شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
تف بۆ ئاسمان هەڵئەدەم، ئەکەوێتە سەر سمێڵم، بۆ ئەرزى هەڵئەدەم ئەکەوێتە سەر ڕیشم
تەماشاى پەندى سێهەم بکە لەداوى ئەم پەندەوە.
تف هەڵدەى ڕووى خۆت ئەگرێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ناوى کەسێکى خۆى بە خراپە بەرێ.
تفى خۆت بکەو بڕۆ
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک لە ڕێگا بە چەمێک ئەگا، هەرچەند ئەکا ناوێرێ لێى بدات، یەکێک پێى ئەڵێ: لێرەوە لێى بدە ناتبا، ئەویش ئەڵێ ئەى ئەگەر بردمى؟ ئەمیش ئەڵێ ئەگەر بردتى تفێکم لێ بکە، کابراش لە ئاوەکە ئەدا کە ئەگاتە نێرینەکەى، ئاو ڕایئەفڕێنێ، هاوار ئەکاتە کابراو ئەڵێ: کاکە وا ئاو بردمى ئەمیش ئەڵێ: تفى خۆت بکەو بڕۆ. ئینجا ئێستا ئەم پەندە بە یەکێک ئەوترێ کە نەوێرێ کارێک بکات، و تۆ هانە هانەى بدەیت لەسەر کردنى، ئەو لەسەر قسەکەى تۆ بیکات و تێبشکێ.
تفى سەربەرەوژوور، ناوچاوانى خاوەنى ئەگرێتەوە
ئەم پەندە بە مەعنا دوو پەند پێش خۆیەتى.
تفی ڕۆکراو هەڵناگیرێتەوە
واتە قسەیەک کە کراو بەڵێنێک کە درا، ئەبێ ببرێتە سەر.
تفەنگ بە تاریکییەوە ئەنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە گۆترە قسە بکا.
تفەنگ بە زەردەواڵەوە ئەنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بۆ شتێکى هیچ و پووچ پارەیەکى زۆر خەرج بکات.
تنیش بدەم و تفیش
بە یەکێک ئەوترێ کە داواى دوو شتى واى لێبکەن کە هەردووکیانى پێ ناخۆش بێ.
تورمە هەرچەند کۆنیش بێ ناکرێ بە پێتاو
واتە شتى باش با کۆنیش بێ هەر پەسەندو بەنرخە.
تورکە، ڕێى خۆیان نەئەدا، ئەیوت تیرو کەوانەکەم بەرنە ماڵى ئاغا
بە یەکێک ئەوترێ کە بەڕێز نەبێ لاى یەکێک، کەچى وا نیشان بدا کە بەڕێزە لاى.
توشەى مەردوم برسێتى ناشکێنێ
واتە کە برسیت بوو با تۆشەبەرەکەشت پڕ بێ لە نان، کە نەیخۆیت بە تۆ چى؟
توند بیگرە شل دێ، شل بیگرە هیچ دێ
واتە هەموو کارێک کە بە شل بیگرى ئەبێ بە هیچ، بەڵام کە بە توند گیرا باشترە.
توو مەشک من بژەن، من مەشک ماڵ میر
بە یەکێک ئەوترێ بە تەوسەوە کە داواى ئیشەکەى خۆى لە تۆ بکات، تا خۆى ئیش بۆ یەکێکیتر بکات.
تووشى نێرى شەش گون بووە
بە یەکێک ئەوترێ کە تووشى بەڵایەکى گەورە بووبێ.
تووشى گون ڕەشى خۆت ئەبیت
واتە من ئیمڕۆ نازت ئەکێشم، بەڵام ڕۆژێ ئەبێ تووشى یەکێکى وابیت کە نازت نەکێشێ، بەڵکوو ئازاریشت بدات.
تووکەى سمێڵى دێ
واتە زۆر کەیف خۆشە.
تووڵ بە تەڕى نەچەمێتەوە، ناچەمێتەوە
واتە هەموو شتێک ئەبێ بە مناڵى تەربیە بدرێ
توێکڵى تس ئەگرێتەوە
واتە لە هەموو موو ئەکاتەوە.
تڕ بێ و بەردەمى ڕەشەبا کەوێ
لە کاتێکدا ئەوترێ کە قسەیەکى نهێنى کەوتبێتە بەردەمى یەکێکى دەمدڕاو.
تڕ بێ و لە قوونى کەرێ بێتە دەرێ
بە یەکێکى دەمدڕاوى بێژیریى و بیر ئەوترێ کە قسەیەکى ناشرین بکا لە چەند شوێنێک.
تڕ بە تڕ ئەڵێ: پاڵەپەستۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر تڕ بکەنێ.
تڕ زلى باوان دەروێش
بە یەکێکى بە دەعیەو دەمار ئەوترێ کە لە خێزانێکى هەژارى نەدارا بێ.
تڕ لەى وێم، سڕ لەى وێم
واتە سڕى خۆم و تڕى خۆم.
تڕ کێ کەندى؟ بێگانە
بێگانە ئەیڵێ لەناو کۆمەڵێکا کە هەرچى ڕوویدا هەر بەسەر ئەویا بێنن.
تڕى بە پێچ کەوتووە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە دۆر خۆى نەخۆش خستبێ.
تڕى بە کوتەک نانەوێ
واتە زۆر بە دەعیەو دەمارە.
تڕى خۆى و گێزەر لە یەک ناکاتەوە
واتە زۆر بێ عەقڵە.
تڕى ڕۆییوەو تسى ماوە
بە شتێک ئەوترێ کە نیوەگیان بووبێ.
تڕى گوێزى کوێر ئەشکێنێ
واتە زۆر بە دەعیەیە
تڕی گۆیژە کون ئەکا
گۆیژە: ناوى شاخێکى بەرزە لە ڕۆژهەڵاتى سلێمانى، دەماوەند شاخێکى بەرزە لە ئێران، واتە زۆر بە دەعیەیە.
تڕێ وا بە کێوى دەماوەندەوە
گۆیژە: ناوى شاخێکى بەرزە لە ڕۆژهەڵاتى سلێمانى، دەماوەند شاخێکى بەرزە لە ئێران، واتە زۆر بە دەعیەیە.
تڕێ گۆیژە ئەکێڵێ
گۆیژە: ناوى شاخێکى بەرزە لە ڕۆژهەڵاتى سلێمانى، دەماوەند شاخێکى بەرزە لە ئێران، واتە زۆر بە دەعیەیە.
تڕە لە تەوراسى چى، هەمزە لە هەباسى چى
بە یەکێک ئەوترێ کە وەرامەکەى پەیوەندى نەبێ بەو پرسیارەى کە لێیکراوە.
تڕەکەى تڕ نییە، جەواڵ دڕە
واتە زۆر بە دەعیەو دەمارە.
تکەکە بە شاهد بە
ئەگێڕنەوە کابرایەک ئەیەوێ ژنەکەى خۆى بکوژێ تا ژنێکى تازە بینێ. بە ناوى دار کردنەوە ئەیبا بۆ کێو، لەوێ هەر چەند ژنەکە هاوار ئەکاو ئەپاڕێتەوە بێسوود ئەبێ، لەو حەلەدا کە ئەیدا بە زەویدا دڵۆپەى ئەشکەوتەکە ئەکەوێتە خوارەوە، ژنەکە ئەڵێ (تکەکە تۆ بەشاهید بە؟) کابرا لە پاشدا ژنە تازەکە ئەهێنێ و هەر شتێ ڕووئەدات ئەڵێ: پیاوەکە ئەمە چییە، هەر قسەیەک ئەبێ، تۆ ئەڵێیت: تکەکە بەشاهید بە؟ ئەمیش خۆى ناگرێ قسەکەى بۆ ئەگێڕێتەوە، ژنەش لەمە دڵى لە مێردەکەى کرمێ ئەبێ، ئەچێ بە کەسوکارى ژنە کوژراوەکە ئەڵێ، ئەوانیش ناکەنە نامەردى کابرا ئەکوژن. ئینجا ئێستا ئەم پەندە لە کاتێکدا بەکاردێنرێ کە شتێک ڕووبدات و کەس بە دیارەوە نەبێ.
تڵپى تەڕى تیا نەماوە
بە یەکێک ئەوترێ کە پیربووبێ و هیچى لەبارا نەمابێ.
تۆ ئەتەوێ لە قەڵانیشى بکەیت و لە کۆترانیش
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ نائومێدت بکات لە هەموو ڕوویەکەوە.
تۆ بنوو وەستاى نەجار، خوا یەکەو دەروو هەزار.
چیرۆکى ئەم پەندە لە ڕاڤە (شرح)ى پەندى (خوا لە سوڵتان گەورەترە)دا نووسراوە.
تۆ لە حەمە ئاشەوانى چاکتر نازانى
واتە تۆش نادانێکى وەک حەمە ئاشەوان.
تۆ لەگەڵ عام یا عام لەگەڵ تۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى وا بکات کە هیچ کەس لێى ڕازى نەبێ.
26272829303132