دایک و باوک لە قازییە، مناڵ لە وازییە
واتە منالأ ئاگاى لە ئاژاوەى باوک و دایک نییە.
دایک و باوک گوناه ئەکاو فەرزەند گیرۆدە ئەبێ
وایە زۆرجار فەرزەند بە گوناهى باوک، یا دایکییەوەى گیرۆدە ئەبێ.
دایکت بمرێ جافر، حەڵوا شیرین نەفس کافر
ئەگێڕنەوە کە ژنێک کوڕێکى ئەبێ ناوى جەعفەر ئەبێ، ڕۆژێک کوڕەکەى بە ئیش ئەچێتە دەرەوە، ئەو ڕۆژە حەڵواى شەکریان ئەبێ و هەموو بەشى خۆیان ئەخۆن، هەر بەشەکەى جافر ئەمێنێتەوە لە گوێ ئاگردانەکە، دایکى هەر ساتە نا ساتێک کەوچکێک لە بەشەکەى جافر ئەخوات، تا هیچى تیا نامێنێ، کە جافر دێتەوە داواى بەشەکەى ئەکات، دایکى ئەڵێ: (دایکت بمرێ جافر، حەڵوا شیرین، نەفس کافر).
دایکم وەوی، باوکم وەوی، ئەگەیتەجێ بۆم ئەکەی دارێکی قەوی
وەوى: ژنى کوڕەکە پێى ئەڵێن: بووک خەسوو بە بووکى خۆى ئەڵێ پێش گواستنەوەى.
دایکی بووکیچ ئەکورکێنێ، چەکمە ڕەقە ئەخوسێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە خوا دەروویەکى لێکردبێتەوە، وە لە خۆشیانا ئەوەندە بگرى بە فرمێسکەکەى چەکمەیەکى کۆنى پێ بخوسێتەوە.
دایکی بووکێ شەقییە، ئەگەر بتڕێ حەقییە
واتە ئەوەندە ماندووە، زۆر لە ئازارو سزادایە.
دایکی دایکم چارۆ کەماوی، دەستە چەورەکەت بە منا ئەساوی
بە یەکێکى ئەڵێیت کە نەنگێکى خۆى بێنێ بەسەر تۆدا.
دایکی دز یا سنگ ئەخوا، یا سنگ ئەکوتێ
واتە یا سنگى مریشک و قەلى دزراوە ئەخوا، یا کوڕەکەى لە دزیدا ئەکوژرێ و لە سنگى خۆى ئەدا. مەبەست ئەوەیە هەرکەسێ ڕێگاى مەترسى بگرێ هێندێ جار سەر ئەکەوێ و هێندێ جار تووش ئەبێ.
دایکی مناڵان ئەخوا نان و چنگاڵان
دایک کە مناڵى زۆرى بوو، هەر یەکێکیان داواى جۆرە خواردنێک ئەکاو وڕک بۆ شتێک ئەگرێ، دایکەکەیش بە ناچارى بۆیان ئەکا، ئەو حەلە خۆشى تێریان لێ ئەخوا.
دایکی کراس ڕەش نەمردووە
ئەبێ یەکێک حەزى لە کچێک کردبێ و داواى کردبێ، ئەو کچەش دایکێکى کراس ڕەش یان شینى بووبێ و تەگەرەى تێخستبێ، هەرکەسێک تەگەرە بخاتە کارێکى خێرەوە یەکێک لەم دوو پەندەى بۆ ئەخوێنرێتەوە.
دایکی کراس کەوە نەبڕاوە
ئەبێ یەکێک حەزى لە کچێک کردبێ و داواى کردبێ، ئەو کچەش دایکێکى کراس ڕەش یا شینى بووبێ و تەگەرەى تێخستبێ، هەرکەسێک تەگەرە بخاتە کارێکى خێرەوە یەکێک لەم دوو پەندەى بۆ ئەخوێنرێتەوە.
دایە ببینە، دوێتە بخوازە
دوێت: کچە. واتە کە دایک ژیر بوو، کچەکەشى ژیر ئەبێ، ئەو حەلە بیخوازە.
دایە بمەردەو باوە بوازە، بۆخۆت بگەڕێ قەلەندەر خاسە
واتە دایک بمرێ و باوک با بڕوا بۆ گەڕانى خۆى، ئەو حەلە تۆش بە ئارەزووى خۆت بگەڕێ، منالێکى سەر بە دەرەەى تێنەگەیشتوو وا ئەڵێ کە پەروەردەى باوک پەسەند نەکا و حەزى لە بەر بەرەڵڵایى بێ.
دایە نەمەندەن، بابەت نەباسا، بۆخۆت بگەڕێ قەلەندەر ئاسا
تەماشاى پەندى 59 بکە.
دایە! تا تۆ ئامۆژگاری منت کرد، سەدو سی مێشم بە گونی کەرەکەوە ژمارد
ئەگێڕنەوە کە دایکێک ئامۆژگارى کوڕێکى خۆى کردووە، لە پاشا ئەمیش واى پێوتووە، ئینجا ئێستا بە یەکێک ئەوترێ کە ئامۆژگارى وەرنەگرێ.
دایەن لە حاڵی مناڵ بەڵەدە
واتە مەردوم کاتێک شارەزاى سروشتى یەکێک ئەبێ، کە ماوەیەکى زۆر لەگەڵیا هەڵسابێ و دانیشتبێ.
ددان لە سنگی هاتیە
بە یەکێکى فێڵبازى زۆرزان ئەوترێ.
ددانی خۆی خۆش ئەوێ و نانی پێ ناخوات
بە یەکێک ئەوترێ کە ماڵى خۆى بەدەما نەچێ.
دراوسێ لە دراوسێ ئەگرێ سەراسێ
سەراسێ: خووە، واتە فێرى خووى یەکترى ئەبن.
درای مەزن نابێتە گۆپاڵ
گۆپالأ: گۆچانى ئەستوورە، واتە دار بە گەورەیى ناچەمێتەوە.
درۆ بێدەسەڵاتە هەموو کەس پێی ئەوێرێ
مەرد نەبێ.
درۆ بە دڵ ناچێ
چونکە هەر لە پێشەوە دیارە کە درۆیە.
درۆ فەقیرە
تەماشاى پەندى دواى ئەم پەندە بکە.
درۆ لە دوای مردن ئەکرێ
بە یەکێکى ئەڵێیت کە درۆیەکى بە دەمتەوە کردبێ هیچ نەترسا بێ لەوەى کە ڕۆژێ چاوى پێتکەوێتەوەو درۆکەى دەرکەوێ.
درۆ ماوەی کورتە
واتە زوو دەرئەکەوێ.
درۆ مەنزڵی کۆتایە
واتە کەم بڕ ئەکات.
درۆ ناچێتە دڵەوە
چونکە بە سەرو گوێلاکیا دیارە کە درۆیە.
درۆ نە فەرزەو نە سوننەت
واتە بۆپى ئەم خەڵکە وا شێتگیرن لەسەرى.
درۆ هێشتا لە دەم دەرنەچووە لۆقە ئەکات
بە درۆیەک ئەوترێ کە زۆر ناقۆڵاو نالەبار بێ هەر لە سەرەتاوە دەرکەوێ کە درۆیە.
درۆ کەری فەقیرە
واتە درۆ کەرێکى هەژارە هەموو کەسێک سوارى ئەبێ، یا درۆ کەرى مەردومى هەژارە. واتە یەکێک سوارى ئەبێ کە هەژار بێ لە ژیرى و بیرا.
درۆ گوێرەکە نییە بە دوای ئادەمیدا بقۆڕێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە حاشا لە درۆیەکى خۆى بکات.
درۆزن ئاگر لە ماڵیشی بەرببێ، کەس باوەڕی پێناکا
ئەمە بچوکترین سزاى درۆزنە لە جیهاندا، ئینجا ئەبێ سزاى ڕۆژى دوایى چى بێ.
درۆزن دوژمنی خوایە
لەبەر ئەوە قورئان لە 373 شوێن ناوى درۆ ئەبا، وە جڵەوگیرى لێئەکات، کە یەکێک لەو ئایەتانە ئەفەرموێ: [فنجعل لعنە الله على الکاژبین].
درۆزن شتی لەبیر نامێنێ
چونکە لە خۆیەوە شت هەڵئەبەستێ و هیچى ڕووینەداوە تا لەبیرى بمێنێ.
درۆزن هەر جارێک ناشتا ئەکا
واتە هەرجارێک پێى باوەڕ ئەکەن.
درۆزن کەم هۆشە
واتە ئەمەندە درۆ ئەکات ئاگاى لە درۆکانى خۆى نامێنێ.
درێژ دەڕواو کورت دێتەوە
بە یەکێکى بێ بڕشت ئەوترێ کە دواى هەر کارێک بکەوێ لەمسەوە بە هیواوە بڕواو لەوسەرەوە بێ هیوا بگەڕێتەوە.
درەخت لە پێشا ناوکەکەیە
واتە هەموو شتێک لە سەرەتاوە بچووکەو بەرە بەرە گەورە ئەبێ.
دز ئەوەندەی ستەمە کەلەبەر ڕەشکا
دواى ئەوە ئیتر سامى ئەشکێ. واتە هەموو گوناهێک تا جارێک ئەیکەیت سامى هەیە، دواى ئەوە سام ئەشکێ. ئینجا پیاوى ژیر ئەوەیە ئەو سامەى کە خوا دایناوە لەسەر هەموو گوناهێک نەیشکێنێ.