بووە بە کەوڵ سوورى بەر لەشکر
بە یەکێک ئەوترێ کە فیتنەو ئاژاوە بگێڕێ.
بووە بە گاکەى مام عەلى
ئەگێڕنەوە کە مام عەلى ناوێک گایەکى بووە، جووتى بۆ هەموو کەسێک کردووە بۆ خۆى نەبێ. ئینجا ئەمە بە یەکێک ئەوترێ کە خێرى بۆ مەردوم ببێ و بۆ خۆى نەبێ.
بووە بە گاکەى مامە حاجى، لە هێڵى خاوەنیا ناگەڕێ
هێلأ: کێرى جووتە، بە یەکێک ئەوترێ تا بێگانە وێستابێ خزمەتى کەس و کارى خۆى نەکا.
بووە بە گوێزى ناوبێژەنگ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەردەمە لە شوێنێک بێ.
بووە بە گیسکەکەى هەیاسى خاس
ئەگێڕنەوە کە سوڵتان مەحموودى غەزنەوى، گیسکێک ئەداتە دەست هەیاسى خاس، وە پێى ئەڵێ: ئەم گیسکە تا لێى ئەپرسمەوە نابێ نە زیاد بکا و نە کەم، ئەویش دایئەبەستێ، بەڵام بێچووە گورگێکیشى بەدیارەوە ئەبەستێتەوە، گیسکەکە هەرچەند چاوى بە گورگەکە ئەکەوێ لە ترسانا گەشە ناکات، کە سوڵتان مەحموود لێى ئەپرسێتەوە، ئەبینێ گیسکەکە نە قورس بووە نە سووک. ئینجا ئەمە بە یەکێک ئەوترێ کە لە ترسى شتێک گەشە نەکات.
بووەتە نێرەکەرەکەى برایمە شینێ، لە جێیان قونێ دەدا، لە ماڵدا بەسەر ئێمەیدا دایدێڵێ
بە یەکێک ئەوترێ لەناو مالأ و مناڵى خۆیا تووڕەو تڕۆو بە زەبرو زەنگ بێ، لە دەریشەوە مرۆڤێکى بێدەسەڵاتى بێدەنگ و سەنگ بێ.
بچۆرە ژێر لۆسێک کە بیتوانیت
واتە دەست مەدەرە شتێک کە دەرەقەتى نەیەیت.
بچیە ئەو شوێنەى کە ئاو ئەڵێ کس
نزاى خراپە لە یەکێک ئەکرێ. واتە بکەوێتە شوێنێکەوە کە ئاوى تیا دەستنەکەوێ.
بچیە خۆراسان، هەر دێیەوە سەر کەوڵ و کاسان
واتە هەرچەند پێ لە بەڕەى خۆت ڕاکێشیت، ئاخرێکەى قاچ هەر هەڵەکێشیتەوە.
بچیە سەر دارێ، ئەکەویە خوارێ
واتە زۆر هەوڵى بەرزبوونەوە مەدە با ملت نەشکێ.
بچێتە سەر سیروان، وشکى ئەکا
واتە زۆر بەدبەخت و چارە ڕەشە.
بڕوا بە مشک بکە، بە ئاشەوان مەکە
واتە ئەگونجێ مشک لە باراشەکەت نەخوات، بەڵام قابیل نییە ئاشەوان لێى نەدزێ.
بڕوانە هامسەران، بزانە چێشمەکەران
واتە لە مەردومەوە فێرى شتى باش ببە.
بکوژێ قەساو، ببڕێ قەساو
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچى بکا بیکا و هەر خۆى حساب بێ.
بڵاو بڵاو، سەگى گڵاو
واتە بڵاوەى لێبکەن سەگى گڵاو هات. بە یەکێکى زۆر خراپ ئەوترێ کە ڕوو بکاتە کۆڕێک.
بۆ ئەوە ئەشێ بە کێرى کەر لە پشتى کیسەڵ بنووسرێ
بە قسەیەکى زۆر دوور ئەوترێ کە ژیرى و بیرەوەرى نەگرێ.
بۆ بەرخى هەژار چ گورگ و چ سوار
بە دەوڵەمەندێکى زەبوون ئەوترێ کە هەموو زۆردارێک چاوى تێبڕى بێ.
بۆ بەرخى هەژار گورگ چ هێمن بێ و چ هار
بە دەوڵەمەندێکى زەبوون ئەوترێ کە هەموو زۆردارێک چاوى تێبڕى بێ.
بۆ حسین ناگرى، بۆ هەریسە ئەگرى
واتە ئەوانەى کە بە دیمەن بۆ کوشتنى حسین ئەگرین، بۆ ئەوەیە کە قازانج و دەستکەوتنەکەیان پایەدار بێ، تەنانەت ئەگەر حسین زیندوو بێتەوەو بێتەوە دنیا، هەر ئەوانەى کە بۆى ئەگرین ئەیکوژنەوەو لەژێر گومەزى زێڕو زیوا ئەینێژنەوە و بۆى ئەگرینەوە تا بازاڕەکەیان کز نەبێ و دەستکەوتەکەیان وەک جاران بمێنێ.
بۆ خەڵقى ئەدا فتواى سەنگەسار، خۆشى کەرەکە ئەگرێتە بەر کار
بە یەکێک ئەوترێ کە گوفتارو کردارى لەیەک جیاواز بێ.
بۆ دۆستى هەزار کەمە، بۆ دوژمنى یەکێک زۆرە
چونکە ئەو تاقە یەکە ئەتوانێ ئیشى زل بکات.
بۆ دەسماڵێک، قەیسەرییەک ئاگر ئەدا
بە یەکێک ئەوترێ کە بۆ قازانجێکى خۆى ماڵى عالەمێک وێران بکات.
بۆ سى و جگەرێک، مەڕێک مەردار ئەکاتەوە
ئەم پەندە بە مەعنا پەندى پێنجەمە لە پێشەوە.
بۆ سۆى لێهەڵناستێ
واتە زۆر شڕو وڕە.
بۆ فاسق، گەزۆ ئەبارێ
بە پیاوى خراپى بەختیار ئەوترێ.
بۆ قەسابییەک، بزنێک مردار مەکەرەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێک نەزانێ، بیەوێ خۆى بیکا بۆ ئەوەى مز (حق)ى کردنەکەى بۆ بمێنێتەوە.
بۆ نانێک، ماڵى خۆى جیا ئەکاتەوە
بە مەردومى ڕژدى چرووک ئەوترێ.
بۆ نەفسێم نییە، بۆ قەدرێمە
یەکێک ئەیڵێ کە لەناو کۆمەڵکا خواردنێک یا خواردنەوەیەک بگێڕێ و بەم نەدرێ و گلەیى بکات. واتە گلەیەکەم بۆ خواردنەکە نییە، بەڵکوو بۆ ئاوەلأ کەمییە.
بۆ نەوس خۆى خستە حەوز
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ چاوى کەوت بە خواردن نەنگە نەزانێ چییە.
بۆ هەر دەردەو مەردێک
واتە بۆ هەر گرێیەک مەردێک هەیە کە بیکاتەوە.
بۆ پیاوى ژیر، ئیشارەتێک بەسە
واتە دانا بە درکاندن، کەریش بە نەقیزە.
بۆ چ خومخانەیە
بە کێک ئەوترێ کە داواى کارێکى قورست لێبکا بە زوو بە زوویى. واتە وا زوو بە زوو تەواو نابێ.
بۆ چ سێبەرى بن ئەشکەوتە
بە کێک ئەوترێ کە خوو بداتە شوێنێک و هەمیشە بچێ لەوێ ڕابوێرێ. واتە ئەوەندە مەیە.
بۆ ڕیش چووم، سمێڵم نایە بانى
یەکێک ئەیڵێ کە بۆ قازانجێک بچێ کەچى بە زەرەرەوە بگەڕێتەوە.
بۆ کونێک هەزار کون لە خۆت مەکە
واتە ئەگەر تووشى گرێ کوێرەیەک بوویت لە ژیانتا و ویستت ئەو گرێیە بکەیتەوە، باشى بکەرەوە، وە گرێ کوێرەى تر بۆ خۆت پەیدا مەکە.
بۆ کوێر، شەو و ڕۆژ چوونیەکە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکا نەشارەزا بێ.
بۆ کێێک، گایەک لەکیس خۆت مەدە
بە مەردومى تەماعکار ئەوترێ.
بۆ گیسکێک، گایەک لەکیس خۆت مەدە
بە مەردومى تەماعکار ئەوترێ.
بۆ یەکێ بمرە، بۆت بمرێ
واتە دڵسۆزى لەگەڵ یەکێکا بکە کە ئەویش لەگەڵ تۆدا دڵسۆز بێ.
بۆت ئەنووسمەوە کەڵتەکە، لاى برا کۆڵ
کەڵکە: ناوى دێیەکە. یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە دووهەم بەڵێنى شتێکى دابێ پێى، لە پاشا حەواڵەى بکا بۆ شوێنێکى دوور و بۆ لاى یەکێکى هیچ و پووچ کە گوایا ئەو شتەکەى بداتێ.