بۆرە نەبێ، بازە بێ، دەستەو سارى تازە بێ
زۆرتر لە زوبان یەکێکەوە ئەوترێ کە هەر چاوى لە ژنهێنانەوە بێ.
بۆز بەلەڕیى
ئەگێڕنەوە کە کابرایەک ئەسپێکى بۆزى لەڕى ئەبێ، بەهار دێت، ئەسپەکە تێر ئەخواو قەڵەو ئەبێتەوە و دەست ئەکا بە حیلە حیل و چەپۆکان. ڕۆژێک کابراى خاوەنى ئەخاتە خوارەوە. ئەمیش ئەڵێ: (بۆز بە لەڕى). ئینجا ئێستا ئەم پەندە بەکاردێنرێ بۆ هەموو کەسێک کە لەپاش هەژارى دەوڵەمەند ببێ و لەخۆى بگۆڕێ.
بۆق پێوە بدا نەوعى مار نییە
واتە ستەمى ستەمکارى بچووک گەلێ لە ستەمى ستەمکارى گەورە قورسترەو گرانترە.
بۆنى شیرى خاو لە دەمى دێ
واتە مناڵە.
بۆیە ئەڵێم هاوین خۆشە، چونکە کەس ناڵێ، مام گونان داپۆشە
واتە هەرچى و بە تێکڕا لەناو مەردوما نەنگى تیا نامێنێ.
بۆیە لێت ئەدەم پێستەکە نەخورێ، کە خورا چى تیا ئەمێنێ
ئەڵێن دەباخچییەک شاگردێکى تەمەڵى ئەبێ، ڕۆژێ پێستەیەکى ئەداتێ کە چاکى بکا، وە پێشەکى تێرو پڕى تێهەڵئەدا. ئەم پەندەى پێ ئەڵێ، واتە (علاجى واقعە پێش أز وقوع باید کرد).
بۆیە نەڕژاوە، نەپژێ
لە ماڵێکى گەورەدا کە بە پاى پیلان تیابکرێ و تیا بخورێ، ئەگەر یەکێک وتى: ئەمە خوا هەڵناگرێ تۆزێ دەست بگرنەوە، بەم پەندە وەڵام ئەدرێتەوە. واتە بۆیە بەم ڕەنگە هەڵڕێژراوە، کە بش پژێ و خەساریش ببێ.
بۆیە پێت ئەڵێم مامە، چۆلەکەم بۆ بگریت
یەکێکى بچووک بەکێکى گەورەى ئەڵێ. واتە بۆیە بچوکیت ئەکەم کە چاوت لێمەوە بێ.
بیانووى تڕ نانى جۆینە
بە کێک ئەوترێ کە ئیشێکى ناشرینى قەوماندبێ و بیانوویەکى هیچ و پووچى بۆ بێنێتەوە.
بیر بە دەرزى هەڵناکەندرێ
واتە هەموو کارێک چەند جۆرە ئامێرو هۆکارێکى تایبەتى ئەوێ، کە بەبێ ئەو شتانە ئەو کارە ناکرێ. ئینجا مەبەست لەم پەندە ئەوەیە کە هەر کارەى بە ئامێرى خۆى ئەبێ بکرێ.
بیسم الله کردن، کارى کەم چیزییە
واتە شت کە کەم بوو –بۆ ئەوەى پیت و بەرەکەتى تێبکەوێ (بسم الله) ى زۆرى بۆ ئەکرێ، بەڵام کە شتەکە زۆر بوو ئەوەندە (بسم الله) ى لەسەر ناکرێ.
بێ "نا" ئەیژەن، ئێستا نایشى بەدەستەوەیە
"نا" زۆڕنایە. واتە جاران بێ هۆ کەوتبووە جووڵە جوولأ و هەلەکەسەما، ئێستا هۆشى بە دەستەوەیە.
بێ ئەو پەنجە ناکا بە ئاوا
واتە زۆر فەرمانبەریەتى.
بێ بوار لە ئاو ئەدا
بڕ: بوارە، واتە بێ بوار لە ئاو مەدە، بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاروبار ورد نەبێتەوە.
بێ بڕ لە زێ مەدە
بڕ: بوارە. واتە بێ بوار لە ئاو مەدە. بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاروبار ورد نەبێتەوە.
بێ دەرپێ گەورە بووە، بۆیە وا هەڵچووە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کۆڵانان گەورە بووبێ.
بێ دەرپێ، دوو گەز جاو ئەسێنێ لە خوا
واتە هەر کەسێک بە هەرچى پێویست بێ لەبیرى ئەوەدایە.
بێ دەست شکاندن، نگین ئەشکێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەر بە قسە یەکێک بشکێنێ، بێ ئەوەى دەستى لێبوەشێنێ.
بێ دەنگە وەک مێروو، بەسامە وەک نێروو
نێروو: لەشکرە، بە یەکێک ئەوترێ کە بێدەنگ و بەسام بێ.
بێ زۆڕنا هەڵئەپەڕێ
واتە بەبێ هۆ کەوتۆتە جووڵە جووڵ و هەلەکەسەما. بە کەسێک ئەوترێ کە شووڵى بێ عارى لێهەڵکێشابێ.
بێ ناوى، لە بەدناوى چاکترە
چونکە ناو کەس ناوى نابات نە بە باش و نە بە خراپ، بەڵام بەدناو هەموو کەسێک تف و نەفرین (لەعنەت)ى لێئەکات.
بێستان بێ سەرەکەر، نابێ
واتە هەموو شتێ ڕوویەکى ناشرینى ئەبێ ببێ.
بێعار: داى لە دەریا وتى: تەڕ تەڕ نەباشەد
بە مەردومى بێعار ئەڵێن کە هیچى پێ نەنگ نەبێ.
بێعار، داى لە دەریا، تەڕ نەبوو
بە مەردومى بێعار ئەڵێن کە هیچى پێ نەنگ نەبێ.
بێعاریان خستە جەهەنەمەوە، وتى دارەکەى تەڕە
بە مەردومى بێعار ئەڵێن کە هیچى پێ نەنگ نەبێ.
بێعاریان خستە جەهەنەمەوە، وتى سەرمامە
بە مەردومى بێعار ئەڵێن کە هیچى پێ نەنگ نەبێ.
بێوڵەم بوو بە دوو، تێرم نەخوارد لە گوو
ژنێکى هەژار ئەیڵێ کە مناڵەکانى زۆر بووبن و گوزەرانیان بەم بۆنەیەوە کەم و کوڕ بووبێ.
بێوەژن ئەستوونێ ماڵى زێڕ بێ، خێرى پێ دەشێ
چونکە هەمیشە ئەکڕوزێتەوە و خۆى نەدارا نیشان ئەدا.
بێوەژن بە تەماى مارەیى نەبوو، داواى هەشت یەکى ئەکرد
بە یەکێک ئەوترێ کە زیاد لە مافى خۆى داوا بکات.
بێچووى مراوییە
بێچووى مراوى وەک باوک و دایکەکەى هەر کە سەرى لە هێلکە جووقا مەلەوانە. ئینجا ئەمە بە یەکێک ئەوترێ کە کوڕى پیاوێکى باش بێ و ئەمیش هەر لە مناڵییەوە وەک باوکى باش بێ.
بێژنگ ئەباتە بەر مانگا
بە کێک ئەوترێ کە لەوەوپێش لەبەر لووتبەرزى شتێکى نەویستبێ، لە پاشا زۆر بۆى پەشیمان ببێتەوە و بە هەموو ڕەنگێک هەوڵى بۆ بدات.
بێژنگێ بگرە بە ڕووتەوە
بە تەوسەوە بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکا شەرم بکا.
بێکەسى هەر بۆ خوا باشە
مەردومى بێکەس ئەیڵێ کە خوا نەبێ کەسیتر شک نەبا.
بێگانە بێدە، لە سارى بێگانە نیشتن هەر نائومێدە
بێدە: بەدە، نیشتن، دانیشتن.
بێگانە، یەک مەیدانە
واتە بێگانە ئەگەر لەگەڵتابێ هەر لە یەک مەیدانا لەگەڵتا ئەبێ، بەڵام خزم لە هەموو مەیدانێکا لەگەڵتایە، خۆش یا ناخۆش.
بێڵەقوڕ بە دەست خەڵقەوە ئاسانە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشى قورس و گرانى مەردوم بە سوک و ئاسان بزانێ.
بە بابێ و بە باران، لە عومرى بەفرە زیان
یەکێک بەکارى ئەهێنێ کە لە هەموو لایەکەوە زەرەرمەند بێ.
بە باڵى یەکێکى تر ئەفڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو ئیشێکى بەهۆى ئەم و ئەوەوە بۆ بکرێ.
بە بوار نەگەیشتووە، دەرپێ دائەکەنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەپێش وەختا خۆى ئامادە بکا بۆ کارێک.
بە بۆنى کەبابەوە هات، نەیزانى کەر داخکردنە
بە یەکێک ئەوترێ بە هیوایەکى باشەوە ڕوو بکاتە شوێنێک و وادەرنەچێ و بە بێ هیوا بگەڕێتەوە.