بە چ عەیارەیەک بپێورێت، بەو عەیارەیە بۆت ئەپێونەوە
واتە لە دین و دنیادا باشى بکەیت، پاداشت باش و خراپى بکەیت پاداشت خراپ ئەبێ.
بە چرای ڕۆن گەرچەکەوە بگەڕێیت نایدۆزیتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە دەرنەکەوێ.
بە چەپڵە قوزێ ناچێتە دەرێ
واتە بە شاتە شات و گەزارە کێشانى ئافرەت، خاوەن ماف دەست مافى خۆى هەڵناگرێ.
بە ڕۆنى خۆى سوورى ئەکاتەوە
واتە لە هیچە وشکە منەتى بەسەرا ئەکات.
بە ڕۆژى باران سووتێى، بە ڕۆژى با بکوژێیتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە تاقە یەک شت بەکاربێنێ بە گەلێ جۆر.
بە ڕۆژە ڕۆژە ساڵمان بردە سەر، ئەوا بەهار هات قنگمان کەوتەدەر
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى زۆر گرنگى ببێ و نەیکا، وە ڕۆژ بە ڕۆژ دواى بخات تا وەختەکەى بەسەر ئەچێ.
بە ڕیش بووایە بزن سەردار ئەبوو
واتە بە دیمەن پەرست مەبە.
بە ڕیش نییە بە ئیشە
واتە دیمەن پەرست مەبە.
بە ڕێوییان وت: کێ شاهدتە؟ وتى کلکم
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاتى قسەو گفتوگۆدا خزمێکى خۆى بکاتە شاهد.
بە کارە نییە، بە چارەیە
چارە: چهرەو ناوچاوانە. بە یەکێک ئەوترێ کە هەر هەوڵبدات و هیچى دەست نەکەوێت.
بە کارەکەر بڵێت خانم، کاسەو کەوچک ئەشکێنێ
واتە حورمەتى ناوەجاخ مەگرە قاچت ئەگرێ.
بە کاسەیەک ئەیکەن بە کەوچکێک ئەیخۆن
بە دوو کەس ئەوترێ کە زۆر تێکەلأ بن.
بە کاکیلە نیکل لە قنگی سەگی پیر دەرئەهێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر پەست و چاوبرسى بێ و بۆ شتێکى هیچ و پووچ خۆى ڕیسوا بکات.
بە کفتە ئەڵێ فڵتە
بە یەکێک ئەوترێ کە دان لەدەمیا نەبێت.
بە کلکی ئەخوڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە پشتى ئەستور بێ بە یەکێک لە خۆى گەورەتر.
بە کونی هەتیتەوە ئەچێ
واتە زۆر لاوازە.
بە کڵاو ئەگیرێ
واتە زۆر بێدەسەڵاتە.
بە کێری خەڵک گان ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى هیچى لەبارا نەبێ و هەرچى ئارەزووى کرد بە مەردومى بکات.
بە کێری خەڵک گان کردن لەزەتی نییە
واتە ئیش ئەوەیە خۆت بیکەیت بۆ خۆت.
بە کەر ناوێرێ، بە کورتان شێرە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە دوژمنەکەى خۆى نەوێرێ و بە یەکێکى زەبوون بوێرێ.
بە کەروێشک دەڵێ: ڕاکە، بە تانجیش ئەڵێ بیگرە
بە یەکێکى ناپاکى دووڕوو ئەوترێ کە لەگەڵ هەموو کەسێکدا بەپێى دڵى ئەو قسە بکات.
بە کەریان وت مەعریفەت بنوێنە، لنگی هەڵبڕی و تڕێکی کەند
بە یەکێکى قەبە ئەوترێ کە لە کۆڕێکى گەورەدا قسەیەکى ناشرین بکات.
بە کەریان وت: ئەوە ڕێگاتە، کەچی بە شاخا هەڵئەگەڕا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ڕێى ڕاست لابدات.
بە کەوچک ئەڵێ: قاچوخ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە خۆى گۆڕابێ.
بە کەوچک کۆی ئەکاتەوە، بە ئەسکوێ بڵاوی ئەکاتەوە
ئەسکوێ: کەوچکێکى گەورەیە چێشتى شلەى لە مەنجەلأ پێتێئەکرێ. بە یەکێکى دەستبڵاو ئەوترێ کە بە چنگە کرێ پارە پەیدا بکات و بەبێ حیساب خەرجى بکات.
بە کەڕیان وت: ئاو بێنە، ئەچوو دەرپێی دائەکەند
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى پێبڵێن و ئەو بچێ شتێکیتر بکات.
بە گایان وت کەی وەختە؟ وتی کە مانگا بە کەڵ بێ
لە ڕووى نەنگەوە بە پیاوێکى حەشەرى ئەوترێ لە هێندێ کاتدا.
بە گورگان خواردووی دا
واتە سەرى بە فەتارەت دا.
بە گورگیان وت: ئەمڕۆ نۆرە شوانیتە، وتی بەخوا پێم پەتییە
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى پیا بدەیت بە دڵ پێى خۆش بێ، کەچى بە زوبانیش بڵێ ناتوانم و بیانوو بهێنێتەوە.
بە گوڵیان وت بۆ وا گەشی؟ وتی باخەوانەکەم مەردە
یەکێک ئەیڵێ کە زۆر تێرو پڕ و پۆشتەو پەرداخ بێ. واتە گەورەکەم زۆر دڵسۆزە.
بە گوڵێ بەهار نایەت
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو تەمەنى خۆیا یەک ئیشى چاکى کردبێ.
بە گۆڕی باوکت مەنازە، مووچەت نان و پیازە
واتە نازو نیعمەتى باوکت هەر نان و پیازە، ئیتر بەچى ئەنازیت؟!
بە گیای بەهار ناتووڕێنێ
واتە ناگاتە بەهارێ ئەمرێ، بە بە یەکێکی پیر، یان نەخۆش ئەوترێ.
بە یەک گا گێرە ناکرێ
بە کارێک ئەوترێ کە بە یەک کەس نەکرێ.
بەبۆنەى دڕکەوە گوڵیش سزا ئەدرێ
چونکە زۆرجار دڕکى گوڵەکە ئەچێ بە دەستى خاوەنەکەیا، وە بەو بۆنەیەوە گوڵەکەش فڕێ ئەدرێ، بە یەکێکى پاک ئەوترێ کە بەهۆى یەکێکى خراپەوە دووچارى تۆڵە و سزایەک ببێ.
بەبێ کینەى زاڵم باوەڕ مەکە
واتە لە زۆردارى ستەمکار دڵنیا مەبە.
بەتەماى بنکڕ نیم و سەرى مدبەقچى ئەشکێنم
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە بەتەماى خێرو بێرى نەبێ، وە ناوى بەرێ بە خراپە.
بەتەماى فرۆى مانگا زەردە
ئەم مانگا زەردە قەت نەزاوە تا فرۆى ببێ، بە یەکێک ئەوترێ کە هیچ هیواى لێنەکرێ.
بەتەماى نیسکێ، لە ئیمانێ مەگەڕێ
لەناو مەردوما وا دەنگ بڵاوە کە شۆرباى نیسک خواردنى پێغەمبەران و پیاوچاکان بووە و خواردنێکى پیرۆزە، لەبەرئەوە یەکەم ڕۆژى ڕەمەزانان زۆر ڕۆژووان خواردنى هەر نیسکە، ئینجا ئەم پەندە بە یەکێک ئەوترێ کە هیچ چاکەو خواپەرستییەکى نەبێ، تەنیا نیسکخواردن نەبێ. واتە هەموو دەستمایەى ئیمانت نیسک خواردنە و هیچ بەڵگە نیشانەیەک بە دەستەوە نییە لەسەر ئیمان و بڕوا نیسک خواردن ئەبێ، کە ئەمەش هیچ بایەخێکى پێنییە. کەواتە (بە تەماى نیسکى لە ئیمانێ مەگەڕێ).
بەتەمایە ماسى بگرێ و قنگى تەڕ نەبێ
واتە هەموو کارێک جۆرە هەوڵێکى ئەوێ و بەبێ ئەو هەوڵە ئەو ئیشە جێبەجێ نابێ.