جواب هەر شەق نییە
واتە جوابى وا هەیە لە سەد شەق ناخۆشترە.
جوابى دوور درۆیە
چونکە تا ئەگاتە تۆ بە گەلێ جۆر ئەگۆڕێ.
جوابى نادان بێدەنگییە
چونکە نادان وەک پیسى وایە، تا بیجوڵێنى بۆن ئەداتەوە.
جوان لەبەر بەروبێشکەدا بناسە
بە ژنێک ئەوترێ کە پاش مناڵبوون ئینجا خۆى دارێژێ و جوان ببێ..
جوانوو بەردەرە ڕەوگ، هۆگرى چاکان بوو، ئومێدت پێى ببێ
واتە چۆن ڕەسەن دواى ماینێکى ڕەسەن و ناڕەسەن دواى گۆڵە بارگیرێک ئەکەوێ، مناڵیش کە چووە ناو مناڵانەوە ڕێ و شوێنى خۆى ون ناکات.
جوانى ئافرەت وا بە ڕەوشت و خوویەوە
جوانى بەدەن بزر ئەبێ، جوانى نەفسێ ئەمێنێ
جوانى هەموو درۆیە، شەرت هەر چاو و برۆیە
چونکە لە پێش هەموو ئەندامێکدا ئەبینرێ.
جوانى و هەرزەیى
واتە لە یەک جیا نابنەوە
جوت لە سەرا، دروێنە لە بەرا
جووت کە لە شوێنێکى بەرزەوە دەستپێکرا، جووتەکە بە ڕەوانى ئەڕوا بەبێ لێخوڕین، دروێنەش کە لە خوارەوە دەستپێکرا، سەپانەکە بە قنج قیتى دروێنەکە ئەکات، بێ ئەوەى پشتى کۆم ببێتەوە. ئینجا ئەم پەندە بە کارێک ئەوترێ کە زۆر لە بار بێ.
جومعە ببارۆ شەممە خۆشکەرۆ، شەممە ببارۆ پێنج و شەش کەرۆ
ئەم دەستوورە زۆرجار ڕاست دەرئەچێ.
جومعەى پێ تەواو نابێ
واتە بە پیاوى ناژمێرێ.
جوو لە ترسا، فەقێ لەبرسا، دۆم بە پەڕۆ خۆش خۆش ئەڕۆ
ئەم پەندە لە مەعناى ئەم پەندەدایە کە ئەڵێ (بەرخ هەیە لەناو کۆزا نابێ).
جوو لە دین ئەبێ، لە خوێن نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە پارەپەرست بێ، بە جۆرێک کە دەست لە دینى هەڵبگرێ، بەڵام دەست لە شتێکى خۆى هەڵنەگرێ.
جووتیار کوونى بێ، گا کوێژى بۆ ئەکا
کە ئازاش بوو لە کاتى جووت و گێرەدا کاوێژى لەبیر ئەباتەوە.
جووتە گایەکى لە نەگبەتیدا ئەگەڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بەدبەخت بێ.
جووجەڵە ئەکوژێ و هێلکە هەڵئەهێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە ڕەنجى شان پارە پەیدا بکات، کەچى بەفیڕۆ لە بەردى بدات.
جووجەڵە لە پایزا ئەژمێرێ
کە پاک ئەبێتەوە لە مردن، نەک لە بەهارو هاوینا.
جووجەڵەى بەهار لە پایزا بژمێرە
واتە ئەو حەلە دەرئەکەوێ چى ماوە و چى نەماوە.
جوولەکەش خوایەکى هەیە
ستەملێکراوێکى گوناهبار ئەیڵێ کە ستەمێکى لێکرابێ. واتە من گوناهباریش بم خوایەکم هەیە کە تۆڵەم بسێنێ.
جوولەکەى نابووت دەفتەرى کۆن ئەخوێنێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر نەبوونى شتى کۆن بخوێنێتەوە.
جووچک پەلامار بە بنچک
بە یەکێکى زەبوون ئەوترێ کە پەنا بەرێ بۆ یەکێکى لە خۆى بەهێزتر.
جووچکە هەتا دەمرێ لە بن قەرتاڵەدا نابێ
ئەم پەندە لە مەعناى ئەم پەندەدایە کە ئەڵێ (بەرخ هەر لەناو کۆزا نابێ).
جۆ بە دیوارا هەڵئەگێڕێ
واتە کارى وا قورس و گران ئەکا کە بە کەم کەس ئەکرێ.
جۆگەلە دەریا لێڵ ناکات
واتە پیاوى گەورە بە قسەى ئەم و ئەو ناشکێ.
جۆگەیە ئاوى پیا بڕوا، زەحمەتە وشک ببێ
واتە باوى ناو کۆمەڵە هەڵگرتن زۆر گرانە.
جۆگەیە هەڵبگرە ئاوى پیا بڕوا
واتە کارێک بکە بەهرەى ببێ.
جۆڵا بێ کفن ئەمرێ
ئەمە وەک ئەو پەندە وایە کە ئەڵێ: ماڵى پڕ لە ڕازیانەیە، کەچی بە ئازاری بەدڵەوە ئەمرێ.
جۆڵا بەسەر دڕى خۆى ناڕازییە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە شتى خۆى ناڕازى بێ و هەولأ بۆ شتى بێگانە بدات.
جۆڵا کراسى نەبوو تۆپێ جاوى لە خەوا ئەدى
واتە هەموو کەسێک لە خولیاى شتێکدایە کە پێویستى بێ.
جێ پێ ببینە، ئینجا هەنگاو بنێ
نەوەک بکەوێتە چاڵێکەوە
جێى بازان، بازى لێنابڕێ
ئەگەر خوا یار بێ.
جێى سەبرێى سوتاوە
جێى سەبر: دڵە، بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بەپەرۆش بێ.
جێى سەرم بکەرەوە، خۆم جێى قنگم ئەکەمەوە
لەسەر ئەم پەندە چیرۆکێک ئەگێڕنەوە کە گۆیا لە پایزا بزن بە مەڕ ئەڵێ: با پێکەوە شوێنێک دروست بکەین بۆ زستانمان کە تیا بحەوێینەوە، مەڕ ئەڵێ: دووگى خۆم خۆش بێ شوێنم ناوێ، بزن ئەچێ شوێنێک بۆ خۆى دروست ئەکات، لە زستانا کە سەرماو بەفرو باران دێ مەڕ ئەچێ بۆ لاى بزن ئەڵێ: جێگام بکەرەوە، ئەڵێ: جێگام نییە، مەڕ ئەڵێ جێى سەرم بکەرەوە، خۆم جێى قنگم ئەکەمەوە، بزن ئەوەشى ناداتێ، مەڕ تا بەیانى لە سەرمانا هەڵئەلەرزێ.
جێى سەرى نابێتەوە هەوڵى جێى قنگیەتى
ئەم پەندە لە مەعناى پەندى (ڕێوى نەئەچوو بە کونەوە هەژگێکى ئەبەست بە گونەوە) دایە.
جێگاى برین پڕ ئەبێتەوە، جێگاى قسە پڕ نابێتەوە
چونکە دووهەم کارى گرتووە.
جێگاى مەردان سەر تەندوورە
واتە پیاوى مەرد ئەوەیە کە نوێنى خۆى بدا بە میوان و خۆى لە سەر تەندوورى گەرم بنوێ بەبێ نوێن.
جەرگ ئازارى هەیەو بێزارى نییە
ئەم تا ئەندازەیەک وایە، کە لەوە تێپەڕى بێزاریش دەست پێئەکا.
جەزاى مشت پێ لەقەیە
واتە تۆڵە ئەبێ سەختترو بە زەبرتر بێ.
جەنگ بە کۆنە قینەوە ئەکرێ
واتە ئەگەر کۆنەقین نەبێ لە ئارادا، دەمە قاڵییەکى بچووک ئەوە ناهێنێ کە دوو دۆست لە سەرى زویر ببن و دەست لە دۆستایەتییەکى کۆن هەڵبگرن.