شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
تا نەینایە تەبەق، الله سەدەق
واتە تا لێى نەقەوماو تووشى چورتم نەبوو باوەڕى نەکرد.
تا نەیچەشێ، نایزانێ
بە یەکێک ئەوترێ کە تامى شتێکى نەکردبێ.
تا پیرێ ئەمرێ، هەزار جوان ئەمرێ
چونکە پیرى پشت کۆم وەک کەوان وایە، تا خۆى ئەشکێ هەزاران تیرى قنج و قیت ئەکا بەژێر خاکا.
تا چاڵ پڕ نەبێ، کۆش پڕ نابێ
بە یەکێکى دەوڵەمەند ئەوترێ کە بمرێ و بنێژرێ لە چاڵە قووتەیەکدا و خزمەکانى بەشدار ببن و کۆشى لێ پڕبکەن.
تا ڕێوى قەواڵەى خۆى خوێندەوە، پێستیان گورو لە قنگەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە سادەیى خۆى تێکەلأ بکات بە دەنگوباسێکى خراپ، بەو بۆنەیەوە دووچارى چورتم ببێ و بە هەزار حالأ و لە دواى ماوەیەکى دوورو درێژ تا دەرئەکەوێ کە ئەم لەو کارەدا نییە. واتە ئاگات لە خۆت بێ تووشى شتى وا نەبیت، چونکە زۆر کەس تا قەباڵەى خۆى خوێندۆتەوە سەرى تیاچووە.
تا ژیر بیرى کردەوە شێت لە ئاو پەڕییەوە
واتە هەرچى زۆر بیرکاتەوە لە کارێک پڕ کێشى کەم ئەبێ.
تا کونێک ئەگرى، کونێکى ترى تێئەبێ
زۆرتر یەکێکى گوزەران تەنگ ئەیڵێ کە دەستکەوتەکەى بەشى پێویستى ڕۆژانەى نەکات.
تا کچى، میرى، کە شووت کرد گزیرى، کە سکێکت کرد پیرى
تا کۆسپێک نەڕمێ، کەندێک پڕ نابێتەوە
لە کاتێکدا ئەوترێ کە دەوڵەمەندێک بمرێ و ماڵێکى زۆر بەجێبێڵێ بۆ چەند خزمێکى هەژارى.
تا کێوێک نەڕووخێ کەندەڵانێک پڕ نابێتەوە
تەماشاى پەندى پێنجەم بکە لەپێش ئەم پەندەوە.
تا کەر لە بەغدا نەزەڕێ، بەرى نادا
جاران کە مناڵێک دەستى ببردایە بۆ قرژالأ بە گاڵتەوە پێیات ئەوت دەستت ئەگرێ، ئەو حەلە تا کەر لە بەغدا نەزەڕێ بەرت نادا.
تا کەندێ نەڕووخێ، کەندەڵانێ پڕ نابێتەوە
تەماشاى پەندى سێهەم بکە لە پێش ئەم پەندەوە.
تا گوو نەکا، نازانێ قنگى لە کوێوەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر کەودەن و تێنەگەیشتووە بێت.
تا گووى قیرینى پێنەکا، وازى لێناهێنێ
واتە زۆر ئازارو سزاى ئەدا.
تا گوێرەکە بە گا ئەکەیت، خوێنى خۆت بە ئاو ئەکەیت
واتە تا مناڵێک پێئەگەیەنیت جەرگت ئەبێ بە ئاو.
تاجى ئەدەب لەسەرنێ، هەموو جیهان لەبەرنێ
مەبەست لەم ئەدەبە شەرم و شکۆهە، ئەگەر مەبەست زانین و وێژەش بێ هەر ئەبێ.
تاریکى شەو، چراى نایڕەوێنێتەوە
بە بەڵایەکى زۆر گەورە ئەوترێ کە زوو بە زوو، وە بە ئاسانى لەبیر نەچێتەوە.
تاریکى مانگ سەر لە ئێوارە دیارە
واتە هەر کارێک کە نەچێتە سەر لە پێشەوە دیارە.
تازە هاتەڕوو، کۆنە نرایە پشت کەندوو
بە یەکێک ئەوترێ کە ژنێکى تازەى هێنا ئیتر لە ژنە کۆنەکەى نەپرسێتەوە.
تاس بشکێ نەک بزرنگێ
واتە مەردوم بمرێ نەک دەنگى بزڕێ.
تاقانە، یا شێتە یا دێوانە
چونکە ئەوەندەى باوک و دایکى بەدەمیەوە ئەدەن، ئەگەر خۆشى ئەوەندەى ترى نایە سەر ئەوا ئەبێ بە دێوانە، وە ئەگەر دوو ئەوەندەى ترى نایە سەر ئەوا ئەبێ بە شێتى پەتەڕى، هێندێ جار ناڕەسەنى خۆشى و هاوڕێکانیشى ئەبێ بە سەربار، ئەو حەلە ئەبێ بەهار.
تان و پۆ ئاوریشمە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە باوک و دایکییەوە وەجاخزادە بێ.
تانجى قۆچاخ، لە وەختى ڕاوا گووى دێ
قۆچاخ: خێرا.
تانجى وەتەن کەروێشکى وەتەن ئەگرێ
چونکە شارەزاى هەموو کون و بن بنچکێکە.
تانجى کوێخا بێ و ڕێوى برا زاوا بێ
بە گاڵتەو تیتاڵییەوە بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى پێسپێرابێ.
تانجییەکەى ئەحمەدى ساغایە، لە وەختى ڕاوا گووى دێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە وەختى پێویست و گرنگا خۆى ون بکات.
تاوانکار وا بەلاى یارەوە، بێتاوان سەرى وا بە دارەوە
بە یەکێکى بێگوناه ئەوترێ کە لەباتى گوناهبارێک تووش ببێ.
تاوێ گەش ئەبمەوە، تاوێ ڕەش ئەبمەوە
واتە تاوێ خۆشى ئەبینم و تاوێ تاڵى.
تاى جوانان، گەردێ لە بانان
واتە نەخۆشى گەنج بە سوڕانەوەیەکى کەم نامێنێ.
تاژى وڵات، بە کەروێشکى وڵات، ڕست ئەکرێ
رست کردن: پەت خستنە قەڵاتەى ملى تانجى و ڕاکێشانیەتى.
تاکێ کەوش وە تاکێ کەڵاش، ماندوو نەبیت مام تەڕەماش
بە یەکێکى سووک ئەوترێ کە بێتە لات و تۆش گاڵتەى پێبکەیت.
تاڵانکراو بە ماڵ ئەبێ، سکەڕۆ بە ماڵ نابێ
چونکە یەکەم لە ژیانیا جارێک تاڵان ئەکرێ، بەڵام سکەڕۆ هەموو ڕۆژێ خۆى خۆى تاڵان ئەکا.
تاڵى و سوێرى جیهانى زۆر چەشتووە
واتە باش پوختە بووە لە جیهانا.
تایى گان ئەکا و دۆڵاوى ئەیبژێرێ
(تا) و (دۆلاو) دوو دێن لە نزیک شارى سنەوە. بە دوو کەس ئەوترێ کە یەکێکیان کەیف بکاو ئەویتریان تووشى تۆڵەو سزا ببێ.
تراوى و خەستى چێت مشتێکە
واتە مەنجەلێک شۆرباى شل و ڕوون بە مشتێک بەر خەست ئەبێتەوە، بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکدا چرووکى بکا، بە جۆرێک کە پێوەى دیار بێ، واتە ئەگەر شتێکى کەمى ترت خەرج بکردایە ئەم کەموکوڕییە نەئەبوو.
ترخێنە تا بمێنێتەوە، پرگ هەڵئەهێنێ
بە شتێک ئەوترێ تا بمێنێتەوە خراپتر ئەبێ.
ترس نیوەى لەشکرە
واتە دوو لەشکرى بەقەد یەک کە بەرانبەرى یەک وێستابن، کامیان ترسا ئەبێ بە نیوەى ئەویکەى تر، یا ئەو ئەبێ بە دوو ئەوەندەى ئەم.
تروسکەیەکى چاو لە سەد گۆچان باشترە
واتە کەمى خۆت لە زۆرى خەڵق چاکترە.
ترێ بە دارەوە، هەنجیر بە بارەوە
واتە ترێ لە دارەکەى بکەیتەوەو بیخۆیت زۆر خۆشە. هەروەها هەنجیر شەوێک لە بارا بێ و شل ببێ و شیرەکەى بمرێ ئینجا خۆشە.
تف ببینێ لە زەویدا پەلامارى ئەدا وا ئەزانێ پارەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر نەدارا بێ، وە پارەى کەم بە خۆیەوە دیبێ.
25262728293031