بانێکەو دوو هەوا
ئەگێڕنەوە کە ژنێک کوڕێک و کچێکى ئەبێ، کوڕەکەى ژن ئەهێنێ و کچەکەى شوو ئەکات، وە هەردووکیان لەماڵى دایکەکەیانا ئەمێننەوە شەو لەسەربان کوڕەکەى و بووکەکەى لەلایەکەوە، وە کچەکەى و زاواکەشى لەلایەکى ترەوە ئەنوون، نیوەشەو دایکەکەیان بەسەریانەوە ئەگەرێ، کە ئەچێتە سەر جێگاى بووکەکەى پێى ئەڵێ: گەرمە تۆزێک لەیەک دوورکەونەوە، کە ئەچێتە سەر جێگاى زاواکەى ئەڵێ: ساردە نەختێک نزیک کەونەوە، تا شەوێ: کوڕەکەى پێى ئەڵێ: دایە بۆچى ئەمە بانێکەو دوو هەوا، ئینجا ئێستا بە دەستوورو باوێک ئەڵێن کە بەسەر یەکێکا بەراورد بکرێ و بەسەر یەکێکى ترا نەکرێ.
باوک بێ براى ئامۆزا فرە
بە یەکێکى دەستدار ئەوترێ کە لە هەموو لایەکەوە مەردوم خۆیان بکەن بە خزمى.
باوک کوژراو دەستهەڵئەگرێ، پڵاوخۆر دەستهەڵناگرێ
چونکە هەرکەسە تەماشاى قازانجى خۆى ئەکا.
باوکمان برایە و من چکێ لە تۆ وەجاخزادەترم
برایەکى ناوەجاخ ئەیڵێ بە برایەکى هەژارى خۆى کە ئەو لەم دەوڵەمەندتر بێ، یا پایەیەکى ببێ.
باوکە بەڵایە، دایکە قەزایە، ژن نیعمەتى خوایە
چونکە ئەوى لاى ئەم دەستئەکەوێ، لاى ئەوان دەستناکەوێ.
باویلێ، باوێکى بەسە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر هەموو قسەیەک زویر ببێ.
باوێشکى بۆ ئەدا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر حەزى لە شتێک بێ و دەستى نەکەوێ.
باوەڕت بە خۆت بێ و پشت بە کەس مەبەستە
باوەژن، دین دوژمن
واتە باوەژن وەک دوژمنێکى دینى وایە بۆ هەنەزاى خۆى.
باى باڵى خۆت بدە
واتە بگەڕێ و پیاسە بکە.
باى دایەوە سەر باى بەڕە بۆر
بە یەکێک ئەوترێ کە مەسەلەیەکى گرتبێ بە دەمەوە، وە هەموو جارێ قسە بەرێتەوە سەرى.
باڵدار بە باڵ ئەفڕێ، بنیادەم بە برادەر
یەکێک بەخۆى ئەڵێ کە چەند برادەرێکى ببێ هەریەکە بە جۆرێک یارمەتى بدەن.
باڵندەیەک بوو نەیئەخوێند، کە ئەیخوێند ئەیوت: گوو
بە یەکێک ئەوترێ کە نەزانێ بدوێ، هەرچەند قسە بکات شەکرێک بشکێنێت.
باڵى شکاوەو قاچى ئەبەستن
بە پزیشکێکى ناشى ئەوترێ.
باڵەخانەت لێکردووم بە کونە چۆلەکە
واتە زۆر سەرت ناوەتە سەرم و هەراسانت کردووم.
بایەو بەلاى گوێیا ئەڕوا
واتە قسەکە ناچێتە دڵیەوە.
ببێ بە ئاگر، کوێ ئەسووتێنێ
بە یەکێکى بێدەسەڵات ئەوترێ کە هیچ مەترسى لێنەکرێ.
ببێ بە باران پەڵە نادا بە شانیا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر کەر بێ. واتە ژیرى (عەقلأ) ببێ بە بارانى پەڵە کە جیهان ئەگرێتەوە، دڵۆپى نادا بە شانى ئەوا.
ببێ بە چەقەڵ ناتوانى سەرى کەڵاشم بکڕێنیتەوە
واتە هیچت لەدەست نایەت.
بخوڕە مەبڕە
واتە لەگەڵ مالأ و مناڵا توندوتیژ بە، بەڵام دەست مەوەشێنە.
بخۆ گۆشتى کێرى کەرێ، مەکێشە منەتى سەر کۆنە کەرێ
سەرکۆنە: لۆمەیە. سەرکۆنەکەر: ئەو کەسەیە کە سەرکۆنەت ئەکا. واتە ژیانى ناخۆش بە سەربەرزییەوە گەلێ خۆشترە لە ژیانى خۆش بە سەرشۆڕیى.
بخۆن بەردێکى ڕەش، بکەن خەوێکى خۆش
واتە لە پێناوى خۆشى پاشەڕۆژا هەموو ناخۆشییەک بچەژن.
بدا بەلاى کەرا، جاشەکەى ئەدزێ
واتە زۆر دزە.
بدە لە تەختە، حیزیش بەبەختە
واتە لە هەموو کارێکدا بەخت و بێبەختى هەیە.
بدە لە هەرد، مەدە لە پردى نامەرد
تەماشاى ڕاڤەى پەندى (ئاو بتبات لە پردى نامەرد مەپەڕەوە) بکە.
بدە ڕەنج، بخۆ گەنج
واتە تا ڕەنج نەدەیت گەنجت دەستناکەوێ.
برا برایە، بازاڕ جیایە
واتە برایەتى جیایە، سەوداو مامەڵەش جیایە
برا بوو بە برازا، کار لە کار ترازا
واتە کە خزم دوورکەوتەوە وەک بێگانەى لێدێ.
برا لە پشت برا بێ، مەگەر بەڵا لەلاى خوا بێ
واتە برا ئەبێ لە هەموو تەنگانەیەکدا دەستى بە پشتى براوە بێ، تا کەس زەفەریان پێنەبا.
برادەر بگرە بە قەسپێک، بەرى مەدە بە ئەسپێک
واتە دۆست و برادەر زۆرجار ئەگیرێ بە دەنکە خورمایەک، نەکەیت دەستى لێهەڵگریت بە ئەسپێک.
برام نەبى لە دایێ، قەت گریانم لۆت نایێ
واتە یەکێک برام نەبێ لە دایکم هەرگیز بۆى ناگریم.
براو برا شەڕ ئەکاو قەڵتەبان باوەڕ ئەکا
قەڵتەبان: مەردومى نەفامە. بە یەکێک ئەوترێ کە لاى وابێ دوو برا کە شەڕیان بوو بە ئێجگارى لەیەک بڕاون. واتە برا هەرچەند شەڕیشیان ببێ هەر براو دڵسۆزى یەکن و دەست هەڵناگرن.
براى دایک جیازە، وەک مارى بێ ئیجازە
واتە براى دایکى لەگەڵ براى باوک و دایکیدا زۆر جیاوازن، ئەمیان بەڕاستى برایە، ئەویشیان وەک مارى بێ ئیجازە وایە. بە یەکێک ئەوترێ کە خزمایەتییەکى دوورى ببێ، وە قسەیەکى ناشرین یا کارێکى خراپى دەربارەت کردبێ.
براى گەورە بەو، گووى زیاد مەخۆ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە ئامۆژگارى برایەکى گەورەى خۆى نەکا.
براییمان برایى، کیسەمان جیایى
واتە برا هەرچەند برا بێ، بەڵام پارەو مامەڵەو حسابیان ئەبێ جیا بێ.
برایەتى بە زۆر ناگیرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بە زۆر خۆى بکا بە برات.
برسى، سەربەست نابێ
چونکە پاسى کولێرەکەى ئەکات کە مایەى ژنێتى.
برسێتى، ڕەگى هارى پێوەیە
واتە برسى هەرچى بکا لۆمە ناکرێ.
برنج ئالیکى کەر نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە شایستەى شتێک نەبێ.
برنجى بێ ڕەنج خۆشە
بە شتێک ئەوترێ کە بێئەرک بێتە بەردەست.