شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
خەرمان کوتاندن کارى بزن نییە
واتە فرمانى قورس و گرانە، بە هەموو کەسێک ناکرێ.
خەرگەل، شێخ گەل، شێخ گەل، خەرگەل
خەزێم بوو بە بڕنووتى، هەموو فڵقێک کردیە لووتى
خەزێم: بە حەلقەیەکى زێڕ ئەڵێن کە جاران ژنانى ماقولأ و دەوڵەمەند ئەیانکردە لووتیان. بە یەکێکى هەژار ئەوترێ کە چاو لە ژنى پیاوێکى گەورە بکات، وە بۆ فیزو دەمار ئەمیش وەک ئەوى شتى قورس و گران بکات بەخۆیا.
خەزێنە هەمیشە لە وێرانەدا شاراوەتەوە
زۆرتر بە کچێکى جوانى ڕیًکوپێک ئەوترێ کە لە ماڵێکى هەژاردا بدۆزرێتەوە.
خەسوو بە دوو جووت گایە
واتە بەقەد دوو جووت گا خێرو بێرى هەیە بۆ زاواکەى لەبەرخاترى کچەکەى.
خەسوو لەگەڵ تۆمە، بووکێ تۆ گوێت لێبێ
لە کاتێکدا ئەوترێ کە لەگەڵ یەکێکا قسە بکەیت و مەبەستت یەکێکیتر بێ.
خەلە فرۆش هەواڵى مەن ئەپرسێ
واتە هەر کەسە هەواڵى ئەو شتە ئەپرسێ کە خۆى پێویستێتى.
خەلەى خۆم و گەلەى خۆم
واتە دەخڵم بەسەر کەسەوە نییە.
خەمان لە خۆت مەکە بار، دەنا دوو گونت پێدا دێنێتە خوار
خەمى ئەوەم نییە ئاو بردوویەتى، خەمى ئەوەمە کلکى قنجە
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک ئاو ئەیبا، دەست بەرزئەکاتەوە تا فریاى کەون، هاوڕێکەى وا ئەزانێ کلکى لێڕواوە. ئێستا بە یەکێک ئەوترێ کە لەپێناوى شتێکى سووکا لەناوبچێ. واتە خەفەتى لەناوچوونى ناخۆم، بەڵکوو خەفەتى ئەوە ئەخۆم کە ناوێکى سووکى کەوتۆتە دوا.
خەمى نان بخۆ، خەربزە ئاوە
خەربزە: بە فارسى کاڵەکە. بە یەکێک ئەوترێ کە شتى هیچ و پووچ بکڕێ و شتى گرنگیش هیچ.
خەنجەر لە کا ئەدا
بە یەکێک ئەوترێ کە بەبێ پارێز دەست بووەشێنێ، یا پارە خەرج بکات.
خەنجەرى بێ کالان، لەش بریندار ناکا
خەنجەرى دەبان لە کێلانا ناوەستێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هونەرێکى ببێ و لەپڕ دەریخات.
خەنجەرى لێدەیت خوێنى لێنایەت
واتە زۆر ڕقى هەستاوە.
خەنە کە زۆر بوو، لە گونان ئەگیرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستبڵاوى بکا لە شتێکى زۆرا.
خەو براى مەرگە
واتە نوستوو، نە دەسەڵاتى هیچى هەیە، وە نە ئاگاى لە هیچە.
خەوى ئاشەو پاشە، بە خەربوونەوە لەسەر دەرناچێ
یەکێک ئەیڵێ کە ماوەیەکى زۆر لە ژێر بارى زۆرو ستەم و دەستدرێژیدا بێ، لە پاشا کە ئەو زۆر و ستەمەش نەمێنێ، ئەو کەسە هەر بیرى ناچێتەوە,
خەوى شەو شەرمەزارى ڕۆژە
لە شوێنێک وایە کە نائەمینى ببێ، وە بە شەو لەگەڵ نووستیت ماڵەکەت تاڵان بکەن.
خەوى نایەو بیانووى کێچە
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى بەسەرەوە بێ نەیکا، وە بیانوویەکى بۆ بێنێتەوە کە تەواو نەبێ.
خەڵاتەکەى خاڵە بەگە
بە یەکێک ئەوترێ کە خەڵاتێک بدا بە یەکێک و لێى بسێنێتەوە.
خەڵوەش ئەکێشێ و بەنگیش ئەکێشێ
خەڵوەکێشان: چوونە ناو ژوورێکى پەناو خەریک بوونە بە تەنها بە خواپەرستییەوە، لەگەڵ بەڕۆژووبوون و کەم خواردنا.
خەڵکى بلاوێنێ قۆچکە بەسەرێ، ئێمەش بلاوێنین هۆڵى کەرێ
ژنێکى بێ منالأ ئەیڵێ بە خۆى.
خەڵکى کاغەزى سپى ئەخوێنێتەوە
واتە ئاگاتان لە خۆتان بێ، بزانن چى ئەڵێن و چى ئەکەن.
خەیارە، لە گۆفکى را دیارە
خەیاڵ پڵاوە
بە قسەیەک ئەوترێ کە زۆر گەورەو بێ جێبێ و بێئەنجام بێ.
داد لە دەست کەپەنەکە بۆر، ماڵ لە خاوەن ماڵ ئەسێنێ بە زۆر
کەپەنەک: فەرەنجییە. بە مەردومى زۆردارى ستەمکار ئەوترێ.
دار ئەڵێ: ئەگەر تەور کلکی لە خۆم نەبوایە، نەی ئەبڕیمەوە
واتە ئەگەر خزم و خوێش یارمەتى دوژمن نەدەن، دوژمن بەکامى خۆى ناگات.
دار بە بەرەکەی ئەناسرێ
واتە مرۆڤ بە بەرهەمى ئەندازەى پیاوەتى دەرئەکەوێ.
دار بە پوازی خۆی ئەقڵیشێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بەهۆى خزمێکى خۆیەوە دوژمن زەفەرى پێبەرێ.
دار بە کونی زەردەواڵەدا ئەکا
واتە ئاژاوە ئەنێتەوەو فیتنە بەرپا ئەکات.
دار بە گەورەیی ناچەمێتەوە
واتە پەروەردەى منالأ ئەبێ لە مناڵییەوە بێ، نەک دواى گەورەیى.
دار دەستێتی
تەماشاى ڕاڤەى پەندى بیست و شەش بکە.
دار لە شوێنی خۆی راقەنێ هیشک ئەبێ
واتە هەموو شتێک کە لە شوێنى خۆى جوڵاو لەق بوو لەناوئەچێ.
دار لەگەڵ تۆمە، دیوار گوێت لێبێ
تەماشاى پەندى (بووکێ لەگەڵ تۆمە، خەسوو گوێت لێبێ) بکە.
دار نییە نەهەژابێ، کچ نییە نەگەوزابێ
چونکە هەردووکیان بەرى خۆشیان هەیە، بۆ چنینى هەر ئەبێ پیایاندا هەڵگەڕێت.
دار نەبێ، ڕژوو لە کوێ ئەبێ
بە شتێک ئەوترێ خۆى نەبێ و داواى بەروبوومى بکرێ.
دار نەرم بێ، کرم ئەیخوا
واتە مەردوم نابێ ئەوەندە نەرم و شل و بێ تەماعى تێبکرێ.
دار هەڵبڕە، سەگی دز دیارە
واتە مەردومى ناپاک زۆر ترسنۆکەو زوو بە زوو دەرئەکەوێ.
دار و دیوار گوێی هەیە
واتە بە ئەسپایى قسە بکە، هەمیشە ئاگات لە قسەى خۆت بێ.
35363738394041