خوا یار بێ با شیرت دار بێ
واتە کە خوا یارمەتیدەرت بوو، دوژمنت هەزار بێ یا شیرەکەى دەستت دار بێ، مەترسە.
خوا یار بێ، با دوژمن هەزار بێ
واتە کە خوا یارمەتیدەرت بوو، دوژمنت هەزار بێ یا شیرەکەى دەستت دار بێ، مەترسە.
خوار دانیشە، ڕاست بڵێ
واتە خوار دانیشیت و ڕێک و ڕەوان قسە بکەیت باشترە لەوەى ڕێک دانیشێت و خواروخێچ بدوێیت.
خواردن ئاگاى لە برا نییە
واتە مەردومى برسى کە خواردنیان بۆ دانا ئاگاى لە برا نامێنێ.
خواردن قابیلى هەموو کەسە، جلک قابیلى هەموو کەس نییە
چونکە هێندێک کەس بەرگى لێنایەت.
خواردن گەندو گووە، شتن ڕەنگ و ڕووە
بە یەکێکى پۆخڵى چڵێس ئەوترێ کە هەر خواردنى مەبەست بێ، نەک پاک و تەمیزى.
خواردى تیکە و کردى فیکە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شوێنێک بەهرەیەک وەرگرێ، دواى ئەوە زوو بە زوو بڕواو ئەو شوێنە بەجێبهێڵێ.
خواردى تێرە، وتى سوێرە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەدواى خواردنى شتێک بە تێرو پڕى، ئینجا نەنگى لێبدۆزێتەوە.
خوازبێنیکەر نەزەر بێ، ناو گوڵانەکەى گێزەر بێ، ئاخۆ ئەو شاییە چۆن بێ
بە خوازبێنییەک ئەوترێ کە خوازبێنیکەرەکەى یەکێکى بێ نموود بێ، وە گوڵاڵانەکەشى شتێکى بێنرخ بێ.
خواشى ئەوێ و خورماشى ئەوێ
خوا: خوێیە، دیارە کە خوێ و خورما بەیەکەوە ناخورێ. بەیەکێک ئەوترێ کە دوو شتى وا داوا بکات کە هەرگیز کۆنەبنەوە.
خوام لێ لارەو بەندەم لێ بێزارە
یەکێک ئەیڵێ کە لاى خواش و لەلاى بەندەش ڕووڕەش بێ
خواى قولى، ناى لە ملى
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆرو ستەمێکى لە یەکێک کردبێ و ئێستا خوا پێى نواندبێ.
خواى گەرمیان و کوێستان هەر یەکێکە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر کوڕى ڕۆژى خۆى بیەوێ شوێنێک بەجێ بهێڵێ و بچێت بۆ شوێنێکیتر.
خوردەماڵ، مەندە میرات
واتە هەرچى بخۆیت ئەوە ماڵى خۆتە، وەهەرچیش بمێنێتەوە ئەبێ بە ماڵى میراتگر.
خورماش لە بەغدا زۆرە
تەماشاى ڕاڤەى پەندەى (پەمووش لە شارەزوور زۆرە) بکە.
خورماى بابى یان داوەتێ
بە یەکێک ئەوترێ کە دەست لە بیروباوەڕێکى هیچ و پووچ هەڵنەگرێ.
خوشک و برا شەڕیانە لەسەر دەنکە زەنگیانە
بە دوو کەس ئەوترێ کە لەسەر شتێکى هیچ و پووچ بچن بەگژ یەکا.
خوشکەکەت لە خۆراسان تڕى، نانەکەت لێرە بوو بەجۆ
ئەگێڕنەوە کە ژنێک دۆستێکى ئەبێ، مێردەکەى کە ئاردى گەنمى بۆ ئەکڕێ هەموو جارێ ئەیکا بە نان و کولێرە چەورە بۆ خۆى و دۆستەکەى. لە ئاردى جۆ نان ئەکات بۆ مێردەکەى. هەموو جارێ مێردەکەى پێى ئەڵێ: ئافرەت من هەر ئاردى گەنم ئەکڕم و تۆ هەر نانى جۆم دەرخوارد ئەدەى. ئەویش ئەڵێ من بڵێم چى، قەباحەتى خوشکەکەتە، چونکە هەرچەند ئەو ئەتڕێ لە خۆراسان نانەکەى تۆ لێرە ئەبێ بە جۆ. کابرا لەبەر ساویلکەیى خۆى بڕوا ئەکاو ئەچێ بۆ سەر خوشکەکەى لە خۆراسان و تێرو پڕى تێهەڵئەدا. کە خوشکەکەى لێى ئەپرسێ بۆ لێم ئەدەى؟ ئەڵێ تۆ بۆچى ئەوەندە ئەتڕیت، هەموو جارێ نانەکەى ئێمە ئەکەیت بە جۆ. خوشکەکەى تێئەگا مەسەلە چییە، ناچار بە براکەى ئەڵێ: برالە وا نییە کە حاڵى کراویت. ببێت و نەبێ ئەم ژنى تۆیە دۆستى هەیە. نانە گەنمەکەى تۆ دەرخواردى ئەو ئەدا، بچۆرەوە خۆتیان لێ مات بدەو لە ناوەختدا بچۆرە ژوورەوە بزانە چى ئەبینیت. کە ئەچێتەوە تەماشا ئەکا ڕاستەو خوشکەکەى چى پێوتووە وایە. ئێستە ئەمە بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى ناپەسەندى وا بکات.
خولیا سەرمایەى موفلیسە
چونکە هیچى نییە پێوەى خەریک بێ، خولیا نەبێ.
خونچەى ئازادى بە خوێن ئەگەشێتەوە
چونکە ئازادى و سەربەخۆیى هەر بە خوێن سەندراوە.
خوو بزە لە بابت کەوێ، نەهێڵێ چکێک لە عەردى کەوێ
خوبزە: نۆکەرى ناوماڵە. بە یەکێک ئەوترێ کە خواردنێکى بۆ دانرا هیچى لێنەمێنێتەوە، یان خێروبێرێکى کەوتە ژێر دەست هیچى لەدەست هەڵنەوەڕێ.
خووم شێواوە
لە کاتێکدا ئەوترێ کە ئاژاوە بێ و دنیا تێکچووبێ.
خووى ئەوى گرتووەو بۆنى ئەو ئەدا
بە یەکێک ئەوترێ کە چاو لە یەکێک بکاو بیەوێ بچێتە سەر ڕەوشت و خووى ئەو.
خووى شیری، هەتا پیرى
کەواتە تا ئەتوانن خووى جوان فێرى مناڵتان بکەن.
خوویەک بە شیری، مەگەر بمیرى
کەواتە تا ئەتوانن خووى جوان فێرى مناڵتان بکەن.
خوویەک گیرا بە شیری، تەرک ناکرێ بە پیرى
کەواتە تا ئەتوانن خووى جوان فێرى مناڵتان بکەن.
خوویەکى گرت بە شیری، تەرکى ناکا بە پیرى
کەواتە تا ئەتوانن خووى جوان فێرى مناڵتان بکەن.
خوێناوى بخواتەوە ئۆخەى ناکات
واتە زۆرى ڕق لێیە.
خوێنى بۆ گەڕى ئەشێ
بە یەکێکى چەتڵەمەزى پیسى بۆگەنى نالەبار ئەوترێ. واتە خوێنى زۆر پیسەو پیسى بە پیسییەوە ئەڕوا.
خوێنی کردە کاسەوە
واتە زۆر قسەى خراپى دەربارە کرد.
خڕو مڕ بێ، هەر کۆڵەکەى پڕ بێ
بە یەکێکى تەمەعارى دنیاپەرست ئەوترێ کە هیچ کەسێکى مەبەست نەبێ تەنیا خۆى نەبێ، هەر بیەوێ گیرفانى خۆى لێپڕ بکات و کۆڵى خۆى داگرێ.
خۆ ئەسپی نۆربە ناخوات
بە یەکێک ئەوترێ کە پێى ناخۆش بێ میوان ڕووی تێبکات. واتە بۆچت پێناخۆشە، خۆ ئەسپەکەى نۆربە جۆ ناخوات.
خۆ بن مەمکی نەڕزیوە
دایکى کچێک ئەیڵێ کە داواى کچەکەى بکەن و نەیدا. واتە هێشتا مناڵەو پەلەى شووکردنى نییە.
خۆ بەڕوو نییە لە قەپولکی دەرچێ
دایکى کچێک ئەیڵێ کە داواى کچەکەى بکەن و نەیدا. واتە هێشتا مناڵەو پەلەى شووکردنى نییە.
خۆ دەی ئەو قنگی خۆی نییە بیقووچێنێ
نەخشەى ئەم پەندە بە چوار کەس ئەکێشرێ. بەم ڕەنگە یەکێک قسە زۆر ئەکات، یەکێکیش بەسەریا دێ کە ئەوەندە قسە نەکات. سێهەمێک بە دووهەم ئەڵێ: بۆخاترى خوا ڕزگارمان بکە لە دەمى ئەو چەنەبازە. چوارەمێکیش ئەڵێ: خۆ دەمى کابراى چەنەباز قنگى خۆى نییە تا بیقوچێنێ و ڕزگارتان بکات.
خۆ سەری کەر نەبووە بە سەد تمەن
واتە خۆ گرانییەکى وا نییە کە هیچ دەست نەکەوێت. بە یەکێکى ڕژدو چروک ئەوترێ.
خۆ لە خۆ ئەکوتێ، بێگانە لە کلۆری دارا
واتە خزم پرسیار لە خزم ئەکات نەک لە بێگانە.
خۆ مار نیم بە گڵ بژیم
واتە هەموو کەسێک پێبژێوییەکى ئەوێ.
خۆ ماست نییە بە لێوتەوە دیاربێ
بە یەکێک ئەوترێ کە حاشا لە قسەیەکى خۆى بکات.
خۆ مریشک نیم بە دەنووک شەڕ بکەم
واتە هەموو جەنگاوەرێک جۆرە چەکێکى ئەوێ، جەنگ بەبێ چەک ناکرێ.