شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
بە فیکە مار لە کون دێتە دەر
واتە بە قسەى خۆش هەموو کارێک جێبەجێ ئەبێ.
بە فەلەک ئەڵێ وەلەک
بە یەکێک ئەوترێ کە هاتى بێت و قسەى ڕەوا بێت.
بە قسە ئاڵی زەنگانە، بە کردەوە ریخ لە لنگانە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسە هیچى نەهێشتبێتەوە، بە کردەوەش هیچ.
بە قسەی خۆش مار لە کون دێتە دەر
واتە تا ئەتوانى قسەت خۆش بێ لەگەڵ مەردوم.
بە قسەی مەلا باوەڕ ناکا، بە زەڕەی کەری باوەڕە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسەى ڕاست باوەڕ نەکاو بە قسەى درۆ باوەڕ بکات.
بە قسەی پشیلان باران نابارێ
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە بە ناڕەوا نزاى خراپى لێبکات. واتە تۆ چیت تا خوا نزات گیرا بکات.
بە قنگ هەناسە ئەدا
واتە زۆر تەنگە نەفەسە.
بە قنگە خشکێ بەغدا ناگیرێ
واتە کارى گەورە بە ئاسانى ناکرێ.
بە قنگە هەمانە خۆش ئەکا و بە پێ بێشکە ڕائەژەنێ و بە دەست جۆڵایی ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە یەک کاتدا بە دوو سێ کارەوە خەریک بێ.
بە قنگەوە خستییە کەندەوە
واتە دەمکوتى کرد.
بە قەد بەڕەی خۆت پێت ڕاکێشە
واتە لە ئەندازەى خۆت زیاتر هەڵمەسوڕێ.
بە لای ماکەرا بڕوا جاشەکەی لێ گل ئەداتەوە
بە مەردومى تەماعکار ئەوترێ.
بە لەعنەت بێ بزن، هەر بن کلکی بگەزن، سەگ و شوان پێکەوە دەبەزن
بە یەکێکى دەم قەرەباڵغ ئەوترێ کە زۆر دەم بەهاوار بێ.
بە لەویچێک ئاو ئەکەوێتە مەلە
بە یەکێکى سووک ئەوترێ کە بە قسەیەک بکەوێتە سەما.
بە مازوان تێشکاوەو بە سیچکان هەڵئەسێتەوە
سیچکە: جۆرێکە لە بەرى دارمازوو، وەک گزگل وایە، بەڵام وەک مازوو بەنرخ نییە. بە یەکێک ئەوترێ کە زەرەرێکى زلى کردبێ و بیەوێ بچوک خۆى هەستێنێتەوە.
بە مناڵی لێم بار بوو، بە گەورەیی لێم هار بوو
یەکێکى هەژار ئەیڵێ کە مناڵەکەى بە چنگە کرێ گەورە بکات، تا دەستى لە ئیشێ گیر ئەبێ، ئەو حەلە لەجیاتى پاداشت ئازارى بدات.
بە مڵاکان خڕی دەکەنەوە، بە ئەسکوان دەیفەوتێنێ
مڵاک: کەوچکە. یەکێک ئەیڵێ کە بە چنگەکڕێ پارەیەک پەیدا بکات و یەکێکیتر بەبێ ژمارە خەرجى بکات.
بە میزی ختک باران نابارێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ بە پارەیەکى کەم ئیشێکى گەورە بکات. واتە ئەم ئیشە زلە بەم پارە کەمە ناکرێ.
بە مێردی نییە، بە خوڵایە
ئەگێڕنەوە کە پیاوێکى ساویلکەى بەسەزمان کچێکى ئەبێ لەپێش ئەوەى کە شوو بکات کوڕێکى ئەبێ، ڕۆژێ کابرا لەگەڵ چەند کەسێکدا دائەنیشێت باسى منالأ و مناڵبوون ئەکەن، کابراى خاوەن کچ ئەڵێ: بەخوداى بابم ئەمانە هیچ بە مێردى نییەو بە خوڵایە، فاتیلەى کچى من شووشى نەکردووە و خوڵامێکى ئێوەشى بووە.
بە مەقەڵییەوە بڕۆ بۆ سەربان، بە باوەشێن وەرە خوارەوە
واتە لە بەهاراندا زوو بچۆرە دەرەوە بۆ نووستن، لە پایزاندا زوو بڕۆرە ژوورەوە، چونکە سەرماى بەهار زەرەرى نییە، بەڵام سەرماى پایز زۆر خراپە.
بە مەلایەکیان وت: کاغەزێکمان بۆ بنووسە، وتی قاچم قەڵەشاوە
یەکێک قاچى بقڵیشێ ناتوانێ بە ڕێگا بڕوا. مەبەستى مەلا ئەوەیە کە بڵێ خەتەکەم ناخۆشە، ئەگەر ئەم کاغەزە من بینووسم ئەبێ هەر خۆشم بچم بیخوێنمەوە کە ناشتوانم بچم، چونکە قاچم قڵیشاوە.
بە نارێ و بە نێرگس، پڕی ئەکەت لە تڕ و تس
(نارێ) و (نێرگس) ناوى دوو ژنن، بە دوو کەسى تەمەڵى پیس و پۆخڵ ئەوترێ.
بە نان هات و بە ئاو خورا
بە شتێک ئەوترێ کە کتووپڕ ون ببێ.
بە ناڵە ناڵ، بە نووکە نووک، قۆجە دەهۆڵ خۆی کرد بە بووک
بە پیرێژنێکى تەڕپۆش ئەوترێ کە بە نازو نووز خۆى بگۆڕێ لە پیاوێک و خۆى لێمارە بکات.
بە نوستوویی لە هەموو وەختێکیتر چاکترە
بە یەکێکى زۆر خراپ ئەوترێ کە هەمیشە بە کارى خراپەوە خەریک بێ، وەختى نووستن نەبێ.
بە نەوگ مەردوم سەرئەبڕێ
نەوگ: لبادە. بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسەى خۆش و زمانى شیرین پیاو بکوژێ.
بە هەر چاوێ تۆ من ئەبینیت، هەر بەو چاوە منیش تۆ ئەبینم
واتە بەڕێزم ببینیت بەڕێزت ئەبینم، بەڕێزم نەبینیت بەڕێزت نابینم.
بە هەزار زاوا ماڵم نابێ ئاوا
یاخوا هیچ کەسێک پێویستی بە زاوا نەبێ.
بە هەزار سووژن گاسنێکی تیا نابێ
بە چەند شتێکى نیوە و نیوەچلأ ئەڵێن کە شتێکى تەواویان تیا نەبێ.
بە هەموو کەس ئەڵێیت خاڵە، پێویستە دایکی خۆت بناسیت
تا جیاى بکەیتەوە لەم هەموو خاڵە، بە یەکێک ئەوترێ کە بە یەک چاو تەماشاى هەموو کەسێک بکات.
بە پرسیار بەغدا ئەدۆزرێتەوە
پرسابە و دانابە.
بە پشیلەیان وت: گووت بە دەرمان ئەشێ، دەچوو ئەیکرد بە ژێر خۆڵەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ زانى ئیشێکیان پێیەتى، بچێ خۆى بشارێتەوە.
بە پشیلەیان وت: گووت بە دەرمان ئەشێ، دەچوو سەرچاوەى حەمامۆک ئەڕیا
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ زانى ئیشێکیان پێیەتى، بچێ خۆى بشارێتەوە.
بە پفێ دائەگیرسێ، بە تفێ ئەکوژێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسەیەک تووڕە ببێ و بە قسەیەک ئاشت بێتەوە.
بە پیرى ئەچێتە بەر هەویرى
بە یەکێک ئەوترێ کە لە پیریدا دەست بداتە ئیشێکى گران.
بە پێکەنینى زاڵم باوەڕ مەکە
چونکە دواى پێکەنینەکە کە بەسەریا هات ئەنێرێ بتکوژن بۆ ئەوەى ژنەکەت مارە بکا، یا خانۆکەت داگیر بکا.
بە پەتى خەڵق خۆت مەخنکێنە
بە یەکێک ئەوترێ کە چاو لە یەکێکى گەورەتر بکا لە خۆى، وە شتێک بکا کە پێى نەکرێ.
بە پەرێزیا نەچووە
واتە نزیکى نەکەوتۆتەوە.
بە پەڕێک سەر ئەبڕرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بەسەزمان بێ.
بە پەڕێک سەرى بڕە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بەسەزمان بێ.
20212223242526