خلیسکان تۆڵەى پەلە کەرە
واتە ئەگەر پەلەى نەکردایە هەڵنەئەخلیسکا.
خلە بارئەکا، بلە کەپر ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە دەست بداتە کارێک، دواى ئەوەى کە مردوون دەست لەو کارە هەڵبگرن.
خوا ئەمدەست موحتاجى ئەو دەست نەکات
چ جاى ئەوەى کە یەکێک موحتاجى یەکێکیتر بێ.
خوا ئەیدا، خواگیر لێناگەڕێ
خواگیر: خواگرتوو.
خوا ئەیداو نازانێ بیخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆرى ببێ و نەزانێ خەرجى بکات.
خوا بدا مەرگم، زاوا نەکا بەرگم
چ جاى ئەوەى کە یەکێک موحتاجى یەکێکیتر بێت.
خوا بۆ هەر کونەمشکێ مشکێکى داناوە
واتە هیچ شتێک بێخاوەن نییە.
خوا بیبڕێ چەرخى زەمانە، مەلا (..........) ئەوێ سەرقەڵەمانە
ئەمەیە کە ئەڵێ: سەگى سپى بۆ بەرخانەى نەک لۆکە زەرەرى هەیە، ئاخۆ چ کۆلکە مەلایەکى نەخوێندەوارى بێ دینى بێ شەرمى ساختەچى لەجیاتى سەرقەڵەمانەى نوشتەیەک داواى ئیشێکى ناشرینى لە ئافرەتێکى داوێنپاک کردبێ کە ئەویش لە تۆڵەى ئەم قسەیەدا ئەم پەندەى وتووە. بەم پەندە وێنەیەکى ئەو ڕووداوەى گرتووە کە تا جیهان جیهان بێت هەر ئەخوێنرێت و ئەخوێنرێتەوە.
خوا بیدا لە هێڵێ ئەیدا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکى بچکۆلە قازانجێکى گەورەى کردبێ.
خوا بەتیزم کا، بەتیزم، بە تیزى فرە حیزم کا
یەکێکى خانەدانى لێقەوماو ئەیڵێ کە یەکێکى بەحورمەت گاڵتەى پێبکات.
خوا تا سەر بدا، ڕزقیش ئەدا
واتە سەرى بێ ڕزق لەژێر خاکدایە.
خوا تا کێو نەبینێ بەفرى تێناکا
واتە تا خوا یەکێک بە خراپ نەزانێ تووشى خراپەى ناکات.
خوا تەختەتاش نییە، تەختە ڕێکخەرە
واتە خوا دارتاش نییە، تەختەت بۆ بتاشێ بەپێى پێویستت، بەڵکوو دارت بۆ دروست ئەکات تا تۆش لێى دروست بکەیت.
خوا حەقى بزنى کۆڵ لە بزنى شاخدار ئەسێنێ
یەکێکى زەبوونى ستەملێکراو ئەیڵێ بە زۆردارێکى ستەمکار.
خوا خراپتر نەدا
واتە لە هەر تەنگانە ناخۆشییەکدا بیت، خوا تەنگانەى ناخۆشترى لەلایە.
خوا خۆى ئەمێنێ موڵکى
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى هەڵگرێ بۆ پاشەڕۆژێکى دوور.
خوا داران بگرێ، ئێمەى خستە مەنە مەنەى ماڵان
واتە خوا داربەڕووى ئەمساڵ بگرێ کە بەڕووى نەگرت، ئەگینا ئێمە نە ئەکەوتینە مەنمەنەى ئارد لەم و لەو.
خوا دارى بۆیە بەرزکردۆتەوە کە چۆلەکەى پێوە بنیشێتەوە
بە یەکێکى گەورە ئەوترێ کە دەستى کەس نەگرێ. واتە خوا پیاوى گەورەى بۆیە گەورە کردووە کە دەستى هەژارو لێقەوماو بگرێ.
خوا داوێتى لەقەى لێمەدە
بە یەکێک ئەوترێ کە خوا چاکەیەکى لەگەڵدا کردبێ و پێى نەزانێ.
خوا دێر گیرەو سەختگیرە
واتە با ستەمکار بەوە یاخى نەبێت کەوا خوا چەند ڕۆژ مۆڵەتى داوە، ئەوە بۆ ئەوەیە کە بیر بکاتەوە، نەک لەبەر ئەوەیە کە خوا بیری چۆتەوە.
خوا دەردیش ئەداو دەرمانیش ئەدا
دەردەکە وەک دڵۆپە کتوپڕ پەیدا ئەبێ، بەڵام دەرمانەکەى ئەبێ بە شوێنیا بگەڕێیت لەلاى پزیشک.
خوا دەرێک ئەگرێ و دەرێکى تر ئەکاتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە تەنگانەیا بێ و دەرگاى خێرى لێداخرا بێ.
خوا دەمى منى بە ئەسکەنە هەڵنەکەندووە
واتە خواردن و خواردنەوەى ئەوێ.
خوا دەڵێ لە تۆ حەرەکەت لە من بەرەکەت
واتە خوا نەیکردووە بە باو زێڕو زیوو بنێرێ بۆ بەندەى خۆى، بەڵکوو ئەوەى کردووە بە باو کە تۆ هەوڵبدەیت و بە شوێن پێبژێوى خۆتدا بگەڕێیت، ئەوسا خواش ڕزقت بۆ بنێرێ.
خوا سەبرى بچوکى چل ساڵە
چونکە هەموو تۆڵەیەک کە ئەیسێنێ لە گوناهبارێک ئەبێ بەپێى دەستوورو باوێک بێ کە خوا دایناوە لە جیهاندا، ئەمە ساڵەهاى ساڵى ئەوێ تا بنەڕەتى بۆ دائەمەزرێ، مەگەر هێندێ گوناهى زۆر زل نەبێ کە خێرا خوا لە باڵى خاوەنى ئەدا، هەر بە ئاسمانەوە ئەیکا بە کۆى زوخاڵ.
خوا سەرما بە پێى حاڵ ئەدا
هەژارێکى لەشساغى ڕەش و ڕووت ئەیڵێ لە زستانێکى سارددا بە دەوڵەمەندێک کە لەسەرمانا خۆى پێچابێتەوە.
خوا سەرما بەقەدەر بەرگ ئەدا
هەژارێکى لەشساغى ڕەش و ڕووت ئەیڵێ لە زستانێکى سارددا بە دەوڵەمەندێک کە لەسەرمانا خۆى پێچابێتەوە.
خوا غەزەب بگرێ لە بزن نانى شوان ئەخوا
واتە توخنى شتى خۆشەویستى هیچ کەس مەکەوە.
خوا غەزەب بگرێ لە مێروولە باڵى ئەداتێ
تا بفڕێ و مەل بە حەواوە بیخوات.
خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە
ئەگێڕنەوە کە (سوڵتان مەحمود)ى غەزنەوى ڕقى لە دارتاشێک هەڵئەستێ. ئێوارە وەختە ئەکاتە سەرى. ئەڵێ: ئیمشەو تا بەیانى بارى ئاردى دارم ئەوێ. کابرا خەمى لێدێ، شەو ژنەکەى پێى ئەڵێ: پیاوەکە وەرە بنوو، خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە. بەیانى لەگەڵ شەبەق ئەدات دێن بەشوێن دارتاشدا. کابرا لەگەڵ مالأ و مناڵەکەیا دەست ئەکەن بە گریان. کە دەرگا ئەکەنەوە تەماشا ئەکەن وا سوڵتان مەحمود مردووەو هاتوون بە شوێن دارتاشەکەدا کە سندوقى بۆ دروست بکات.
خوا لە کارى خۆى بۆتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەدواى بوونى کارێک ئەم بکەوێتە پەلەپەل. واتە تازە پەلەپەل بۆچى ئەکەیت، خۆ ئیشەکە تەواو بووە.
خوا ماڵى داوە بە جوو، کێرى داوە بە نێرەکەر
واتە هەرکەسێک شایستەى چى بێت دراوێتێ.
خوا نانى بڕیوەو پێغەمبەر دۆ
بە یەکێکى زۆر هەژارى ڕەجاڵى ڕەش و ڕووت ئەوترێ.
خوا نەجاڕ نییەو تەختە تاشە، قەحبەو گەواد بۆ یەک باشە
بە ژن و پیاوێکى خراپ ئەوترێ کە بۆ یەک ڕێکەوتبن.
خوا پێ بە مار نادا
واتە زۆردارى ستەمکار با هەر بێدەست بێ.
خوا ڕاستەو ڕاستى لێخۆش دێ
لەبەرئەوە قورئان لە شوێنا باسى ڕاستى ئەکات، وە هانە هانەى مەردومى لەسەر ئەدات.
خوا ڕۆژ نیشانى مارى سڕ نەدا
واتە زۆردارى ستەمکار هەر سڕبێ و گەرمى نەبێتەوە تا بەکەسەوە نەدات.
خوا کڵاوى بۆ بەڕوو کردووە
واتە ئاگادارى هەموو شتێک ئەکات.
خوا کە سەرى دا کڵاویش ئەدا