شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
دووگی خۆم خۆشبێ خانووم بۆ چییە
ئەمە لە زمانى مەڕەوە وتراوە. گوایە بە مەڕیان وتووە بۆ خانوویەک دروست ناکەى بۆ زستان، ئەویش واى وەڵام داوەتەوە.
دووگی چەور بێ بەڵا نییە
واتە هەر کەسێک داراییەکى ببێ، چاک وایە بەشى هەژارانى لێبدات، تا تەماعى تێنەکەن.
دووی لێدا
بە یەکێک ئەوترێ کە بمرێ یا زەرەرێکى وا بکات کە بە تەواوى بڕوخێ.
دوڕ دوڕ شێخ لەنگەر
بە کەسێک ئەوترێ کە قسەیەکى گرتبێ بە دەمەوەو هەرکەس کە قسەیەکى تر بکات خێرا بیباتەوە سەر ئەو باسە.
دوژمن بچوکیش بێ ئیشی زل ئەکا
واتە دوژمندار ئەبێ هەمیشە ئاگاى لە خۆى بێ.
دوژمن بکەیت بە دۆست، دۆست مەکە بە دوژمن
دوژمن قەت بە دۆست نابێ
دوژمن لە ماڵت نائومێد بێ
واتە لە ماڵتدا بە کامى خۆى نەگات.
دوژمن نینۆکی نەبێ خۆی پێ بخوورێنێ
دوژمن هێدی بکەرەوە، ئینجا تەپ بدە سەری
واتە لە ماڵتا بە کامى خۆى نەگات.
دوژمن هەر دوژمنە، با خۆیشی لە ئاوی زەمزەم هەڵێنێ
دوژمن کەریشی بگێیت هەرچاکە
واتە بە هەر ڕەنگێک دڵگیرى بکەیت، هەر باشە.
دوژمن یەک، دۆست هەزار
واتە تا دۆستت زۆرترو دوژمن کەمتر بێ باشترە.
دوژمنایەتی زانا، لە دۆستایەتی نەزان خۆشترە
چونکە دوژمنى زانا زیانیشت پێبگەیەنێ وات پێناگەیەنێ کە بزانیت لەوەوەیە، بەڵام دۆستى نەزان ڕووبەڕوو جووتەى وات لێئەدا حەوت پەراسووت ئەشکێنێ.
دوژمنی خۆی بە شەکر ئەخنکێنێ
بە یەکێکى ژیرو دانا ئەوترێ کە دوژمنى خۆى بە خزمەت و پیاوەتى بکوژێ.
دوژمنی دانا بوو بە دۆستم، چاوەڕێم کەی بکەوێ کۆستم
چونکە بە جۆرێکى وا ڕیشەى ژیانى ئەبڕێتەوە کە ئەم پێنەزانێت.
دوژمنی دانا لە دۆستی نادان باشترە
چونکە هەرچۆنێک بێت دانا بێ پەردە دوژمنایەتیت لەگەڵ ناکات، بەڵام دۆستى نادان هەر سات نا ساتێک لەسەر شتێکى هیچ و پووچ یەخەت ئەگرێ.
دوژمنێک زۆرە، سەد دۆست کەمە
واتە تا دۆستت زۆرترو دوژمن کەمتر بێ باشترە.
دوکانی بەکرو دوو قاڵب سابوون
بە شتێکى کەم و کوڕ ئەوترێ.
دوێ و پێر، ئەمڕۆت بە خێر
واتە ئەمە دوو ڕۆژە تۆ هاتوویت، کوێڕا وا هار بوویت؟!
دڕک بکێڵیت دڕک دێتە ڕێت
واتە ئەگەر خراپە بکەیت لەگەڵ مەردووم ئەوانیش خراپەت لەگەڵ ئەکەن، هەروەک چاکەیان لەگەڵ بکەیت چاکەت لەگەڵ ئەکەن.
دڕک بەو بچۆ بە چاوی دوژمنا
واتە لە هیچ گۆشەیەکەوە زەبوونى نیشان مەدە بەرامبەر بە دوژمن.
دڕک ترێ ناگرێ
واتە چاوەڕوانى شتى باش لە پیاوى خراپ مەکە.
دڵ ئاوێنەی دڵە
چونکە هەرچى بە دڵدا تێپەڕێت لە ڕووخساردا دەرکەوێت، وە بە چاوى دڵ ئەخوێنرێتەوە.
دڵ ئاگای لە دڵ
چونکە هەرچى بە دڵدا تێپەڕێت لە ڕووخساردا دەرکەوێت، وە بە چاوى دڵ ئەخوێنرێتەوە.
دڵ بە درۆ نابێ گڕۆ
گرۆ: هۆگر. واتە دڵبەخۆڕایى هۆگرى یەکێک نابێ.
دڵ بەرد نییە لە پەڕەی گوڵ ناسکترە
یەکێک ئەیڵێ کە بە قسەیەک، یا کردەوەیەک دڵى یەشا بێت.
دڵ تەماشای دڵ ئەکا
تەماشاى ڕاڤەى (دڵ لە دڵ ئەڕوانێ )بکە.
دڵ سفرە نییە بۆ هەموو کەسێک بکرێتەوە
واتە هەرچى لە دڵدا نابێ ناوترێ.
دڵ لە دڵ ئاگایە
واتە دڵ ئاگاى لە دڵە.
دڵ لە دڵ ئەڕوانێ
یەکێک بە یەکێکى ئەڵێ کە خۆشى بوێ، یا خۆشى نەوێ. واتە من خۆشم ئەوێ چونکە ئەویش منى خۆشئەوێ، یا خۆشم ناوێ چونکە ئەویش منى خۆشناوێ.
دڵ لە دڵ مەدە
واتە دڵنیابە.
دڵ مێشە لە گووش ئەنیشێ
بە پیاوێکى گەورە ئەوترێ کە حەزى لە ژنێکى پەستى هیچ و پووچ کردبێ.
دڵ و دڵخواز، ئەبێ بە نان و پیاز
واتە لەپاش ماوەیەک وەک نان و پیاز بێنرخ ئەبێ.
دڵ وەک شووشە وایە کە شکا ئەشکێ
واتە تا ئەتوانیت دڵى مەردووم ڕاگرە.
دڵ پیر نابێ، چاو تێر نابێ
واتە ئارەزووى مرۆڤ تا مردن هەر ئەمێنێ.
دڵم وەک گونی هەلاج لێئەدا
یەکێک ئەیڵێ کە لە ترسانا دڵى هەڵپەڕێ.
دڵم پڕیەتی، دەمم زەردوویەتی
یەکێک ئەیڵێ کە قسەى زۆر لە دڵیا بێ و نەتوانێ بیانڵێ.
دڵۆپە ئاسنیش کون ئەکا
چونکە بە پشووە. واتە هەر کارێک وابێ بێبەر نابێ.
دڵی دڵخوازو نان و پیاز
واتە لەگەڵ دڵخوازى خۆتدا بیت و نان و پیاو بخۆیت گەلێ خۆشترە لەوەى کە لەگەڵ دڵخوازدا نەبیت با هەزاران نازو نیعمەتیشت لەپێش بێ.
40414243444546