بەرز مەفڕە، نزم ئەنیشیتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لووتى بەرز بێ و زیاد لە ئەندازەى خۆى قەپ داگرێ.
بەرزە بەرزە ئەنیشێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو شتێکدا زیاد لە ئەندازەى خۆى سەرکەوێ.
بەرماڵى بەسەر ئاوەوە ئەگەڕێ
واتە زۆر مسوڵمان و لەخواترسە.
بەرى تەنگانە کورتە
لە ڕووى دڵخۆشییەوە ئەوترێ بە یەکێک کە تووشى تەنگانەیەک بووبێ. واتە دان بە خۆتا بگرە، ماوەکەى کەمە.
بەرى دەستى خۆى گەست
واتە پەنجەى خۆى برد بە دەما.
بەرچاو تێر ئابڕوومەندە
چونکە ئازاو دەست و دڵ کراوەیە.
بەرچاو تەنگ ڕیسوایی ئەهێنێ
چونکە ناپیاوى لێپەیدا ئەبێ.
بەرگی مەڕەو دانی گورگ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە دیمەن باش بێ و لە دڵا خراپ بێ.
بەرەو با میز ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە دووربینى لە ئیشا نەکا.
بەرەکەت لە نانی تەنک ریسی باریکایە
بەز بێ و بە پشیلە بسپێرێ
بە پیاوى دزو نا ئەمین ئەوترێ کە کاروبارى مەردومى خرابێتە ژێر دەست.
بەز بە کتک ئەسپێرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێک بداتە دەست یەکێکى نا ئەمین.
بەسمە، کوڕە کەچەڵ کەسمە
بە تەوسەوە بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ.
بەسەر حەوت پشقلا باز ئەدا
لە ڕووى تەوسەوە بە یەکێک ئەوترێ کە باسى هێزو توانایى خۆى بکات.
بەسەر دۆستیت، بە دڵ کۆستیت
بە یەکێک ئەوترێ کە بە دیمەن دۆست و وەکى تریش دوژمن بێ.
بەشى ئاشتى تیا بێڵەرەوە
واتە کە چوویت بەگژ یەکێکا هەموو جۆرە خراپەیەکى لەگەڵ مەکە، تا ئەگەر ئاشتتان بووەوە ڕووت بێ قسەى لەگەڵ بکەیت.
بەشى بەش کرایەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بمرێ و داراییەکەى بەشداران بیبەن.
بەشى چووە سەر بەشان
بە یەکێک ئەوترێ کە بمرێ و داراییەکەى بەشداران بیبەن.
بەشى کابان، یا ڕووڕەشییە، یا بێ بەشى
واتە یا چێشتەکەى خراپ دەرئەچێ و ڕووى زەرد ئەبێ، یا باش دەرئەچێ و هیچ بەرى خۆى ناکەوێ.
بەشکەر، بەشى کرد، بەشەکەم کەم بوو ئەویشى دامێ پەژارەو خەم بوو
هەژارێکى بەدبەخت ئەیڵێ کە ڕۆژى کەم و خەم و خەفەتى زۆر بێ.
بەشەر شەوێک پاشایە شەوێک گەدایە
واتە مەردوم خۆشیش ئەبینێ و ناخۆشیش ئەبینێ.
بەفرى ئادارێ، بکەوێ هەتا گوێ دارێ، نامێنێ تا ئێوارێ
چونکە بەهارەو ڕۆژ بە ناوەڕاستى ئاسمانەوەیە.
بەلکە لە من چوو، سەر بە هەزارەوە نێ
واتە ژنێک کە لە دەست من چوو، چى لێدێ با لێى بێ.
بەلکە وتى: خۆمم و ئەم سکمە
بەلکە: ناوى ژنە، یەکێک ئەیڵێ کە هیچ بەرپرسیارى (مسئولية)یەکى نەبێ.
بەم نوێنن بە جلى تانجى، پێم بڵێن ژنى حاجى
قەرزارێک ئەیڵێ کە داواى قەرزەکەى لێبکەنەوە و نەیبێ بیداتەوە.
بەندە تەڕەو ئاگر ناگرێ
یەکێکى جگەر سووتاو ئەیڵێ کە حەزى بە مردنى خۆى بێ. واتە بەندە تەڕەو ئاگر ناگرێ، ئەگینا ئەبوو ئاگرم تێبەرببوایە.
بەندە لە عاستى عەیبى خۆى کوێرە
واتە مەردوم عەیبى خۆى نابینێ.
بەندەى بێ عەیب نابێ
واتە ئادەمى و عەیبیان وتووە، هەرگیز بەتەماى مەردى بێ عەیب مەبە.
بەهاران حەیوان و بەز، هاوینان باخ و ڕەز، زستانان ئاگرو ئەز
واتە هەر شتە بۆ ڕۆژى خۆى.
بەهلوولى بەغدایە، ڕەزا بوو بە کایێ، کاشیان نەدایە
بە یەکێکى بەڕێز ئەوترێ کە داواى شتێکى بێنرخ بکاو نەیدەنێ.
بەهۆى گوڵە گەنمێکەوە، سەد گوڵە مرور ئاو ئەخواتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بەبۆنەى ئەوەوە گەلێ کەسیتر بەهرەمەند ببێ.
بەهەزار دەرزى سووژنێکى تیا نابێ
بە چەند شتێکى نیوەو نیوەچلأ ئەڵێن کە شتێکى تەواویان تیا نەبێ.
بەهەشت خۆش بوو، تۆی تیا نەبوو
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر باسى شتى خۆش بگێڕێتەوە و خۆشى هیچى نەبێ.
بەهەموو ئاوى دەریا، چەوێک بەرز ناکاتەوە
واتە یەکێک خوا بەرزى نەکاتەوە، بەرز نابێتەوە.
بەو بایە ئەژیم کە لاى تۆوە دێ
یەکێک ئەیڵێ بە خۆشەویستێکى خۆى.
بەو سەردولکانە گریانم نایە
سەردولکان: چەمەر چۆپییە. واتە قسەکەت کار لە من ناکا.
بەچکە مەلەوان، لە ئاوا ئەخنکێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر بە باو و باپیرەوە بنازێ.
بەچکە گەدا، مەخەرە تەما، بە چڵێ کەما، دێتە سەما
واتە حورمەتى ناوەجاخ مەگرە، چونکە بە دەنکە جۆیەک ئەزەڕێ.
بەچکەى مراوییە
بە مناڵێکى وەجاخزادە ئەڵێن کە لە ڕێى باووباپیرى خۆى لانەدا.
بەڕوو بە کاڵى، بەڕوو بە کوڵاوى بەڕوو بە برژاوى
بە شتێکى کەمنرخ ئەوترێ کە دوو سێ جۆر خواردەمەنى لێدروست بکرێ.