تۆ موویەک ئەبینى، من دەستپێکێک موو
واتە تۆ بەقەد من شارەزا نیت و بەقەد من شت نابینیت.
تۆ مەنێکى من دوو مەنم، بێجگە لە گورزو کەمەندام
یەکێک بە یەکێکى ئەڵێ لە ڕووى هەڕەشەوە.
تۆ مەیکە خوا بتداتێ
واتە بەبێ هەولأ و تەقەلا خوا هیچت ناداتێ، بە یەکێک ئەوترێ کە هیچ نەکاو بەتەماى خوا بێ.
تۆ نە، مزگەوت
میوانێک ئەیڵێ کە خانە خوێکەى لێى لالووت بێ. واتە منەت هەڵناگرم، ئەگەر لە ماڵەکەى تۆشا نەبم لە خانەى خوادا ئەبم.
تۆ هەنگاوێک ڕوو بە من بێ، تا من دە هەنگاو ڕوو بە تۆ بێم
بە یەکێک ئەوترێ کە گلەیى کەم هاتوچۆییت لێبکات.
تۆ کاڵەک خۆریت، یا بێستان ڕن؟
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر خواردنى لەسەر بێ بەبێ مەسرەف، کەچى پرسیار لە مەسرەف بکات.
تۆبەى گورگ مەرگە
واتە پیاوى خراپ بە مردنى نەبێ دەست لە خراپە هەڵناگرێ.
تۆش نەبى بە یارم، خوا ئەسازێنێ کارم
واتە خوا کەسى بێکەسانە.
تۆفانى مێروولە، دڵۆپێ ئاوە
بە هەژارێکى بێکەس ئەوترێ کە تووشى گرێیەکى بچکۆلانە بووبێ، هەرچەند بکا بۆى نەکرێتەوە.
تۆم کرد بە جۆڵا، مەکۆم بدزیت
بە یەکێکی ناوەجاخ ئەوترێ کە تا تیکۆشیت دەستکەوتت زۆرتر ئەبێ، ئەو حەلە تۆش بە ئارەزووى خۆت ڕابوێرە.
تۆم کۆنە، لە دڵیا وەشیاگە
بە یەکێک ئەوترێ کە قینێکى کۆنى لە دڵا بێ.
تۆپینى کەر، زەماوەندى سەگە
ئاشکرایە کە لە کوێدا بەکاردێنرێ.
تۆڵە بە تۆڵە، قازانجى زۆرە
چونکە ئەگەر وانەکەیت بەرانبەرەکەت یاخى ئەبێ و جارێکیتر خراپترت لەگەڵ ئەکات، بەڵام کە وەڵامت دایەوە بە خراپە ئەو حەلە لە شوێنى خۆى ئەوێستێ. وەکوو قورئان ئەفەرموێ (و جزاء سيئة سيئة بمثلها). واتە پاداشتى خراپەیە بە وێنەى خۆى، ئەمە لەگەڵ کەسێکا وایە کە بە خراپە نەبێ چارە نەکرێ، بەڵام لەگەڵ یەکێکى باشا کە خراپەى لەڕووى هەڵەوە بێ، چاک وایە بەرانبەرى بکەیت بە چاکە، وەک قورئان ئەفەرموێ [فمن عفا واصلح فأجره على الله]. واتە ئەگەر کەسێک خۆش بوو، وە ناحەزەکەى ئاشت کردەوە، ئەوە پاداشتى لەسەر خوایە.
تۆڵە بە سەبرە، بەڵام بە زەبرە
واتە تۆڵە کە دواکەوت بزانە کە زۆر بە زەبر ئەبێ.
تۆڵەى شیرى بە شیرى و تۆڵەى کیرى بە کیرى
شیر تێغێکى قورس و درێژ و بڕندەیە، ئەم پەندە زۆرتر لەناو عەشایەر بەکاردێنرێ. واتە یەکێک شیرمان لێبدا شیرى لێئەدەین، وە یەکێک ژنمان لێبێنێ ژنى لێئەهێنین.
تیر ئەخاو کەوان ئەشارێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە پەناوە پلارى قسە بهاوێژێ.
تیر لە تیردانیا نەماوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئەو هێزەى بوویەتى لە کارێکا نەیمابێ.
تیر لە کەوان دەرچوو ناگەڕێتەوە
واتە ئاگات لە هەموو قسەیەکت بێ، چونکە کە دەرچوو تێئەپەڕێ.
تیرو شیر لە یەک ئەسوون
واتە زۆر دوژمنی یەکن.
تیرى بێنیشان مەوەشێنە
واتە دەستت دایە هەر کارێک واى دەستبدەرێ کە باشى بکەیت.
تیرێک و دوو نیشانە
بە قسەیەک ئەوترێ کە دوو ئیش بکات.
تیشکى ڕۆژ بە بێژنگ ناگیرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ بە قسەى هیچ و پووچ پیاوێکى گەورە بچوک بکاتەوە.
تیغى ئێستا ئەوەندە نابڕێ
واتە نە بەڵێنى ئێستا وەک جاران بڕ ئەکات، وە نە کەس وەک جاران بە بڕشتە.
تیغى گەیاندە سەر ئێسقان
واتە زۆر ئازارى پێگەیاند.
تینوو ئاو لە خەوا ئەبینێ و بێ دەرچێ دوو گەز جاو
واتە هەموو کەسێک لەبیرى ئەو شتە دایە کە پێویستێتى.
تینوو هەر ئاوى لەبیرە
واتە هەموو کەسێک لەبیرى ئەو شتەدایە کە پێویستێتى.
تیکە تا نەیجووى قووت نادرێ
واتە هەموو ئیشێک جۆرە هەولأ و تەقەلایەکى ئەوێ.
تیکە لە دەم داکەوت بۆ ناو کۆشە
واتە شتێک کە لە خۆت زیادبوو، ئەبێ بگا بە خزم و خوێش و کەسوکار.
تیکە، شەش بێ و خۆش بێ
واتە ئەبێ چاکى و باشى خواردن، مەبەست بێ لە زۆرى.
تیکەى خۆش و ڕێى لابەلا
بە یەکێک ئەوترێ کە بە خۆى ڕاببوێرێ و لە خەڵک لابێ.
تیکەى زل، هەر دەم ئەدڕێ، هەم قنگ
واتە شتى لە ئەندازە بەدەر، لە هەموو سەرێکەوە زەرەرە.
تیکەێى کەمتر، برایێ زیاتر
واتە ئەگەر خۆت پاروویەک کەمتر بخۆیت و بیدەیت بە هەژارێک، ئەو حەلە برادەرێک قازانج ئەکەیت.
تێبکۆشە لێ بنۆشە
بە یەکێک لەشساغ ئەوترێ. واتە تا تێکۆشیت دەستکەوتت زۆرتر ئەبێ، ئەو حەلە تۆش بە ئارەزووى خۆت ڕابوێرە.
تێر ئاگاى لە برسى نییە
واتە دەوڵەمەند ئاگاى لە هەژار نییە.
تێر ئەیکوتایە قنگى برسى، ئەیوت: هەرزانى هەى هەرزانى
واتە بەشى زۆرى دەوڵەمەند لە کەمینى هەژارانان، تا لە کاتى تەنگانەو چەڵەمەیانا شتیان لێبکڕن بە هەرزان.
تێر ناى بە قنگى برسییەوە، وتى هەرزانى هەى هەرزانى
هەمیشە دەوڵەمەند لە هەژارى هەژار بەهرەمەند ئەبێ، بەم ڕەنگە لە گرانیدا چیبێ لە دەستى ئەسێنێ بە چەند تەنەکەیەک گەنم و جۆ، ئینجا ئەگەر ماڵى بەدەستەوە نەما، ئەو حەلە تەماع ئەکاتە نامووسى ژنەکەى و کچەکەى و کوڕەکەى، وەک لەم پەندەوە دەرئەکەوێ.
تێر نەخواردن لە باوک مردن خراپترە
واتە برسێتى دەردێکى بێدەرمانە.
تێر نەخۆرە بانگى کردووە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر تێر نەخوات.
تێرم خواردووە لە کاکڵان نۆرەى توێکڵانە
یەکێک ئەیڵێ کە سوودى لە هاوڕێیەتى یەکێک نەدیبێ و ئێستا یەکێکى هیچ و پووچتر بیەوێ ببێ بە هاوڕێى.
تێرم غار ئەکەم
یەکێک ئەیڵێ کە پارەى ببێ و بە ئارەزووى خۆى خەرجى بکات.