بوو بە شاییەکەى بناویلە
بناویلە: دێیەکە لە شارباژێر. ئەگێڕنەوە کە جارێک کوێخاى ئەم دێیە شاییەک ئەکات لە نزیک تەواوبوونى شاییەکە پیاوێکى گەورە بە چەند سوارێکەوە لا ئەداتە دێکە، وە شاییەکە بە کوێخا تازە ئەکەنەوە، لە پاشان ئەڕوات، هەر ئەو پشت هەڵئەکات، تیپەنە سوارێکیتر لائەدەن، ئەمانیش شایى بە کوێخا تازە ئەکەنەوە، ئیتر بەمجۆرە تا ماوەیەکى زۆر شایى درێژە ئەسێنێ. لە پاشدا کوێخاى بەسەزمان هیچى نامێنێ و ئاواییەکەى وێران ئەبێ، ئینجا ئێستا ئەم پەندە لە حەلێکا ئەوترێ کە قسەیەک قسەى زۆر ڕابکێشێ، یا کارێکیتر بێنێتە پێشەوە.
بوو بە مارەکەى شێخ هۆمەر لە ملى ئاڵا
چیرۆکى ئەم مارە، لە پەندى (شەرعى مار، بە دار) دا نووسراوە.
بوو بە مووى لووت
بە یەکێک ئەوترێ کە تۆ لێى وەڕس بى و ئەو لێت نەبێتەوە.
بوو بە هات هاتەکەى ڕۆم
بە شتێک ئەوترێ کە هەر بڵێن: واهات، کەچى هیچیشى دیار نەبێ.
بوو بە کورتانەکەى دەجال
بە شتێک ئەوترێ کە هەرچەند دەستى بدرێتێ هەوڵى تەواوکردنى بدرێ، تێکبچێ.
بوو بە کوردەکەى لە هەردوو جەژنان بوو
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەردوو سەرەوە نائومێد مابێ.
بوو بە کێچ و چووە کەوڵى
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەردوو سەرەوە نائومێد مابێ.
بوو بە کێچ و چووە گوێچکەیەوە
واتە زۆرى سەرنایە سەر.
بوو بە گووى مەلوان
بە شتێک ئەوترێ کە پەرش و بڵاو بێتەوە.
بوو بەو ڕۆژەى قەرەوەیسى تیا کوژرا
بە ڕۆژێک ئەوترێ کە زۆر قەرەباڵغ و چڕوپڕ بێ، وە بگرەو بردەى زۆرى تیا بێ، بە جۆرێک کە مەردوم وەڕس ببێ لە خۆى.
بووم بە مریشکەکەى رابى، لە هیچ کولانەیەک جێگەم نابێتەوە
بووم بە کاسەى چاڵەوان
جاران چاڵە گەنم پاسەوانى بەسەرەوە بووە، ئەو پاسەوانە کاسەیەکى بووە، هەموو خاوەن چاڵێک پڕ بەو کاسەیە گەنمى داوەتێ. ئینجا چونکە چاڵەکان زۆر بوون، ئەو کاسەیە هەمیشە دەستاو دەستى پێکراوە. واتە دەستاو دەستم پێمەکەن و ئازارم مەدەن.
بووک نیەتى شیوى شەوێ، ئەموستیلەى دەستى ئەوێ
بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ کە پەڵپێک بگرێ.
بووک نیەتى شێوى شەوێ، ئەموستیلەى لێمان ئەوێ
بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ کە پەڵێک بگرێ.
بووکى ساڵێ، بەردەرە ماڵى، ئەگەر نەیکرد بهاوێ چاڵێ
بووکى نزیک باوان، بەکەڵکى چى دێ
چونکە هەمیشە ئەچێتەوە ماڵى باوانى.
بووکى پوور، جێگاى لەسەر تەنوور
بە بووکێک ئەڵێن کە خەسووەکەى پوورى بێ، وەلەلاى خۆشەویست نەبێ.
بووکێ لەگەڵ تۆمە، خەسوو گوێت لێبێ
بە یەکێک ئەیڵێ کە قسە لەگەڵ یەکێک بکا و یەکێکى ترى مەبەست بێ.
بووکێ نیەتى شێوى شەوێ ئەموستیلەى لێمان ئەوێ
بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ کە پەڵپێکت لێ بگرێ.
بووکێکمان هێنا بێ بارگەو بنە، کوتەک هەڵئەگرێ ئەڵێ ماڵ ماڵى منە
بە بووکێک ئەوترێ کە زەبرو زەنگى ببێ.
بووکێکمان هێنا بێ بارگەو بنە، کوتەک هەڵئەگرێ ئەڵێ نۆرەمە
بە بووکێک ئەوترێ کە زەبرو زەنگى ببێ.
بووکێکمان هەیە ناشى و نەزان، تاوێ هۆڕ ئەکا و تاوێ خوێدان
بە مەردومى ناشى ئەوترێ.
بووکێکمان هەیە ناشى و نەزانە، تاوێ هۆڕ ئەکا تاوێ هەمانە
بە مەردومى ناشى ئەوترێ.
بووکەکەمان جوان بوو بالووکەشى دەردا
بە یەکێکى ناشرین ئەوترێ کە عەیبێکى تریشى لێ پەیدابێ.
بووکەکەمان زۆر جوانە، بالووکەیەکیشى لە لێوانە
بە یەکێکى ناشرین ئەوترێ کە عەیبێکى تریشى لێپەیدا بێ.
بووکەکەى پەنا دیواریت، ڕۆژ هەموو بەتاڵیت، بە شەو ناوماڵ ئەماڵیت
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ناوەختا ئیش بکا.
بووە بە بزنمژە، بە زمانێ ئەڵێ خۆش بە زمانێکیش ئەڵێ مژێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە خۆشە خۆشە، دەم بژەنێتە خواردنێک تا هەمووى ئەخوا.
بووە بە بزنەکەى ئەخفەش
ئەخفەش: یەکێکە لە زانا ناودارەکان، کە لە ساڵى 793ى کۆچى، کۆچى دوایى کردووە. ئەگێڕنەوە کە ئەم زانایە تاقە بزنێکى دۆشەنى بووە لە ماڵا، بە ڕۆژ کە قوتابییەکانى لێى کۆئەبوونەوە دەرسیان ئەخوێند، بزنەکەش ئەهات لە تەنیشتیانەوە ئەکەوت و دەستى ئەکرد بە کاوێژکردن و سەیرکردنیان، تا لێئەبوونەوە، وەک گوێیان لێبگرێ وابوو، ئیتر لەمەوە بڵاوبۆوە هەرکەسێک لە شتێک نەگەیشتیایە، پێیان ئەوت بووە بە بزنەکەى ئەخفەش.
بووە بە بە درۆزنەکەى ئاگر لەماڵچوو
بە یەکێک ئەوترێ ئەوەندە درۆى کردبێ کەس پێى باوەڕ نەکا.
بووە بە بەرەگى گولى لێمنابێتەوە
بە شتێک ئەوترێ کە هەمیشە لەگەڵتا بێ و لێت دوورنەکەوێتەوە.
بووە بە بەکر مەرگەوەر
بە یەکێکى زۆربڵێ ئەوترێ کە هەرگیز چاک نەڵێ.
بووە بە دارى سەرەڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو ڕۆژ خەڵکى لابدەنە لاى و لەلاى بحەسێنەوەو بەهرەمەند ببن.
بووە بە دارى پەڵک
بە شتێک ئەوترێ کە بێبەر بێ.
بووە بە سوورى دوو دووگر
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر تەماعکار بێ و لە بەشى خۆى زیاتر هەڵگرتبێ.
بووە بە میزى حوشتر، هەر بۆ دواوە ئەگەڕێتەوە
بە شتێک ئەوترێ کە ڕۆژ بەڕۆژ کزببێ و بێنموود ببێ.
بووە بە مەقەست، هەرکەسێ دەستى بۆ بەرێ دەم دائەچەقێنێ
بە یەکێکى بێ شەرم ئەوترێ کە لەگەڵ قسەیەکى لەگەڵ بکرێ تووڕە ببێ و قسە بڵێ.
بووە بە مەلەوانەکەى کوندە لەدەست بەربوو، بەر ئەچێ ئاو ئەیبا، دوا ئەچێ گورگ ئەیخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە کارێکا گیرى خواردبێ، بە جۆرێک کە نەتوانێ جووڵە بکات.
بووە بە هەورامى لە کۆڵى خۆى ئەخوا
واتە لە دیارى خۆت مەخۆ.
بووە بە کتکە نەوتینە
واتە چڵکن و پیسە.
بووە بە کەرى ناو جۆگە، لە هەردوولا ئەخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە دوو شوێن بەهرەمەند ببێ.