى نەکردبێ. واتە ئەوەت بۆ نەکردم، یارمەتییەکى ترم بدە.
دەستخەڕۆکەر، لە ماڵ وێرانکەر خراپترە
چونکە یەکەم بە ناوى دۆستایەتییەوەیە، بەڵام دووەم دوژمنە.
دەستم لە سەنێرەو دەمم لە پەنێرە
سەنێر: شیاکەیە. یەکێک ئەیڵێ کە ئاژەڵدار بێ و هەمیشە دەستى لە شیاکەدا بێ. واتە هەرچەند هەمیشە دەستم لە شیاکەدایە، بەڵام هەمیشەش دەمم لە خواردنى پەنیرو ماستدایە.
دەستم لە هەویرەو هەر ئەوەنەم لە بیرە
ئەگێڕنەوە کە ژنێک بووە، زۆرى شوو کردبوو، ڕۆژێ هەویر ئەشێلێ، لێى ئەپرسن چەند شووت کردووە، ئەویش ئەڵێ: (پێنج و پێنج و پێنجى تریش، حەسەن بێڕیش، ئەوڵا قامیش، باوکى مناڵەکانیش)، ئینجا ئەڵێ: (دەستم لە هەویرە، هەر ئەوەندەم لەبیرە).
دەستم گرتووە بە کڵاوی خۆمەوە
کە با هات نەیبا. واتە تێکەڵى هیچ شتێک نابم.
دەستگیرانی کەس ناشرین نییە
واتە هەموو کەسێک کە شتێکى هەڵبژارد بەپێى ئارەزووى خۆیەتى، لە دڵى خۆیا پەسەندە.
دەستی ئەسپ درێژ بێ
بە تەوسەوە سوپاسى یەکێکى پێئەکەیت کە ناوى چاکەى خۆى ببات بە سەرتەوە.
دەستی بزنەکە بخەرە ناو کاسەکە
بزن کە سەر بڕا، پێستەکەى دەردێ و خۆش ئەکرێ بۆ ئاوتێکردن،، ئینجا لە دەمەکەیەوە ئاوى تێئەکرێ و بە بەنێکى ڕەش ئەبەسترێ، یەکێک لە دەستەکانى تەرخان ئەکرێ بۆ ئاو لێڕۆکردن، بە بەنى دەمەکەى ئەویش ئەبەسترێ، ئینجا هەر کەسێک تینووى بوو بەنى دەستەکەى ئەکاتەوە و لەوێوە ئاوەڕۆ ئەکرێ بۆ ناو کاسەکە. کەواتە کە وترا: (دەستى بزنە بخەرە ناو کاسەکە) واتە کاسەیەک ئاو بێنە.
دەستی بڕاوە لە هەموو لایێ، مەگەر دەست بگرێ بە گرۆکەمایێ
بە یەکێک ئەوترێ کە کەسى بەدەستەوە نەمابێ.
دەستی بڕیم
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیخفالى کردبێت.
دەستی بڵاوە
واتە هەرچى بێتە دەست خەرجى ئەکات.
دەستی بێگانە هەر بۆ ئەوە باشە کە ماری پێ بکوژیت
چونکە دڵسۆز نییە.
دەستی تەماع درێژە
یەکێک ئەیڵێ کە یەکێکیتر لە وەختى خواردنا شتێکى نێزیک بخاتەوە. واتە زەحمەت مەکێشە، خۆم دەستم ئەیگاتێ.
دەستی خۆی برد بە دەما
واتە پەشیمان بووەوە و پەنجەى خۆى گەست.
دەستی خۆی نییەو ماری پێ ئەگرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى گران بە یەکێک بکات.
دەستی خێری نایەسەر
بە یەکێک ئەوترێ بە تەوسەوە کە لەجیاتى ئەوەى قازانج بگەیەنێ بە یەکێک، زیانى پێبگەیەنێ.
دەستی خەڵکەو ماری پێ ئەگرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى گران بە یەکێک بکات.
دەستی دوانزە ئیمامی بڕیوە، بە شوێن چواردە مەعصوما ئەگەڕێ
دوانزە ئیمام لاى شیعە ئەمانەن (1) ئیمامى عەلى (2) حەسەن (3) حسێن، کوڕانى ئیمامى عەلى (4) عەلى کوڕى حسێن (5) محەمەدى کوڕى عەلى حسێن کە پێى ئەڵێن: باقر (6) جەعفەرى کوڕى محەمەدى کوڕى عەلى، کە پێى ئەڵێن: صادق (7) موساى کوڕى ئیمام جەعفەرى صادق کە پێى ئەڵێن: کازم (8) عەلى کوڕى مووساى کازم، کە پێى ئەڵێن عەلى ڕەزا (9) محەمەدى کوڕى عەلى کوڕى موساى کازم کە پێى ئەڵێن جەواد (10) عەلى کوڕى محەمەدى کوڕى عەلى کوڕى مووسا، کە پێى ئەڵێن هادى (11) حەسەنى کوڕى عەلى کوڕى محەمەد، کە پێى ئەڵێن عەسکەرى (12) ئەحمەدى کوڕى حەسەنى کوڕى عەلى، کە پێى ئەڵێن مەهدى. چواردە مەعصوم: ئەم دوانزەیەن لەگەڵ پێغەمبەرو فاتیمەدا.
دەستی شکاو جێی خۆی ناگرێتەوە
واتە هەرکەسێک شکا جێى خۆى ناگرێتەوە. کەواتە تا ئەتوانیت ئاگادارى خۆت بکە لە شکان.
دەستی شەیتان شکێ
یەکێک ئەیڵێ کە لە نەکردنى کارێک یا نەوتنى قسەیەک پەشیمان بێ. واتە دەستى شەیتان شکێ من ئەم هەڵەم بۆ لەکیس خۆم دا.
دەستی لێ بشۆ
واتە بەتەماى مەبە.
دەستی لە بنی هەمانەوە دەرچوو
بە یەکێک ئەوترێ کە هیچى بەدەستەوە نەمابێ و بێ دەستمایە مابێتەوە.
دەستی لە دنیا شتووە
واتە دەستى لە دنیا هەڵگرتووە.
دەستی لە هەموو بنچکان بڕاوە
واتە کەسى بە دەستەوە نەماوە.
دەستی ماندوو لەسەر سکی تێرە
چونکە ئیش ئەکاو پارە پەیدا ئەکا.
دەستی نایە ماڵی خۆی
واتە دەستى کرد بە خەرجکردن بە زۆرى.
دەستی وا لە کیشەی خەلیفەدا
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچى خەرج کا لە ماڵى یەکێکیتر بێ.
دەستی کرد بە زاخا
واتە دەستخەڕۆى کرد.
دەستی کەس پشتی کەس ناخورێنێ
واتە هەموو کەسێک ئەبێ خۆى خەمى خۆى بخوا.
43444546474849