جەنگ خۆش نییە، جەنگنامەکەى خۆشە
کە هەردوو دەستە دائەنیشن، یەکەمیان سەربەرزو کەیفخۆش، دووهەمیان سەرشۆڕو بێ کەیف.
جەنگ کوژاوەتەوە، چڵمن بە شوێن دارا ئەگەڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە پاش بڕانەوەى کارێک، ئینجا ئەم بە شوێنیا بسووڕێتەوە.
جەهێڵە ڕووتەى بە گوێ بانەوە، گوو ڕەق هەڵاتوو بەلاى ڕانەوە
بە جەهێڵێکى ڕووتى چڵکنى هەژار ئەوترێ کە لە سەربانەوە تەماشاى حەوشى ماڵان بکات.
جەهەننەم لە دەرى بگەڕێتەوە، نەک لەناوى
واتە زەرەر لە نیوەى بگەڕێتەوە هەر باشە.
حاجى، حاجى لە مەککە ئەبینێ
واتە هەرکەس هاوڕێى خۆى لە شوێنى خۆى ئەبینێ.
حازر بە قەرز مەدە
نەوەک قەرزەکەت دەستنەکەوێتەوە.
حازر خۆرى بەر سێبەرە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر خواردنى لەسەر بێ، بێ ئەوەى پارەیەک خەرج بکات.
حاشا لەو خوێنەى شەوى بەسەرا بێ
واتە تۆڵە ئەبێ زۆر زوو بسێنرێ.
حاکم ببێ بە پرد بەسەریا مەڕۆ
مەبەست لە حاکم، کاربەدەستە. واتە لێى دڵنیا مەبە.
حاکم بە قسەى گەدا خەڵک ئەگرێ، بەڵام بە تکاى ئەو کەس بەرنادا
واتە پیاوى لات و بێدەسەڵات خراپەى لەدەست دێ، بەڵام چاکەى لەدەست نایەت.
حاڵى قنگى خۆشە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە وەزعێکى ناخۆشا بێ، لەگەڵ ئەمیشە کە زۆر ئامۆژگارى کرابێ و نەیگرتبێتە گوێ.
حاڵى لە ڕەنگى بپرسە
واتە پێویست بەوە ناکا باسى حاڵى بکەیت، چونکە هەرکەس سەیرى بکا ئەزانێ لە چ حاڵێکدایە.
حساب حسابە و کاکە برایە
واتە برایەتى و مامەڵە لە یەک جیان و نابێ تێکەڵى یەک بکرێن.
حوشتر بشمرێ بارى حەوت کەر هەڵناگرێ
دەوڵەمەندێکى نابووت ئەیڵێ کە هەژارێک گاڵتەى پێبکا. واتە من هەر پەناو پەسیۆ بگەڕێم لە ماڵەکەما بەقەد دە ماڵى وەک تۆ شت کۆئەکەمەوە.
حوشترو حەمام؟ مەیمون و عەبا
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ ئیشێکا خەریک بێ کە هیچى لێنەزانێ.
حوشترو قەزازییان نەوتووە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ ئیشێکا خەریک بێ کە هیچى لێنەزانێ.
حوشترو هەڵپەڕین، گامێش و هەڵفڕین
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ ئیشێکا خەریک بێ کە هیچى لێنەزانێ.
حوشترو کەپوولەیان نەوتووە
کەپولە: کەمۆڵەیەکى بچکۆلانەیە، مزى شاى پێئەگیرێ بۆ شوان، بە خواردنێکى کەم ئەوترێ کە بدرێ بە زۆرخۆرێک.
حوکمى حاکمەو مەرگى موفاجات
واتە ئەبێ ملکەچى بۆ بکرێ.
حیز بە خاڵۆى خۆى فێرە
چونکە بە کەسیتر ناوێرێ.
حیزو ئازا پێکهاتن، هەردوو وەک یەک دەرهاتن
واتە ئازا کە بوو بە هاودەمى حیز، ئەمیش وەک ئەوى لێدێ.
حیزى بە دەستیاو ناشێ
بە یەکێک ئەوترێ کە پاداشى حیزى بە حیزى بداتەوە.
حیزى و سەلامەتى
واتە لە هێندێ کاتا ئەگەر قسەیەک قووت بدەیتەوە لە شەڕێک دوورئەکەویتەوە.
حیزى و قەرزدارى قەت لەبیر ناچن
حیزیش بە بەختە
واتە بە هێندێ کەسەوە دێ و بە هێندێکیشەوە نایێ.
حیلم لە عیلم چاکترە
چونکە خاوەنى یەکەم بەبێ دووهەم ئەتوانێ بژى، بەڵام بەڵام خاوەنى دووهەم بەبێ یەکەم ناتوانێ بژى.
حەجەرە، لە پەنجەرە، دەرنەچێ باشە
واتە لە کاتى قسە کردنا زۆر درەنگ بەرز مەکەرەوە.
حەرام بخۆم، شەلەم بخۆم؟
واتە نابێ مەردوم بۆ قازانجێکى کەم خۆى بخاتە ئازارێکى زۆرەوە.
حەرام زۆرى، باکى لە گرانى نییە
واتە یەکێک حەرامخۆر بێ، لە گرانى ناترسێ، چونکە ماڵى حەرام زۆرە کە بیخوا.
حەریف حەریفى خۆى ئەناسێ
واتە هەموو کەس هاوپیشەى خۆى ئەناسێ.
حەسەد دەردێکى بێ دەرمانە
چارەى هەر لە خوا ترسانە.
حەش ئەگەر بڵێن هێلکەى کرد کردوویەتى؟
واتە نەیکردووە، وە هەرچى وترا لە ژیرى و بیرەوە دوور بووە باوەڕى پێمەکە.
حەفتت ببێ بە بوون، یەکت نەبێ بە چوون
واتە ئافرەت حەوت جار مناڵى ببێ، بە قەد مناڵێک کە لەبارى بچێ ئێش و ئازارى نابێ.
حەفتى بمرێ لە باوان، کلى نابڕێ لە چاوان
بە ئافرەتێکى دڵتەڕ ئەوترێ کە بۆ مردنى کەس عادەتى خۆى تێکنەدا.
حەق ئاو ڕائەوەستێنێ
بەڵام داخەکەم مرۆڤى بێ ئینساف ڕاناوەستێنێ.
حەق بە حەق، نانێکى ڕەق
یەکێک ئەیڵێ کە حەقێکى بەسەر یەکێکەوە بووبێ و لێى سەندبێ.
حەق فەوتاوە وەک تڕى بن گۆم
چونکە کەس دانى پیانانێ.
حەق نادرێ، ئەسێنرێ
ئەمە جاران وابوو.
حەقدار لە حەقى خۆى وازدێنێ، شاهد وازناهێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە دەخڵى بەسەر ئیشێکەوە نەبێ و دەستیشى لێ هەڵنەگرێت.
حەقى بزنى کۆڵ بەسەر شاخدارەوە نامێنێ
واتە دادپرسە حەقى کەس ون ناکات.