شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
بە تا ئەمگرێ و بە لەرز بەرمئەدا
واتە لە بەڵایەک نابمەوە بەڵایەکیتر تووشم ئەبێ.
بە تایەکی نۆزدە ڕەمەزانان ئەخوات
واتە بۆ خواردنى ڕەمەزان بە شوێن بیانوودا ئەگەرێ.
بە توندوتیژى ئیش ناچێتە سەر، بە زبانى شیرین مار لە کون دێتەدەر
واتە تا ئەتوانیت زوبانت لەگەڵ هەموو کەسێکا شیرین بێ.
بە توورەکەى بەتاڵ، ئەسپ ناگیرێ
واتە بە فڕوفێلأ ئیش ناکرێ.
بە تڕ حەمام گەرم نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ ناوێک وەرگرێ، بێ ئەوەى هەوڵێک بدا یا پیاوەتییەک بکا لەو ڕێیەدا.
بە تڕ گوێز ئەشکێنێ
واتە بە دەعیەو دەمارە.
بە تڕ گۆیژە ئەکێڵێ
واتە زۆر بە دەعیەو دەمارە.
بە تیرێ دوو نیشان ئەشکێنێ
بە قسەیەک ئەوترێ کە دوو مەعناى ببێ، وە بە هەر مەعنایەک شتێکى مەبەست بێ.
بە تەقەی تفەنگ دەرناکەوێ
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى دەرنەخا.
بە تەماشا، نابێتە پاشا
بە یەکێک ئەوترێ کە بە چاوى پیس تەماشاى نامووسى مەردوم بکات.
بە تەماشاکردن بووایە، سەگ زوو فێرى قەسابى ئەبوو
واتە فێربوونى هەموو شتێک هەر بە خوێندن یا تەماشاکردن نابێ، بەڵکوو بە مێشک و بە دڵە.
بە جاڕیا نەچووە
جاڕ: جێگەى هەموو دانەوێڵەیەکە کە دروابێتەوە. واتە بە پەرێزیا نەچووە.
بە جوو سەرت بخوسێنە، بە گاور بیتاشە
چونکە جوو زۆر دوژمنە، کە سەرت بخووسێنێ زۆر چاک هەڵى ئەگڵۆفێ تا ئازارت بدا، سەریش تا باشی بخوسێنرێ تاشینى خۆشترە، بەڵام بە گاور بیتاشە، چونکە لە جوو ئەمینترە.
بە حوشتریان وت: بۆچى ملت درێژە؟ وتى دووربینى پێئەکەم
واتە مەردوم تا دووربینى بکا، کەمە
بە حوشتریان وت: خەت، وتى نەمکردیە قەت
واتە بە حوشتریان وت وەک گاجوت هێڵێ لەو زەوییە بدە، وتى ئەمە کارى من نییە، یەکێک ئەیڵێ کە داواى شتێکى لێبکەن کە کارى ئەو نەبێ.
بە حوشتریان وت: کوڕت بوو، وتى بارى خۆم لەسەر پشتى خۆمە
واتە کەس یارمەتى کەس نادات.
بە حینجەوە لەبەریەتى
حینجە: خوێندنەوەى نووسراوە بە باسى سەروبۆر و ژێر و زەنەوە، بە یەکێک ئەوترێ کە شتێک بزانێ بە خۆى و هەموو لک و لۆو پەراوێزێکییەوە.
بە حەوت ئاو شۆراوەتەوە
بە شتێک یا بە کەسێک ئەوترێ کە لە شتێکیتر، یا کەسێکیتر باشتر بێ.
بە حەوت تەور ملى نابڕێتەوە
واتە قەڵەو و مل ئەستوورە.
بە حەوت ساڵان کوڕێک، ئەویش بۆرە جڕێک
بۆرە جڕە: باڵندەیەکى بۆرە وەک (فشەکڵاونە)، بەس ئەم بچوکترە و بێ کڵاوە، بە هەوڵدانێک ئەوترێ کە ئامانجەکەى شتێکى ڕێکوپێکى باش نەبێ.
بە حەوت کەسان نەئەچووە شایى، کە ئەشچوو بە حەوتان نەدەهاتە دەرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە تکا نەبێ دەست نەداتە کارێک، کە دەستیشى دایە، ئینجا بە تکا نەبێ دەستى لێهەڵناگرێ.
بە خاسە خاسە، ڕیایە کاسە
بە یەکێک ئەوترێ کە خەریکى کارێک بێ، وە هەر ئامۆژگارییەکى بکەیت لەو ڕووەوە، هەر بڵێ: خاسە، وەکى تریش هیچ.
بە خانمانە ئەیکەن و بە کارەکەرانە ئەیڕێژن
خانمى ماڵ، دڵى بە ماڵى خۆى ئەسووتێ، بەڵام کارەکەر مەبەستى نییە، وە ئەیڕێژێ، بە یەکێک ئەوترێ کە بە چنگە کڕێ مالأ کۆبکاتەوە و بە فیڕۆش بەختى بکات.
بە خاڵۆ خاڵۆ، خۆى خستە ماڵۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسەى خۆش خۆى بسەپێنێ بەسەر یەکێکا.
بە خاڵە خاڵە هات بەلامەوە، بوو بە هەژدیها داى بە پامەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە قسەى خۆش زەفەرت پێببا، تا پێتەوە ئەدا.
بە خوێنى سەرى تینووە
واتە دوژمنێکى زۆر سەختە.
بە خۆت بخۆ تێر، بە خەڵق مەکە خێر
بە یەکێک ئەوترێ لە دەمى خۆى و مالأ و مناڵى بگێڕێتەوەو بیکا بە خێر، واتە خۆت و مناڵەکانت تێر بکەیت هەر خێرە.
بە خۆشى زستان وە زەردەخەنەى دوژمن باوەڕ مەکە
چونکە کە وەختى خۆیان هات بستت بە قەرز نادەن.
بە خۆم بڵێن ئاغا، بە ژنەکەشم بڵێن ئاغاژن
بە تەوسەوە بە یەکێک ئەوترێ کە حەزى لە ناوى گەورە بێ.
بە خۆى زۆر پاک و خاوێن ڕائەگرێ
واتە خۆى زۆر پاک و خاوێن ڕائەگرێ.
بە خۆى چەندە، بەشى ویى هەر هەندە
واتە هەموو کەسێک بەپێى دەسەڵاتى خۆى بەشى دراوەتێ.
بە خەڵقى سەگ ئەوەڕێ، بە من پشیلەى ناتەواو
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە لە خۆى گەلێ خوارتر بێت، وە ناوى ئەمى بە خراپە بردبێ.
بە داتەو بە دوێتێ، ئیشێکیان کرد بۆى گووى لێتێ
واتە بە دایک و کچ ئیشێکى زۆر خراپیان کرد، بە دوو کەس ئەوترێ کە کارێکى پۆخلأ بکەن.
بە داریان وت: دوژمنێکت بۆ پەیدا بووە ناتهێڵێ، وتى: مەگەر کلکى لە خۆم نەبێ
واتە ئەگەر تەور کلکى لە خۆم نەبووایە وا قەلاچۆى نەئەکردم.
بە درێژى خۆتا ئەڕوانیت، بە پانى خەڵقیشا بڕوانە
واتە چۆن ڕێزى خۆت ئەگریت، ڕێزى مەردومیش بگرە.
بە دزى ئیزرائیلەوە ئەگەڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر پیرو ئیفتادە بێ، واتە وەختى مردنى هاتووە، بەڵام لە ئیزرائیل ون بووە.
بە دواى کەرى تۆپیودا ئەگەڕێ، ناڵى بکێشێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە پیسکەییدا گەیشتبێتە پەڕى ئەوپەڕ.
بە دوعاى پشیلە باران نابارێ
واتە وەنەبێ هەرکەسێک حەزى لە چی بێ، ئەوەى دەستکەوێ.
بە دوعاى کەر جۆ نابارێ
واتە وەنەبێ هەرکەسێک حەزى لە چی بێ، ئەوەى دەستکەوێ.
بە دۆش ئەژەنێ
واتە بە هەموو خواردەمەنییەک ڕازییەو دائەکەوێ.
18192021222324