خۆ نانم بەسەر ساجەوە نەسووتاوە
واتە پەلەم نییە.
خۆت بکوژی بۆ بۆرە پیاو، ئەڵێ بە دەردی خوا مرد
بەڵام کە وەجاخزادە بوو دواى مردنیشت پاداشتت ئەداتەوەو خێرت بۆ ئەکات.
خۆت بکە تێرە، بە من مەکە خێرە
بە یەکێک ئەوترێ کە ماڵى خۆى بەدەمیا نەچێ، کەچى بە هاشەو هووشەش بەڵێنى پیاوەتى بە مەردووم بدات.
خۆت سەری خۆت نەخورێنیت، بە کەس ناخورێت
واتە هەرکەسێ ئەبێ خۆى خەمى خۆى بخوات.
خۆت لە دەست چوویت، خوا عەقڵ بە مناڵت بدا
بە یەکێک ئەوترێت کە لە قسەیەکدا پلارێکت تێبگرێ. واتە خۆت بە بێعەقڵیى بردتە سەر، خوا عەقلأ بە مناڵەکەت بدات.
خۆت مەکوتە جەوتە
تەماشاى ڕاڤەى (مەیکوتە جەوتە) بکە.
خۆت مەکە بە مەقاش
تا ئاگرت پێخۆشکەن، یا ئاگرت پێهەڵگرن.
خۆت هەڵتڕێنە، بارت سەنگینە
خۆرەتاوی قەراغ بان، دەوامی نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ئاخرو ئۆخرى ئیشێکدا پیابگات.
خۆشت بێ و ترشت بێ، ئەبێ وابێ
واتە ڕازى بێ و ڕازى نەبێ، ئەبێ ئەو کارە وابێ.
خۆشی بنۆشی، ئەبێ تاڵی قبووڵ بکەی
دڵخۆشى یەکێکى پێئەدرێتەوە کە لەدواى خۆشییەک تووشى ناخۆشى بووبێ.
خۆشە ئاگر، خۆشە دوو، برا خاسە نەوەک شوو
تەماشاى ڕاڤەى پەندى (نە ئاگر و نەدوو، هیچى نابێ بە شوو) بکە.
خۆشەویستی دوورو نزیکی بۆ نییە
واتە یەکێکت خۆشویست هەر خۆشتئەوێ با دووریش بکەوێتەوە.
خۆم و دارێ، وام لە شارێ
یەکێک ئەیڵێ کە ئەرکى کەسى بەسەرەوە نەبێ و هەر خۆى و دارودەستەکەى بێ، لە هەر لایەک دانیشێ دانیشێ.
خۆپەسەندی، مایەی ڕیسواییە
واتە تا ئەتوانیت لەناو خەڵکدا خۆت پەسەند مەکە.
خۆڵ بەسەر شاری بێ حاکم
چونکە هەموو ستەمێکى تیا ئەکرێ.
خۆڵ لە خۆلگای گەورە ئەپێورێ
واتە هەروەک گلأ لە گڵنجانى گەورە ئەبرێ، مەردومیش تا نزیکى ماڵى گەورەو خانەوادەى گەورە بێ، بەهرەمەند ئەبێ.
خۆڵی بەر کوانووی خۆت بخۆیت، لە پڵاوی بێگانە چاکترە
ئافەرین پێشینانى بەڕێز بۆ خۆتان و ئامۆژگارى بەرزتان.
خۆڵی خۆت مەدە بە پوولی خەڵک
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ زەمینێکى خۆى بفرۆشێ.
خۆڵی لە دۆشاوی خۆی کرد
واتە بە دەستى خۆى ماڵى خۆى وێران کرد.
خۆی بە گورگان خواردن دا
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى بە دەستى خۆى تووشى بەڵایەکى زۆر گەورە بکات.
خۆی خستۆتە ساجی عەلی
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچییەکى بووبێ لە بەردى دابێ.
خۆی لێرەیە، کلکی لە بەغدا تۆز ئەکا
بە یەکێکى بزێوى ناڕەحەت ئەوترێ کە هەمیشە هەر ئاژاوە بنێتەوە.
خۆی لێکردووین بە بوخچەی پەڕۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە سەرمانا بەرگى چڵکن و دڕاوى زۆرى لەبەر کردبێ.
خۆی لێکردووین بە هەناری شیرین
واتە خۆى خۆشەویست کردووە.
خۆی لێکردووین بە هەنگوینی شەمەتلێنکە
واتە زۆر خۆى خۆشەویست کردووە.
خۆی مامرە هێلکەی قاز ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لاسایى لە خۆى گەورەتر بکاتەوە، کە ئاخرییەکەى قنگى ئەدڕێ.
خۆی نایکا، خوا بۆی ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە خوا کارى باشى بۆ بکات بێ ئەوەى خۆى هەوڵى بۆ بدات.
خۆی ڕیشی نییەو بە کۆستە پێئەکەنێ
واتە مەردوم خۆى کە عەیبێکى تیابوو ئیتر نابێ ئەو عەیبە لە یەکێکیتر بدرێ.
خۆی گەیاندە حاڵی جاو
واتە خۆى خستە حاڵى گیانەڵا.
خێر بۆ خوێش، نەک بۆ دەروێش
واتە تا خزمى هەژارى خۆت وێستابێ، خێرت بەکەسیتر ناشێ.
خێر بێ و بێر بێ، بەسەرتا بڕژێ
لە کاتێکدا ئەوترێ کە باسى خێرو بێرێک بکرێ.
خێڵەو خوارو خێڵە و ژوور، بزنە بەلەو جاجمە سوور
واتە هیچى نییە، بزنە بەلێک و جاجمە سورێک نەبێ.
خەبەر بدەن بە هێز نەجرت کارەکەر کارەکەرى گرت
هێز نەجرت: یەزدى جورد یەزدى گوردە، کە یەکێکە لە شاکانى زنجیرەى ساسانى، کە لەپێش ئیسلاما ئێران و عێراق و کوردستانیان حوکم کردووە. واتە دنیا پڕ بووە لە شتى سەیر و مەردومى بوودەڵەى بێ ناونیشان هاتوونەتە پێشەوە.
خەتا من چییە بەختەکەم ڕەشە، کۆچم ئاوێتەى کۆچى سەگ وەڕە
یەکێک ئەیڵێ کە تووشى بووبێ بە تووشى چەند کەسێکى زۆر بڵێى هەڵەوەڕەوە.
خەتە سوورێ، لە خۆم دورێ
یەکێک ئەیڵێ کە خەمى مەردومى نەبێ، بەڵکوو هەر خەمى خۆى بێ.
خەتەنە سوننەتە، نەک لە بنا
واتە لە چاکەشا نابێ مەردوم پێى لێهەڵبڕێ.
خەر بەستە، خاوەن ڕەستە
خەر: کەرە، واتە ئەوى کەرى بەستەوە بێغائلە ئەبێ. بە یەکێک ئەوترێ کە بنج و بناوانى کارى خۆى ببەستێ.
خەر وەتڕین لە چنگ گورگ ڕزگارى نابێ
بە ستەملێکراوێک ئەوترێ کە زاکوزووکى بێ بەدەست زۆردارێکى ستەمکارەوە.