تێرم کەو لە خوارەوە دامنێ
واتە ئیشەکەم بۆ جێبەجێ بکە، نەک لەسەرى سەرەوە دامبنێى.
تێگەیشتن لە مێوژە ڕەشکە خۆشترە
هەروەک تێنەگەیشتن لە زەهرى مار ناخۆشترە.
تەبەقى پڕ ئاشتى ماڵە
واتە مالأ کە دەوڵەمەند بوو، ئیتر مەبەستى هەموو لایەک بەجێدێ و کەس لە کەس زویر نابێ.
تەبەقە تڕانەت کەوتە سەر
بە یەکێک ئەوترێ کە گرەوێکى دۆڕاندبێ.
تەختەو پنەو قیمەکێش، ڕێکەوتووە قەوم و خوێش
بە چەند کەسێک ئەوترێ کە لە کەسوکارو خزم و خوێش کە زوویربووبن و ئاشتیان بووبێتەوە و کۆبووبنەوە.
تەرازوو شەرمى لە کەس نییە
واتە کە لەگەڵ کێش تەواو بوو تەرازوو دێتەوە.
تەشتى زێڕین بنێ بە سەرتەوە
واتە دنیا زۆر ئەمینە و لە هیچ مەترسە.
تەشى لەبەر ئەڕێسێ
واتە مەرایى ئەکات.
تەشى ڕێس تەشى ڕێس بێ، بە کێرى کەریش بێ تەشى ئەڕێسێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بۆ کردنى کارێک بیانوو بێنێتەوە.
تەشپى تڕێنە
واتە زۆرخۆرە.
تەشییەک موو بادە، خۆت لە بێ حەیا لادە
بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بێ حەیایى وا هەیە قورئانیش بخوێنێت هەر یەخەت ئەگرێ.
تەعریفى خۆکردن پەموو جوونە
پەموو: لۆکەیە. واتە لۆکە جوون چەند ناشرینە، تەعریفى خۆکردنیش لەناو مەردوما ئەوەندە ناشرینە.
تەعزێى دەوڵەمەند، شایى فەقیرە
چونکە زۆر کەس لە هەژاران لەو تەعزیەیە بەهرەمەند ئەبن، هەر یەکەى بە جۆرێک، بەم ڕەنگە قورئانخوێن و قاوەکەرو جگەرەدەرو ئاوگێڕ و دەست و پێوەند پارە وەرئەگرن، دەستەیەک لە زانایان و هەژاران پارەى بۆ ئەکەن بە ئیسقات لەناو خۆیانا، دەستەیەکیتر لەوانەى کە قورئانیان لەبەرە لەسەر قەبرەکەى قورئان ئەخوێنن تا ئەیخەنە ئێوارێى جومعە، لە پاش ئەوە ئینجا دەستەیەکیتر خەتمى تەهلیلەى لەسەر ئەکەن، نەک تاقە خەتمێک، بەڵکوو دوان و سیان و زیاتر، هەروەک دوو سێ قورئانخوێن بە درێژایى ساڵ قورئانى بۆ ئەخوێنن، خۆ پڵاوو گۆشتى پرسە و حەڵواى سێ ڕۆژانەکەى هەر مەپرسە کە بە سەدەها کەس لێى ئەخۆن، جگە لە جلوبەرگى مردۆکە کە بەسەر هەژاراندا دابەش ئەکرێ، هەریەکە بەپێى خۆى.
تەقەى سەر دێ
واتە تێناگات.
تەماشاى مەنجەڵ کەو کەوگیرى لێداگرە
ئەم پەندە لە مەعناى پەندى (کۆزى کاران ببینەو قەپچوکى لە ماستى داگرە) دایە.
تەماع سەرى نەبڕیت سەرت ئەبڕێ
چونکە هەرچى ڕووزەردى هەیە هەمووى لە تەماعەوە تووشى مەردوم ئەبێ.
تەماع وا لەولاى ئەرواحەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بە تەماع بێ و لە پێناوى تەماعا سەرى خۆى دابنێ.
تەمەڵ ئەڵێ هەمووى ئەخۆم، دوایى ئەڵێ چیمکرد بە خۆم
واتە هەموو زۆرخۆرێک دوایى پەشیمان ئەبێتەوە.
تەنها خۆر، هاوڕێى شەیتانە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچێکى هەیە هەر بۆ خۆى بێ و کەس لێى بەهرەمەند نەبێ.
تەنوور بە گەرمى نەیهێنیتەوە، بە ساردى نایهێنیتەوە
هێنانەوەى تەنوور، تێکدانى ئاگرەکەیەتى دواى دامردنەوەى لەگەڵ هەڵدانەوەى بە خاکەناز بۆ ئەوەى لەپێش داخستنەوە یا چەند نانێکى ترى پێبکرێ، کە بەمە ئەڵێن پشتدانەوە.
تەنوور تا گەرمە نان ئەبرژێنێ
واتە هەموو ئیشێک زوو ڕاپەڕێنە.
تەنیایى لە ئاوەڵى خراپ باشترە
ئەم پەندە لە مەعناى فەرموودەیەکى پێغەمبەردایە کە ئەفەرموێ (الوحدة خير من جليس سوء). واتە تەنیایى لە ئاوەڵى خراپ باشترە، کاتێک ئەوترێ کە لە ئاوەڵێکەوە تووشى زیانێک بووبیت.
تەواو ماى دۆکڵیومان هێنایەوە
ماى دۆکڵیو هێنانەوە: تێکدانى ماستاوى دۆکڵیوە تا دێتە کوێ، بێ ئەوەى دەستى لێبەربدرێ. بە یەکێک ئەوترێ کە بڕیارى کردنى کارێک بدات تا تەواو ئەبێ کەچى لە نیوەیا دەستى لێهەڵگرێ.
تەور کلکى خۆى نابڕێتەوە
واتە گەورە دەستى ناچێتە بچووکى خۆى.
تەونێ کەوتەدار، هەر دێتە خوار
واتە هەموو کارێ هەر ئەوەندە گرانە تا دەستى پێئەکرێ، ئیتر تەواو ئەبێ.
تەپڵى بێعارى کوتاوە
بە یەکێک ئەوترێ کە پەردەى شەرمى فڕێدابێ.
تەپڵى خستە ژێر عەباوە
بە پیاوێکى پایەدار ئەوترێ کە هەر نەنگێک ڕووى تێبکا بیەوێ بە پایەکەى دایپۆشێ.
تەپڵى دڕاوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بەهۆى شتێکەوە بێڕێز بووبێ.
تەپڵى زڕاوە
بە یەکێک ئەوترێ کە نەنگێکى بووبێ و دەرکەوتبێ.
تەڕە تۆڵەکەى ناگاتێ
بە شتى زۆر هەرزان ئەوترێ.
تەگبیر کەرە نەمرێ، فرمانکەرە بمرێ
واتە ئەگەر بمرێ بچووک بمرێ، نەک گەورەو سەرۆکى ماڵ.
تەڵە بە قنگ ئەتەقێنێ
بە مەردومى فێڵباز ئەوترێ.
تەیر بە باڵ ئەفڕێ، ژن بە مێرد ئەخوڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بەهۆى یەکێکى ترەوە بخوڕێ.
تەیر هەیە گۆشتى ئەخورێ، تەیر هەیە گۆشتى ئەدرێتێ
واتە ئادەمى وا هەیە ئەبێ خزمەت بکاو ئادەمى واش هەیە ئەبێ خزمەت بکرێ.
تەیرى گوڵ عاشق بەدارى زەقنەمووتە
بە یەکێک ئەوترێ کە عاشق بە شتێکى هیچ و پووچ بێ.
جارێک خەڵەتاندمت خوا بتگرێ، جارى دووەم خەڵەتاندمت خوا خۆم بگرێ
چونکە جارى یەکەم نەمناسیت، بەڵام جارى دووهەم ناسیمیت، ئیتر نەئەبوو بخەڵەتێم.
جاشى کوڵکن، گوێرەکەى ورگن، مناڵى لیکن پەسەندن
چونکە جارى یەکەم نەمناسیت، بەڵام جارى دووهەم ناسیمیت، ئیتر نەئەبوو بخەڵەتێم.
جام ئەڵێ بشکێم و نەزرنگێم
واتە مەردوم مردنى خۆشترە لە بەدناوى.
جاو لە گازر ناناڵێنێ
واتە جاو کە بوو بە جاو بەرگەى گازریش ئەگرێ. واتە هەموو خاوەن پیشەیەک لە پیشەى خۆى ناناڵێنێ.
جنێو مەدە بە باوکى سەگم، منیش جنێو ئەدەم بە باوکى بەگت
واتە جنێو بە کەس مەدە، تا جنێوت پێنەدەن.