بەڕووى دەمى بزنە
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک ئەبیستێ کە ئەگەر بزن بەڕوو بخوا، زۆر زوو قەڵەو ئەبێ، ئەمیش بزنە لاتێکى ئەبێ، هەموو جارێک بەڕوو ئەکا بە دەمیەوەو دەست ئەدا لە پشتى بزانێ قەڵەو بووە؟ ئینجا ئەمە بە یەکێک ئەوترێ کە چاوەڕوانى بەرى هەوڵ و تەقەلاى خۆى بکات زۆر بە زوویى.
بەڕە لای تەنکییەوە ئەدرێ
واتە مەردوم ئەبێ بزانێ لە چ ڕوویەکەوە زەبوونە، تا ئاگادارى بکا نەیەڵێ دوژمن زەفەرى پێبەرێ.
بەڕەی خەڵک زوو هەڵئەتەکێ
بۆ ئەوەى تۆ هەستى لەسەرى. کەواتە تا ئەتوانیت لەسەر بەڕەى کەس دامەنیشە
بەگى بێ پارە، وەک بەگى مووشێن وایە
واتە بەگ بە پارەوە بەگە، کە پارە نەبوو لەگەڵ بەگى مووشێنا جیاوازى نییە.
بەڵا لە شەرواڵى شڕت، کوڕى کەس نابێ بە کوڕت
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى کوڕى نەبێ و بە کوڕى کچیەوە شانازى بکات.
بەڵا لەو کاروانە دات کە کەر پێشەنگى بێ
بە دەستەیەک ئەڵێن کە سەرکردەکەیان یەکێک بێ ژیرى بێ بیر بێ.
بەیار کێڵان و گاى لەڕ؟
بەیار: زەوییەکە کە چەند ساڵێک بێ نەکێڵرابێ. بە یەکێک ئەوترێ کە دەرەقەتى کارێک نەیەت.
بەیانى تا ئێوارێ سەگ ئەخەسێنێ، ئێوارێ پارەى حەقدەستەکەى ئەدا بە حەقى گڵاوکردنى دەستیا
بە یەکێک ئەوترێ ساڵ دوانزە مانگە هەولأ بداو هیچى دیار نەبێ.
تا ئێوارە قەزوان بخۆیت، بە گوێزێک ئەتگەمێ
یەکێکى چوست و چالاک بە یەکێکى سستى دەستە پاچەى ئەڵێ.
تا ئەم بایە لەم کونەوە بێ، ئەم ئاگرە ناگڕێ
یەکێک ئەیڵێ کە بە ئیشێکەوە خەریک بێ، بەڵام دەنگوباسێک ببێ و نەیەڵێ ئەو ئیشە سەربگرێ.
تا ئەم بایە لەم کونەوە بێ، هیچ
ئەگێڕنەوە کابرایەک لە دەشت و لەبەر ڕەشەبا قاتى توو ئەخوا، هەرچەند قاوتەکە ئەبا بۆ دەمى، ڕەشەباکە لێى ئەفڕێنێ. یەکێک لەو کاتەدا دێ و لەلایەوە دائەنیشێ و لێى ئەپرسێ: خاڵە ئەوە چى ئەخۆیت؟ ئەمیش ئەڵێ: تا ئەم بایە لەم کونەوە بێ هیچ.
تا ئەڵێ بەرسیلە، ترێ پێئەگا
بەرسیلە، هەنگور: ترێیە، بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر سست بێ لە ئیش کردنا.
تا ئەڵێ بەهار، هاوین دێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر سست بێ لە ئیش کردنا.
تا ئەڵێ هاڵە، هەنگوور پێئەگا
هاڵە: بەرسیلە. هەنگور: بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر سست بێ لە ئیش کردنا.
تا بۆ خۆمم سەند قیر سپى بوو
واتە زۆر بە گران دەستم کەوت.
تا بۆ خۆمم سەند قیر وتى چەق
واتە زۆر بە گران دەستم کەوت.
تا بە شەو نەڕۆیت، بە ڕۆژ ناگەیتە مەنزڵ
جاران کە بە کەرو بار سەفەر ئەکرا، لە پێش شەبەقا بە ماوەیەکى زۆر کەوتنە ڕێ، ئینجا بۆ نیوەڕۆ ئەگەیشتنە قۆناغ. واتە کەس بەبێ هەولأ و تەقەلا ناگاتە پاشەڕۆژێکى باش.
تا بەد نەبینێ، بەدخانە بە یاد ناکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لەوەوپێش خانەى لێ ناخۆشبووبێ بەهۆى بەدێکەوە، ئێستا لەو بەدە خراپترى بووبێ بە کۆڵکەوە و بە ناچارى یادى بەدخانەکەى جاران بکاتەوە.
تا بەڕوو زۆر بێ سمۆرە برسیەتى
بە مەردومى چاوچنۆک ئەوترێ.
تا تۆ خەریکى ئامۆژگارى من بوویت، من مێشم ژمارد بە گوونى کەرەکەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە هیچ ئامۆژگارییەک وەرنەگرێ.
تا تۆو نەوەشێنیت، خەرمان هەڵناگریت
واتە تا ڕەنج نەدەیت گەنجت دەستناکەوێت.
تا تەمەن گەیشتە چل، ئادەمى ئەبێتە جل
واتە ئارەزووى دانیشتن ئەکات.
تا جێى سەنگ نەکەیتەوە دایمەکوتە
واتە تا جێى قسە نەکەیتەوە قسەکە نەکەیت.
تا جێى ڕم نەکەیتەوە، نەیچەقێنیت
واتە تا جێى قسە نەکەیتەوە قسەکە نەکەیت.
تا خان ئەسازێ، لەشکر ئەترازێ
بە یەکێکى تەمەلأ ئەوترێ کە درەنگ بێ بکەوێ.
تا خاوەن ماڵ دزى گرت، دز خاوەن ماڵى گرت
یەکێک ئەیڵێ کە گلەییەکى ببێ لە یەکێک، کەچى لەپێش ئەوەى ئەم گلەییەکەى بکا کابرا دەستپێشکەرى بکا لە گلەیى کردنا.
تا دەستى نەکەوێ لە گونى نازانێ نێرە
واتە گا بە گونیا ئەناسێ، یەعنى زۆر نادانە.
تا زۆرتر بژیت، زۆرتر ئەبینیت
بۆیە ئادەمى تا بە ساڵا بچێ پوختەتر ئەبێ.
تا زەوى ئاو نەخواتەوە، گیا ئاو ناخواتەوە
ئەم پەندە ئامۆژگارییەکى زۆر بەرزو بەنرخە بۆ هەموو کەسێک کە لە نیشتمانێکدا بژى، کە ئەبێ لەپێش خۆیا خزمەتى نیشتیمانەکەى بکات بە تێکڕایى، تا خۆشى لەناو هەمووانا بەهرەمەند ببێ، نابینیت تا زەوى کە نیشتیمانە ئاو نەخواتەوە گیا ئاو ناخواتەوە، هەرگیز دیوتە گیا بەبێ زەوى ئاو بخواتەوە، ئەوانەى کە وەک گەنەى گونى سەگ هەر بۆ خۆیان ئەژین و قازانجى کۆمەڵە و گەل ئەکەن بە قوربانى قازانجى خۆیان، ئەوانە ئەبێ وەک گەنە بفلیقێنرێنەوە.
تا شوو نەکەیت میریت، کە شووت کرد گزیریت، کە سکت کرد پیریت
بە کچێک ئەوترێ کە هێشتا شووى نەکردبێ.
تا فەرز وەستابێ، سوننەت بەتاڵە
واتە تا شتى گرنگ پێویست بێ مەردوم نابێ بە شتى هیچ و پووچەوە خەریک بێ.
تا ما جوتێ کەوش نەبوو لە پاى، کە مرد حەوت حەوت بوو لە سەریناى
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ژیانیا ڕێزى نەگیرێ لەلایەن کەسوکاریەوە، بەڵام دواى مردنى خێرى بۆ بکەن.
تا ما مراندى، کە مردیش تڕاندى
بە پیاوێک ئەوترێ کە لەگەڵ ژنەکەیا خراپ بێ، کە خۆشى مرد گۆبەنگ و دەردیسەرى بۆ بەجێبێڵێ.
تا ماڵ وەستابێ مزگەوت حەرامە
واتە لە خۆت و مالأ و مناڵت نەمێنێتەوە بە خێر ناشێ.
تا من، وتم بسم الله، ئەو وتى: الحمدلله
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاتى خواردنا پەلەپەل بکا.
تا مەقاش ببێ، دەستى خۆت مەسووتێنە
واتە تا ئیش بە پارە بکرێ لەشى خۆت مەخەرە ناڕەحەتیەوە.
تا مەلا مەلا بوو، ئا ئەمە بوار بوو
ئەگێڕنەوە کە جارێک مەلاى مەزبورە سا لەبەر هەر شتێک بووە خۆى ئەمرێنێ، پیاوانى دێ لێى کۆئەبنەوە، دواى شیوەن و گریان ئەیشۆن و کفنى ئەکەن و ئەیبەن بۆ گۆڕستان، لە ڕێ بە چەمکێک ئەگەن ئەپرسن: بوار کامەیە؟ هەریەکە قسەیەک ئەکات، ئینجا مەلا سەر بەرز ئەکاتەوە ئەڵێ تا مەلا مەلا بوو ئائەمە بوار بوو.
تا نەبێ سەمەرێ، نابێ خەبەرێ
ئەم پەندە لە مەعناى ئەو پەندە فارسیەدایە کە ئەڵێ: (تا نباشد چیزکى، مردم نگویند چیزها). واتە تا قسەیەکى بچووک نەبێ مەردوم قسەى زۆر ناکەن.
تا نەچێتە جەواڵ نابێ بە ماڵ
واتە هەرچێکت کڕى تا وەرینەگرى جێى دڵنایى نییە.