بەخت ساڵی جارێک لە دەرگای پیاو ئەدات، ئەویش لە ماڵ نییە
واتە بەخت هەمیشە لەگەڵ مەردوما نییە.
بەخت لە گەڕایەو پەڵووڵە دان ئەشکێنێ
پەڵووڵە: چێشتێکە لە ڕۆن و ئاردو ئاو دروست ئەکرێ. واتە ئادەمى کە نەهاتى هات لەڕێى واوە تێئەشکێ کە هەرگیز بە بیرا نایەت، ئەگینا قەت بووە پەڵووڵە دان بشکێنێ.
بەخت ڕەشم کە بچمە دزی، ئەبێتە مانگە شەو
واتە کە بەخت نەیکرد، هەموو کارێک پاش و پێش بۆ دێ.
بەخت ڕەشی کە هات، چ لە کوێستان چ لە گەرمیان
واتە نەهاتى هەر وەک لە شوێنى ناخۆش ئەبێ، لە شوێنى خۆشیش هەر ئەبێ و ناخۆشى ئەکات.
بەختت ڕەش بێ و خەنەت هەش بێ
هەش: خومە، بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووى نزاوە کە لێى دڵگیر بیت.
بەختم لە هەموو شتێکا ڕەشە، تەنیا لە شووتی دا نەبێ سپییە
یەکێک ئەیڵێ کە لە هیچ شتێکدا بەختى نەبێ.
بەختی دایک جیازیی کچە
واتە کە دایک بەختدار بوو، کچیشى هەر بەختدار ئەبێ.
بەختی ڕەش حەجە بە هەش ناکا
واتە بەدبەختى کە لەگەڵ یەخەگیرى یەکێک بوو، پێویست بە هیچیتر ناکات.
بەختیەکی بپژێ، یەکێ بۆ یەکێ ئەکوژێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە مردنى یەکێکیتر بەهرەمەند ببێ.
بەختەوەری تۆپێکە بە دوایا ڕائەکەیت، کە ئەشوەستێ شەقی تێ هەڵئەدەیت
بە یەکێک ئەوترێ کە هەلێکى بۆ هەڵکەوت و لەدەستى دا.
بەختەکەی من ئەوەندە لارە، ترۆزی ئەچێنم کالیارە
یەکێکى زۆر بەدبەخت بە خۆى ئەڵێ.
بەدبەختی کڵافە ئەکا
کڵافە: چەند هەودایەکە کە پێکەوە هەڵکرابن، بۆ ئەوەى تاو تاو دەربکێشرێ و کار بکرێ. واتە بەدبەختى ئەوەندە کەوتووە بەسەر یەکا وەک کرابێ بە کڵافە، وە چەند کڵافەیەکى کەوتبێ بەسەر یەکا وایە.
بەدترین لە بەد بەدترە، بەد لە بەدترین چاکترە
لە کاتێکدا ئەوترێ کە هاوڕێى بەدت بووبێ و ئێستا بەدترێک بووبێ بە هاوڕێت، یاخود بەدترێک هاوڕێت بووبێ، وە ئێستا بەدێک بووبێ بە هاوڕێت.
بەر لە مەلا ئەچێتە مزگەوت
بە مەردومى ڕیاکار ئەوترێ.
بەر لە وەستا دوکان گەرم ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لەپێش وەختا دەست بکا بە ئیش.
بەر لە کارێز ئاوی گەرەکە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە پێش ڕەنجا گەنجى بوێ.
بەر کە لە دەست من چوو، سەر بە هەزارەوە نێ
تەماشاى پەندى (بزنە قوت لە من چوو، سەر بنێ بە هەزارەوە) بکە.
بەرازی دەم بەستراوە
بە کەسێک ئەوترێ کە ڕۆژووى ڕەمەزان بگرێ و نوێژ نەکا.
بەرت بابێ و پشتت کەندەڵان
نزایەکە ئەیکەیت لە یەکێک کە حەزى لێنەکەیت.
بەرتیل بەرد نەرم ئەکا
پیاوى خواپەرست نەبێ کە بەرتیل کاری تێناکات.
بەرخ لە ژێر سەبەتەدا نامێنێتەوە
واتە چ ئادەمى و چ گیاندار هەمیشە بە مناڵى نامێنێتەوە.
بەرخ هەر لە کۆزا نابێ
واتە چ ئادەمى و چ گیاندار هەمیشە بە مناڵى نامێنێتەوە.
بەرخی بازی ئەکات
واتە زۆر کەیف خۆشە.
بەرخی نێر بۆ سەربڕینە
واتە ڕۆڵەى وڵات ئەبێ پێشمەرگە بن بۆ نیشتمان و لەو ڕێگەیەدا سەرى خۆیان دابنێن.
بەرد ئەکا بە ئاو
بە دەنگێکى خۆش، یا بە قسەى یەکێک ئەوترێ کە کار بکاتە دڵت.
بەرد بدەیت بە گۆزەدا و گۆزە بدەیت بە بەردا، ئازایی هەر هی بەردە
چونکە هەر گۆزەکە بە بەردەکە ئەشکێ.
بەرد بشکێنە، دووڕوو مەدوێنە
واتە لە کانە بەردا خەریکى بەرد شکاندن و دەرهێنانى بە، گەلێ خۆشترە لەوەى کە لەگەڵ دوو ڕوودا قسە بکەیت.
بەرد بلەقێ جێی خۆی ناگرێتەوە
تەماشاى پەندى شەشەم و حەوتەمى دواى ئەم پەندە بکە.
بەرد لە جێی خۆی سەنگینە
واتە هەموو کەسێک لە وڵاتى خۆیا بەنرخ و بەڕێزە.
بەرد نەبووم، چاوم بە بەرد کەوت بووم بە بەرد
واتە دڵڕەق نەبووم، بەڵام چاوم کەوت بە دڵڕەق، منیش دڵم ڕەق بوو.
بەردی بچوکیش سەر ئەشکێنێ
واتە دوژمنى بچوکیش بێ دەستى خۆى هەر ئەوەشێنێ.
بەردی دەشتی و چۆلەکەی دەشتی
بە شتێک ئەوترێ کە پارەى تێنەچێ.
بەردی زل هەڵگرتن نیشانەی لێ نەدانە
بە یەکێک ئەوترێ کە دەست بداتە کارێکى گەورە وا کە لە توانایا نەبێ.
بەردی ناوەتە سەر مەڵۆ
مەڵۆ: قۆڵێکى گەورەیە لە شتێک کە بە داس دوورا بێ، یا بە دەست دەستکەنە کرابێ. بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى کرد هەموو جۆرە دووربینییەکیشى کردبێ.
بەردێک نادان بیخاتە گۆمەوە، بە سەد دانا دەرنایەت
واتە شتێک کە ناشى بیکا بە سەد دانا ڕاست ناکرێتەوە.
بەردێک کە جوڵا جێی خۆی ناگرێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە دەست بداتە کارێکى گەورە وا کە لە توانایا نەبێ.
بەردێک کە هەڵکەنرا جێی خۆی ناگرێتەوە
واتە یەکێک کە شکا نابێتەوە بە پیاوەکەى جاران.
بەرز ئەخوڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى بە زیاد بزانێ و قەپى گەورە داگرێ.
بەرز ئەفڕێ، پیا ئەتڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە دەست بداتە کارى گەورەو زل کە لە توانایا نەبێ.
بەرز فڕین ملی پیاو ئەشکێنێ
واتە هەموو شت ئەبێ بەرەبەرە و لەسەرخۆ بێ، چونکە کە بوو بە بازدان، کەوتن و ملشکانى لە دواوە ئەبێ.