شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئەیباتە سەر کانى و ئاوى نادا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر زۆرزان و فێڵباز بێ، وە بتوانێ مەردوم ئیخفال بکا.
ئەیخۆى بیخۆ، نایخۆى عەبەلە ئەیخوا
بە مناڵێک ئەوترێ کە لە بەشە خواردنەکەى تۆرابێ، وا دیارە (عەبەلە) مناڵێکى نەوسن بووە، هەرکەسێ تۆرابێ ئەو بەشەکەى خواردووە.
ئەیەوێ بدا لە ئاو، لاقى تەڕ نەبێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ گەنجى دەستکەوێ بەبێ ڕەنج.
با بخۆین تا نەکوتراوین
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى پیسکەى دەوڵەمەندى ئاژەڵدار، ژنەکەى بێزوو ئەکات بە سى و جگەرەوە، هەرچەند ئەکا دڵى بڕوایى نادات گیسکێکى بۆ سەربڕێ، ناچار ئەچێ بۆ شار بۆ کڕینى سى و جگەرێک، ئەمەندە گیرە گیر ئەکات کابراى قەساب پێى نافرۆشێ و بە گاڵتەوە پێى ئەڵێ: سى و جگەر لە فڵان شار هەرزانە. کابرا بە پێ ملى ڕێ ئەگرێ بۆ ئەو شارە، ئێوارە وەخت ئەگاتە شارەکە، ماڵێکى گەورە دەرئەکەوێ، ئەچێ ئەبێ بە میوانى ئەو ماڵە، بەخێرهاتنێکى گەرم و گوڕى ئەکەن، دواى نان پێگەیشتن، ژنى خانە خوێکە دێ بە مێردەکەى ئەڵێ: نان حازرە. ئینجا (بخۆین و بیکوتین، یا بیکوتین و بخۆین؟) میوانەکە زەرد هەڵئەگەرێ لە ترسا، خانەخوێکە تێئەگات، خێرا پێى ئەڵێ: برالە ئەم خێزانى منە ژنى خزمێکى دەوڵەمەندى پیسکەى خۆمان بووە، وە ئەم کۆشکە هى ئەو بوو تا مرد نە خۆى و نە ئەم ژنە تێریان لێنەخوارد، لە پاشا بە وەجاخ کوێرى مرد، وە لە ژوورێکى ئەم خانووەدا نێژراوە، وە ژنەکەى شووى کردەوە بە من و من هاتمە سەر ئەم ماڵە حازرە، ئێستا بەیانیان و ئێواران کردوومانە بە دەستوور، پێش نانخواردن، یا دواى نانخواردن گۆڕەکەى ئەدەینە بەر تێڵا تا هیلاک ئەبین. ئینجا خێزانەکەم ئەمەى مەبەست بوو کە وتى بخۆین و بیکوتین، یا بیکوتین و بخۆین. کابرا کە ئەمە ئەبینێ بەیانى بەپەلە ئەگەڕێتەوە بەرانێک سەرئەبڕێ، ژنەکەى واقى وڕئەمێنێ، ئەڵێ پیاوەکە! ئەمە چییە؟ کابراش داستانەکەى بۆ ئەگێڕێتەوە و ئەڵێ (با بخۆین تا نەکوتراوین).
با بڕوا سیر بخواو زوڕنا لێدا
بە یەکێک ئەوترێ کە کەتنێکى پێکرابێ و دەستێکى لێوەشێنرا بێ.
با بێ شەن ئەکا، باران بێ ئاشى ئەگەڕێ
تەماشاى پەندى چواردەهەم بکە.
با دیزە بە دەرخۆنە بێت
واتە ئەم باسە با هەر بە پەنهانى بمێنێتەوە.
با لەکوێوە بێ، ئەو لەوێوە شەن ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە بەپێى ڕۆژ هەڵسوڕێ.
با نۆش لەسەر دە بێ
بە یەکێکى ئەڵێیت کە بێگارێکى ترت لەپێشەوە بەسەرا دابێ.
با هەر سیر بخواو زوڕنا لێدا
بە یەکێک ئەوترێ کە زەرەرێکى قورسى لێدرا بێ. وە هەر بۆڵە بۆڵ و خوتە خوت بکاو لەبەر خۆیەوە قسە بڵێ.
با کەو بچێتە بانى دار
بە یەکێک ئەوترێ کە داواى شتێکت لێبکات، واتە هەرگیز بۆت ناکەم، چونکە هەرگیز کەو ناچێتە سەر دار.
باب کوشتە خەوى لێئەکەوێ، داک مردە خەوى لێئەکەوێ، لە برسا مردە خەوى لێناکەوێ
چونکە دەردى برسێتى لە هەموو دەردێک گرانترە.
باخ ساڵێ بەرنەگرێ، نابڕێ
واتە دەست لە یەکێک هەڵناگیرێت کە ساڵێک قازانجى بۆت نەبێ.
باخ نان ئاسانە، بەرهەمهێنانى گرانە
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێک دابمەزرێنێ و نەیباتە سەر.
باخ هى باخەوانەو بێستان هى بێستانەوان
واتە ئەو کەسەى کە ڕەنج بدا لە شتێکدا ئەو شتە بۆ ئەو لە هەموو کەس لەپێشترە.
باخى بەبەرە
بە یەکێ ئەوترێ کە ئاواتى هاتبێتە دى.
باخەوان لە کاتى ئەنگورە گوێچکەى ناژنەوێ
بە یەکێ ئەوترێ کە شتێکى لەژێر دەستدا بێ و نەیەوێ بەشى کەسى لێبدات، یا یارمەتى کەسى تیا بدات.
باخەوان لە کاتى ترێدا گوێى گرانە
بە یەکێ ئەوترێ کە شتێکى لەژێر دەستدا بێ و نەیەوێ بەشى کەسى لێبدات، یا یارمەتى کەسى تیا بدات.
باخەوانى باشترە لە چاوەڕوانى
واتە ڕەنج بدەى چاکترە لەوەى چاوەڕوانى دەستى یەکێک بیت.
بار بەلا یاران، قەت ناگاتە هەواران
بەیەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى زۆرى ببێ و کەم کەم بەم و بەوى بکات.
بار لە باج ناناڵێنێ
یەکێکى دەوڵەمەند ئەیڵێ کە بەناوى خەرج و باج، یا دەستگیرۆییەکەوە پارەى لێبسێنن، واتە هەر گا هەیە قەیناکات.
بار لەڕێوە، یا لەجێوە
واتە کە گەیشتە پێشەوە بیفرۆشە، یا لەپاش چەند ڕۆژێک بیفرۆشە، بەڵام نەکەیت هەڵیگریت بۆ گرانى.
باران ئەبارێ زەوى ئەشۆرێ، چەقەڵ گان ئەکا ڕێوى ئەتۆرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر شتى وا بتۆرێ کە هیچ دەخڵى بەسەر ئەوەوە نەبێ.
باران بارى بە تەقە تەق، درزو درومان هاتەوە یەک
بە دوو کەس ئەوترێ کە شیرو تیر لەیەک بسوون، کەچى کتوپڕ ئاشت ببنەوەو هیچ لەبەینیانا نەمێنێ.
باران ببارێ ئاشم ئەگەڕێ، باران نەبارێ جووتم ئەگەڕێ
واتە لە هەموو لایەکەوە بەهرەمەندم.
بارت بگرەو باجت بسێنە
واتە تا بە چاوى خۆت شتێک نەبینیت قسەى لێمەکە.
بارى گەورە حوشتر ئەیبات
واتە پیاو تا گەورەتر بێ بارى لەشى قورسترو گرانتر ئەبێ.
باریکان ئەڕێسێ
واتە زۆر درێژە بە قسە ئەدا.
بارێ قورئان بنێن لە کەرێ، بیبەنە مەککەو بیهێننەوە هەر کەرە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەتا ئەمرێ هەر کەر بێت.
بارە گوێزى لێنێ خڕەى نایەت
واتە زۆر گوێڕایەلأ و فەرمانبەرە.
بارەکەى شووشەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە کارێکى ناسکى بەدەستەوە بێ و نەتوانێ دەنگى دەرچێ.
باز لە بازگەدا ئەگیرێ
واتە هەموو شت ئەبێ لە هەلى خۆیدا بگیرێ.
باز گوڵێ بە جماڵى شێرۆ
باز: وتەیەکى فارسییە، بە مەعناى دووبارە. ئەم پەندە ئەردەڵانییە، هەر مناڵێک کە کارێکى جوان بکات پێى ئەڵێن: (گوڵێ بە جەماڵت) واتە ئافەرین. وادیارە (شێرۆ) ناوێکە یەکەمجار ئیشێکى جوانى کردووەو پێى وتراوە (گوڵێ بە جماڵى شێرۆ). ئێستاش هەر مناڵێک کارێکى جوان بکات پێى ئەڵێن بازگوڵێ بە جەماڵى شێرۆ.
بازاڕ دڵۆپەیە
واتە کەس نازانێت کڕیار کەى دێت بۆلاى.
بازاڕى کەساسە
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستکەوتى کەم بێ.
بازاڕى گەرمە
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستکەوتى زۆر بێ.
بازنى ئاڵتوونى لەدەستدایە
بە یەکێکى دەستڕەنگین ئەوترێ کە پیشەیەک بزانێ بە هەوڵى بازووى خۆى بتوانێ بژى.
بازى بازى، بە ڕیشى باباش بازى
بە یەکێکى لە خۆت مناڵتر ئەوترێت کە بیەوێت فێڵێکت لێبکات.
بازى دایە چاڵە قووتەکەوە
واتە مرد. لە ڕووى سوکییەوە بەکاردەهێنرێ.
بانگى محەمەد بە ئاشکرا خۆشە
بە شتێکى باش ئەوترێ کە بە دزییەوە بکرێ. واتە وەک بانگ بە ئاشکرا بکرێ باشە.
12131415161718