بە دەرزى بیر هەڵناکەندرێ
واتە بە شتى بچووک کارى گەورە ناکرێ.
بە دەست بیدە و بەپێ دواى کەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە قەرز بدا بە یەکێک و لە پاشان دواى کەوێ و دەستى نەکەوێتەوە.
بە دەستى خۆت نەبێ، خورووى پشتت داناکەوێ
واتە ئیشى خۆت، خۆت نەبێ کەس بە دڵى خۆتى ناکا.
بە دەستى خۆم، چیم کرد بە خۆم
یەکێک ئەیڵێ کە کارێکى کردبێ و پەشیمان بووبێتەوە.
بە دەستى خۆى ئاگرى بەرداوەتە ماڵى خۆى
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى خۆى تووش کردبێ.
بە دەستى خەڵق مار ئەگرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بەسەر ماڵى خەڵکەوە پیاوەتى بکات.
بە دەستی خۆی ئاگری بەرداوەتە گیانی خۆی
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى خۆى تووش کردبێ.
بە دەستێک دوو کاڵەک هەڵناگیرێ
واتە دوو ئیش بە جارێک مەگرە دەست.
بە دەستێک چەپڵە لێنادرێ
یەکێک ئەیڵێ بە ئاوەڵێکى خۆى کە ئەوەندەى ئەم باشبێ لەگەڵ ئەو، ئەو وانەبێ، ئینجا ئەگەر دووهەم لە هێندێ شتا گلەیى کرد لە یەکەم، یەکەم بەم پەندە وەڵامى ئەداتەوە. واتە تۆش وەک من وابە تا منیش لە هەموو شتێکدا لەگەڵ تۆدا باش بم.
بە دەم و بە دەست، تێى وشیوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆرى خەرج کردبێ.
بە دەمى یەکا تفیونەتەوە
بە دوو کەس ئەوترێ هەرچى ئەمیان بیڵێت، ئەویش بیڵێت.
بە دەمێ ئەخۆن و بە قنگێ ئەڕین
بە دوو کەس ئەوترێ کە زۆر تێکەلأ بن و هەموو شتێکیان یەک بێ.
بە دەنگى مەلا باوەڕ ناکا، بە زەڕەى کەر باوەڕ ئەکا
بە قسەى یەکێکى هیچ و پووچى بێنرخ باوەڕ ئەکا.
بە زبان شێر ئەکاتە ڕێوى
واتە زبانى زۆر شیرینە.
بە زبانى شیرین مار لە کون دێتە دەر
واتە زبانى شیرین بۆ مەردوم زۆر پێویستە.
بە زستان جارێک ئەڵێن ساردە
بە یەکێک ئەوترێ کە توانجێکت تێبگرێ و هەموو ڕۆژێک بیڵێتەوە. واتە توانجت کە گرتە یەکێک جارێکیتر تێیمەگرەوە.
بە زستانا پینەو پەڕۆ، بە هاوینا ورد ورد بڕۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە توانجێکت تێبگرێ و هەموو ڕۆژێک بیڵێتەوە. واتە توانجت کە گرتە یەکێک جارێکى تر تێیمەگرەوە.
بە زمانی خۆم چیم کرد بە خۆم
ئەگێڕنەوە کە جۆڵایەک ژنێکى جوانى ئەبێت، بەم بۆنەیەوە زۆر سەرو دڵى خۆش ئەبێ و هەمیشە بەدەم کارەوە گۆرانى ئەڵێ. ڕۆژێ لە ڕۆژان ئاغاى ئەو شوێنە بە بەر ماڵى جۆڵادا ئەڕوا، گوێى لە دەنگى گۆرانییەکى زۆر بە جەخت ئەبێ. ئەمیش ئەچێتە ژوورەوە، دواى سڵاو لە جۆڵا، ئەپرسێ و ئەڵێ: وادیارە سەرو دڵت زۆر خۆشە. ئەویش ئەڵێ لە سایەى ئاغاوە کارم هەیەو ژنى جوانم هەیە، ئەگەر دڵخۆش نەبووم خوا ئەمگرێ. لەم قسانەدا ژنەکەى دێ بەسەردا، ئاغا کە چاوى پێ ئەکەوى زۆرى حەز لێئەکا، کە ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە ئەنێرێ بە شوێن جۆڵاو ژنەکەیا، ئەمانیش بە ناچارى ئەچن، ئاغا ئەڵێ: من ژنەکەم مردووە، ئەم ژنەى تۆ بۆ من باشە، تۆ ئەم ژنە تەڵاق بدەو بچۆ ژنێکیتر بۆ خۆت بێنەو خەرجى چى بوێ بۆت ئەدەم. کابراى جۆڵا بە ناچارى هەر لەوێ ژنەکەى بۆ تەڵاق ئەداو خۆى بە تەنیا ئەگەڕێتەوەو لەبەرخۆیەوە ئەڵێ: بە زوبانى خۆم، چیم کرد بەخۆم. لە پاش ماوەیەک ئاغا دووبارە بە بەردەمى ماڵى جۆڵادا ئەڕوا، کە تەماشا ئەکات مالأ کش و مات، دەنگى کەسى لێوە نایەت. کە ئەچێتە ژوورەوە ئەبینێت وا کابراى جۆڵا بە پەلەوە کەوتووە بۆ تەنیایى خۆى ئەگرى. ئاغا زۆر بەزەیى پیا دێتەوەو لەگەڵ خۆیا ئەیباتەوە بۆ ماڵەوە. تاقە کچێکى ئەبێ، لێى مارە ئەکات. لە پاش ماوەیەکى کەم ئاغاش ئەمرێ، هەرچى دارایى ئەبێ ئەمێنێتەوە بۆ ژنى جۆڵا. ئینجا کابراى جۆڵا ئەڵێ: (ئەگەر وا نەبووایە وا نەئەبوو)
بە زۆر بینێرن بۆ مازوان، بە دارا هەڵناڕوێ
واتە ئیش بە زۆرەملى ناکرێ.
بە زەبرى شوولک سەکسار سەما ئەکات
سەکسار: مەیموونى نێرى قنگ سوورە. واتە هەموو شتێک بە زەبرو زەنگ ئەکرێ.
بە زەڕەى کەر بەهار نایەت
بە یەکێک ئەوترێ کە بە هاشەو هووشە هیچى نەهێشتبێتەوە.
بە زەڵم و تانجەڕۆ پاک نابێتەوە
واتە زۆر پیس و گڵاوە.
بە سکی خاڵی ئاگربازی ناکرێ
واتە هیچ شتێک بەبێ پارە ناکرێ.
بە سکێ تێر و بە دوو برسی
بە مەردومى هەژارى برسى ئەوترێ.
بە سێ برا کڵاوێکیان هەیە
بە چەند کەسێک ئەوترێ کە بە هەموویان تاقە شتێک بەکاربهێنن.
بە سەبەتەش ناگوێزرێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر پەڕپووت و کەفتەکار بێ.
بە سەد تەبیب بەقەد دەردەدارێک نازانێ
چونکە ئەو بە دەستوورى تەبیبى شت ئەزانێ، بەڵام نەخۆش لە خۆیا شتەکەى تاقى کردۆتەوە.
بە سەد دەرزی گاسنێکی تیا نابێ
بە یەکێکى ناتەواوى نیوەچلأ ئەوترێ لە کارێکدا. واتە بە سەد کۆلکە خوێندەوار خوێندەوارێکى تیا نابێت.
بە سەد میچ میچێکى لێناباتەوە
بە مەردومى زۆرزان ئەوترێ.
بە سەر ئاوی حەمامەوە پیاوەتی ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ بە خۆڕایى مەردوم مەمنوون بکات.
بە سەر هەلدا مەچۆ
واتە زۆرجار هەل هەڵئەکەوێ وەک ئەسپێکى زینکراوى لغاوکراو بە بەردەمتدا ئەڕوات، خێرا دەست بدەرە لغاوەکەى و سوارى ببە، چونکە ئەگونجێ جارێکیتر ئەو هەلەت بۆ هەڵنەکەوێتەوە.
بە سەرم کەرەوە با بە سەلکە پیازێکیش بێ
واتە بمخوێنەرەوە با بە شتێکى زۆر بێنرخیش بێ.
بە سەرما نوستوو، بە گەرما هەستاوە
بە یەکێکى تەمەلأ ئەوترێ کە لە کاتى خۆیا ئیشەکانى نەکات.
بە سەریا بێ دۆو دۆشاو تێکەڵ ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ توڕە بوو، هەموو قسەیەک بکات.
بە شوێن کەری تۆپیوا ئەگەڕێ، ناڵی بکێشێتەوە
واتە زۆر لات و هەژارەو داوەشاوە.
بە شیری شوانیش باوەڕ ناکا
شیرى شوان ئەو شیرە بێخەوشەیە کە شوان لە دەشت ئەیدۆشێ بۆ خواردنى خۆى. بە یەکێک ئەوترێ کە بەد گومان بێ و هەرچى بێتە بەردەمى وابزانێ کە غەشى تیایە.
بە شەو جەردە، بە ڕۆژ مەردە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆرو ستەمیش بکات و پیاوەتیشى ببێ.
بە عارەب مەڵێ مەرحەبا، هەم ئەخوات و هەم ئەبا
واتە هێندێکى ئەخواو هێندێکى لەگەڵ خۆیا ئەبات.
بە عەبا ئەخوا و بە عەسا ئەڕوا
بە یەکێک ئەوترێ کە بگەڕێ بۆ ورگ لەوەڕاندن، وە عەبا بدات بە شانیاو هەر ڕۆژە میوانى ماڵێک بێت، ڕۆشتنەکەى بەقەد درێژى داردەستەکەى بێت.
بە فرمێسکی باوەڕ مەکە، تەماشای کردەوەی بکە
بە مردنى ناپاک ئەوترێ.