شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
برنجیان نیشاندا، ماشیان دەرخوارد دا
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ ژن بێنێ، ئینجا کچێکى جوانى نیشان بدەن و یەکێکى ناشرینى لێ مارە بکەن.
برێشکەى جۆ ئەخوا، بە سابوون دەست ئەشوا
واتە زۆر پاک و تەمیزە.
بزانە زانست لەکوێ هێلانەى کردووە
واتە زانین لە کوێیە بۆى بچۆ.
بزن ئەڵێ بپژمم و نەتڕم، بە شاخ قنگى خۆم ئەدڕم
بە یەکێکى تەماعکارى پارەپەرست ئەوترێ کە هەرچى بەردەست کەوت خۆى تیا بەدناو بکا.
بزن بۆ شەوێک جێى خۆى خۆشئەکات
بە یەکێک ئەوترێ کە تەمەنێکى ڕابوردبێ و هێشتا خانوویەکى بۆ خۆى دروست نەکردبێ.
بزن بە تەشپییەک خۆى بەخێو ناکرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هیچێکى واى نەبێ و بیەوێ ژن بێنێ. واتە ژن و مالأ بە تەنەکەیەک جۆ و تەشپییەک خۆى بەخێو ناکرێ.
بزن بەپێى خۆى ئەکرێ بە داراو مەڕیش بە پێى خۆى
واتە کەس گوناهى کەس هەڵناگرێ.
بزن تارەت هەڵناگرێ
تارەت: لە (طهارة)ى عەرەبییەوە هاتووە کە بە مەعناى دەستنوێژە. واتە بزن دەستنوێژ ڕاناگرێ، چونکە زۆر ئەتڕێ. بە یەکێک ئەوترێ کە پاکى هەڵنەگرێ و زۆر زوو خۆى پیس بکا بە کردار، یا بە گوفتارى خراپ.
بزن خەمى گیانیەو قەساب خەمى بەز
واتە هەرکەس خەمى خۆیەتى.
بزن دوانزە مانگە قنگى بە دەرەوەیە، ئەگەر هى مەڕ جارێک دەرکەوێ لێى ئەکەن بە هەرا
بە یەکێک ئەوترێ کە هەمیشە خەریکى بەدکرداری بێ، کەچى یەکێکیتر کە لەگەڵ هەڵەیەکى کرد خێرا لێى بکا بە هەرا.
بزن سمە کڕێ ئەکا، جێى شەوى خۆش ئەکا
تەماشاى شەش پەند پێش ئەم پەندە بکە.
بزن شیردا بۆ داپێر، داپێر کلکە قوڵێم بداتەوە
ئەگێڕنەوە: کە پیرێژنێک بزنێکى ئەبێ بە شیرەکەى ئەژى، ڕۆژێ ئەبینێ شیرەکەى خوراوە، ڕۆژى دوایى خۆى مات ئەدا، ئەبینێ وا پشیلەیە دێتە سەرى، ئەمیش قیمەکێشێک ئەماڵێ بە کلکیا ئەیقرتێنێ. پشیلەکە ئەڕوا، سبەینێ دێتە سەر پیرێژنەکە، ئەڵێ داپیرە کلکە قوڵێم بدەرەوە، ئەویش ئەڵێ: تۆ شیرى بزنەکەمت خواردووە، بچۆ بۆ لاى دار، گەڵام بۆ بێنە تا بیدەم بە بزنەکەم و شیرى زۆر بێ، ئەو حەلە کلکە قۆڵێت ئەدەمەوە، پشیلەکە ئەچێ بۆ لاى دار، ئەڵێ: دار گەڵا بکە بۆ بزن، بژن شیر بۆ داپیر، داپیر کلکە قوڵێم بداتەوە، داریش ئەڵێ بڕۆ ئاو بێنە لەکانى بۆ ژێرم تا گەڵا دەردەم. پشیلەش ئەچێتە سەر کانى و ئەڵێ: کانى ئاو دە بۆ دار، دار گەڵا کا بۆ بزن، بزن شیر بۆ داپیر، داپیر کلکە قوڵێم داتەوە، کانى ئەڵێ: بڕۆ کچ بێنە لەسەرم هەڵپەڕن تا ئاوەکەم بتەقێ بۆ دارەکە، ئینجا ئەچێ بۆ لاى کچ، ئەڵێ: کچ چۆپى کە لەسەر کانى، تا کانى ئاودا بە دار، دار گەڵا کا بۆ بزن، بزن شیر بۆ داپیر، داپیر کلکە قوڵێم داتەوە، ئەویش ئەڵێ: بچۆ بۆ لاى وەستا کەوشم بۆ بکا تا بێم هەڵپەڕم، ئینجا ئەچێ بۆ لاى وەستا، ئەڵێ: وەستا کەوشکە بۆ کچ، کچ چۆپى کا لەسەر کانى، کانى ئاودا بۆ دار، دار گەڵا کا بۆ بزن، بزن شیر بۆ داپیر، داپیر کلکە قوڵێم داتەوە، ئینجا وەستا کەوش ئەکا بۆ کچ، کچیش ئەچێ چۆپى ئەکا لە کانى، کانى ئەتەقێ، دارو درەخت ئاو ئەدا، هەموو گەڵا ئەکەن تا بزن تێر ئەخواو شیرەکەى زۆر ئەبێ، ئینجا داپیر کلکە قوڵێى پشیلەکە ئەداتەوە. ئێستا ئەم پەندە بە یەکێک ئەوترێ کە گیروگرفتی زۆر بێنێتە کارێک و درەنگ بیدا بەدەستەوە.
بزن لە حیزیدا نەئەچوو بەڕێوە، ئەیانکرد بە حەچەى ڕان
حەچە، ئەو گیانلەبەرەیە کە زەنگۆڵەى ئەکەنە مل و پێش ڕانى ئەخەن. بە یەکێک ئەوترێ کە کاروبارى خۆى پێهەڵناسوڕێ، کەچى کاروبارى مەردومى پێئەسپێرن.
بزن لەتاو گیان، قەساب لەتاو گۆشت
واتە پەلە ئەکەن.
بزن نەیخورێ بن فیچکى رانى، چ ئیشى هەیە بە نانى شوانى
واتە کۆمى گەر نەخورێ بزن بۆچى ئەخوا نانى شوان.
بزن کە ئەجەلى هات، نانى شوان ئەخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە توخنى شتێکى خۆشەویست و بەنرخى یەکێک لە خۆى گەورەتر بکەوێ.
بزن کە خوا بیگرێ، نانى شوان ئەخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە توخنى شتێکى خۆشەویست و بەنرخى یەکێک لە خۆى گەورەتر بکەوێ.
بزنى گەڕۆڵ لە سەرچاوەوە ئاو ئەخواتەوە
بە یەکێکى بێنرخ ئەوترێ کە شوێنێکى بەرز و بەنرخى گرتبێ.
بزنێ نەخواردم، کاوڕێ جرنگانم
یەکێک ئەیڵێ کە قازانجى لە یەکێک نەکردبێ، کەچى ئەمڕۆ لەپێناوى ئەوا تووشى زیان ببێ.
بزنێک ئەقاڕێنێ کە چۆڕێ شیرى ببێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هیچى لەبارا نەبێ و گاڵتەش بە مەردوم بکا.
بزنە قوت لەمن چوو، سەربنێ بە هەزارەوە
واتە بزن قووت ون بووە و لەدەست من چوو، خواى ئەکرد ڕووى ئەکردە هەزار شوێن و سەرى ئەنا بە هەزار لاوە.
بزنە گەڕ، لە دۆى ماڵاى کردین
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى سوودى بۆت نەبێ، لە سوودى یەکێکى تریشت بکا.
بسکەى سمێڵى دێ
واتە زۆر کەیف خۆشە.
بلارێ بێ، بلادیر بێ، بلا کچ بێ، بلا پیر بێ
واتە ئەو ڕێگایەى کە پیا ئەڕۆیت ڕێگا بێ و دوور بێ، چاکترە لەوەى لاڕێ بێ و نزیک بێ، وە ئەو ژنەى کە ئەیهێنیت کچ بێ و پیر بێ باشترە لەوەى بێوەژن بێ.
بلوێر بۆ گایە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێک نەگا.
بلوێر بەزێنە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسە هەر قسەى خۆى بێت.
بلوێر هەر قابیلى شوانە
واتە زۆر چاکى لێئەدا.
بمنوێنن بە جلى گایە، پێم بڵێن ژنى ئاغایە
زۆرتر بە ژنێک ئەوترێ کە چاوى لە ناوو ناوبانگێکى گەورە بێ.
بمکوژەو باقیم بەرەوە
قەرزارێک ئەیڵێ کە داواى قەرزەکەى لێبکەنەوە و نەیبێ بیداتەوە.
بن کلکى ئەخورێ
بە یەکێک ئەوترێ کە حەزى لە جەنگ و ئاژاوەیەک بێ و بیەوێ هەڵیگیرسێنێ.
بنوو، بێتە خەوت
بە یەکێک ئەوترێ کە بە تەماى شتێک بێ کە هەرگیز پێینەگا.
بنى پێى هاتۆتە پشتى پێى
واتە زۆر گەڕۆکە.
بنێرە مشتى، بپەڕە پشتى
واتە حیزە.
بوار تاقینەکەیتەوە لێى مەدە
بوو بە ئاردى بەڕوو، بە پەینکەى خۆى ناشێ
بە یەکێک ئەوترێ کە سەرى لێتێکچووبێ و پەرێشان و پەرانگەندە کەوتبێ.
بوو بە ئاردى ناو دڕکان
بە شتێک ئەوترێ کە پەرش و بڵاو بووبێتەوە.
بوو بە تڕەکەى خەسرەو
بە شتێک ئەوترێ کە هەر باس بکرێ و باس بکرێتەوە.
بوو بە حیزى حیزانگاو
بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ کە ببێ بەژێر دەستى یەکێکى هیچ و پووچتر.
بوو بە خوێنەکەى سیاوەحش، هەر نابڕێتەوە
بوو بە سابرێنەکەى بانى مۆرد
کە بزنى ئاوایى گەلەکۆمەکێیان لێکردو کوشتیان.
14151617181920