دێلێ حیز، گۆڵێ گورگ خنکێنی لێ نابێ
واتە خێزانى حیز، پیاوى تیا هەڵناکەوێ.
دێو کەم بوو لە دێوەڵان، ئەوەش هاتە سەربانی کوندەڵان
یەکێک ئەیڵێ کە خۆى خێزانى زۆربێ و خزمێکى لێقەوماویشى بێتە سەر.
دێگۆنە چارە هاتە ڕوو، دەنکەهەنارەیان نایە پشت کەنوو
ئەگێڕنەوە کە پیاوێک ژنێکى ئەبێ و ئەمرێ، کچێکى زۆر جوانى لێئەبێ، ناوى (دەنکە هەنار) ئەبێ. لە پاشا کابرا ژنێکى تر دێنێ و کچێکى زۆر ناشرینى لێئەبێ، ناوى ئەنێن (دیگوونەچار). ئەم باوەژنە زۆر لەگەڵ دەنکە هەناردا خراپ ئەبێ. ڕۆژێک کوڕە دەوڵەمەندێک چاوى بە دەنکە هەنارە ئەکەوێ، زۆرى پێجوان ئەبێ و حەزى لێئەکات ئەنێرێ بۆ خوازبێنى و ئەیدەنێ، بەڵام شەوى گواستنەوەى باوەژنەکەى کچەکەى خۆى ئەکات بە بووک و بۆى ئەنێرێ و دەنکە هەنارە ئەشارێتەوە، کوڕەکە کە چاوى بە دیگوونەچار ئەکەوێ سەرسام ئەبێ و دەستى بۆ نابا، لە پاشا پێى ئەزانرێ. دیگوونەچار ئەنێرنەوە بۆ دایکى و دەنکە هەنار ئەبەن بۆ کوڕەکە. ئینجا بەم بۆنەیەوە ئەم پەندە وتراوە. ئێستا بە هەموو شتێکى جوان و باش ئەوترێ کە بگۆڕێ بە شتێکى ناشرینى خراپ.
دێگەڵەی نەدیوە چەند ماڵە
بە یەکێک ئەوترێ بە تەوسەوە کە خۆى هەڵبکاو واى نیشان بدا کە ئاگاى لێنییە.
دێڵە شرێ، مەکە تڕە تڕێ، ئەمیشت ئەبڕێ
بە ژنێکى ناکەس بەچە ئەوترێ کە لە ماڵى باوکى نان نەبووبێ بیخوات، ئێستا لە ماڵى مێردەکەى ناشکورى بکات.
دە بدە هەشت و بگرە مشت
واتە دەى قەرز بدەو بەهەشتى حازر.
دەردی جوانان، دڵۆپەی بانان
واتە نەخۆشى گەنج وەک دڵۆپەى بان زۆر زوو ئەوێستێتەوە و چاک ئەبێتەوە.
دەردی دڵ بۆ ژێر گڵ
یەکێک ئەیڵێ کە گرێیەک کە لە دڵیا بێ و نەتوانێ بیڵێت.
دەردی دڵت بە یەکێک بڵێ خەمخوارت بێ، ئەگینا پێت خۆش ئەبێ
دەردی سەعاتێک ئیش، خۆشی ساڵێک لەبیر ئەباتەوە
دەردەدار بە تا بە دەرمان بگەیت
واتە پێویستى ژیان ئادەمى ئەبا بۆ دۆزینەوەى دەرمان و داهێنانى هەزاران شت.
دەرزی لە چاوی خۆتا ببینە، ئینجا گاسن لە چاوی خەڵکا
بە یەکێک ئەوترێ کە نەنگى خەڵق ببینێ و نەنگى خۆى نەبینێ. واتە هەر دەمێک نەنگێکى بچوکى خۆتت دى ئینجا ناوى نەنگى مەردوم ببە.
دەرزی هەڵدەی، ناکەوێتە زەوی
واتە زۆر قەرەباڵغە.
دەرزییەک بکە بە خۆتا، ئینجا سوژنێک بکە بە خەڵکا
واتە هەرچى خۆت پێت گرانە، بزانە کە خەڵکیش پێى گرانە.
دەرمانی دوور شیفایە
چونکە بڕوای پێیەتى و بە شتێکى باشى ئەزانێ و لەم بیروباوەڕەى خۆى بەهرەمەند ئەبێ.
دەرمانی ڕا ڕەفتەنە، دەرمانی خەو خەفتنە
واتە کە لەسەر سەفەر بووى زوو بکەوەرە ڕێ، وە کە خەوت هات زوو بنوو.
دەروێش بە
بە یەکێک ئەوترێ کە پێت بڵێ: ئەم بەرگەى لەبەرتایە ناشرین، یا ئەم خواردنەى کە ئەیخۆیت ناخۆشە. واتە مەردم لە دنیادا ئەبێ بە هەموو شت قەناعەت بکات.
دەروێش دۆخواز بێ دۆ زۆرە
یەکێک ئەیڵێ کە شتێکى کەم نرخى نەبووبێ و پەیداى کردبێ.
دەروێشی بەسەر خۆشی
واتە هەژارى بە دڵخۆشییەوە خۆشە.
دەروەزە کیمیایە
دەروەزە: دەروازەیە. واتە هەڵوێستان لەبەر دەرگاى دەرەوە بۆ سواڵکرن کیمیایە، چونکە هەموو ڕۆژێ بەبێ دەستمایە شتى زۆر ئەهێنیتەوە.
دەرکراو کە دەستی ڕۆی، دەستی برا ئەشکێنێ
چوکە بە کۆنە قینەوە شەڕ ئەکا.
دەرگای خۆت داخەو سەگی دراوسێ بە دز مەکە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئاگادارى ماڵى خۆى ناکا تا ئەدزرێ، ئەو حەلە ئینجا ئەیهێنێ بەسەر ئەم و ئەوا.
دەرگای کەس مەتەقێنە، تا دەرگات نەتەقێنن
ئەمە باوێکى تێکڕاى خوایە لە جیهاندا، بە دەگمەنیش کەس لێى دەرنەچووەو دەرناچێ.
دەرگایەک لە فەقیر داخرێ، بۆ حەکیم ئەکرێتەوە
واتە یەکێک ماڵى خۆى لە هەژار بگێڕێتەوە، خواش لەوى ئەگێڕێتەوە، بەم ڕەنگە یا خۆى یا کەسێکى نەخۆش ئەخا، وە ئەوەى لە هەژارەکەى گێڕاوەتەوە بە یەک و دەوە، ئەبێ بیدا بە دەرمان و پزیشک.
دەرگەی بە چەپەرە، سەی حەوحەوکەرە
بە یەکێک ئەوترێ کە خانووى ڕێکوپێکى قاپى دارى ببێ.
دەریا بە دەمی سەگ پیس نابێ
واتە پیاوى گەورە بە قسەى ئەم و ئەو ناشکێ.
دەرەقەتی نایەو خەوی گولی پێوە ئەبینێ
بە یەکێک ئەوترێ کە دەرەقەتى یەکێک نەیەو نوقڵانەى خراپى بۆ لێبدا.
دەرەکی هات، بنەکی دەرکرد
یەکێک ئەیڵێ کە دەربەدەر ببێ لە جێگاو ڕێگاى خۆى بەهۆى یەکێکى دەرەکییەوە.
دەزووی وشک دانێتی
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچى لەبەرابێ تەڕ بووبێ.
دەست ئیش ئەکاو چاو ئەترسێ
بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ ئیشێک بکەیت و ئەو بترسێ.
دەست ئەکا بە دەمی سەگا
واتە زۆر بە جەربەزەو بێ حەیایە.
دەست ئەکا بە دەمی شێرا
واتە زۆر ئازایە.
دەست باڵای دەستە
واتە لە ژوور هەموو جۆرە کەسێکەوە کەسێکى بەرزتر هەیە.
دەست بخەرە دەمی ناتوانێ بیگەزێت
واتە زۆر بەسەزمان و گێلۆکەیە.
دەست بخەرە لاس، دەم بخەرە ماس
لاس: شیاکەیە. واتە تا ئاژەلأ بەرهەم نەهێنى، ماستت دەستناکەوێ بیخۆى.
دەست بدەرە دارێ، بکوژە مارێ
واتە هەرچى خراپ بوو سەرى پان بکەرەوە.
دەست بگرە بە کڵاوی خۆتەوە با نەیبا
واتە دەخڵت بەسەر هیچەوە نەبێ، بێدەنگ دانیشە.
دەست بڵاو بە پیر گەداییەوە ئەچێ
چونکە پاشەڕۆژى لەبیر نییە، ڕۆژێ ئەبێ کە هەژار بکەوێ.
دەست دەست ئەناسێ
واتە شتێکت کە لە یەکێک خواست ئەبێ بیدەیتەوە دەست خۆى.
دەست سپییە
واتە پیشەیەک نازانێ کە پێى بژى.