گەلاوێژ کەوتە شەوێ، دەست بەرە بۆ باخەڵى مێوێ
واتە ئینجا شیرین ئەبێ و ترشى تیا نامێنێ.
گەلەکەمان نەدیبێ، گەلە ڕێمان دیوە
گەلە: ڕانە، گەلەرێ: ڕێیەکە کە بارانى پیا بڕوا. واتە ئەگەر ڕانیشمان نەدیبێ، ڕێیەکەیمان دیوە کە ڕانى پیا ڕۆییبێ. یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە ئەو بە نەشارەزا بزانێ لە کارێکدا.
گەنجان گەنجانە، مانگا یەکێکەو کەڵەگا پەنجانە
بە چەند کوڕێک ئەوترێ کە بە تەماى کچێک بن.
گەنجێ بەبار بێ، بە زەهرە مار بێ
بە یەکێک ئەوترێ کە دەوڵەمەند بێ و خێر لە دەوڵەتەکەى خۆى نەبینێ.
گەنم هەرێ، جۆ هەرێ، هەرزنە تسنەى قنگێ کەرێ، تۆش هەرێ
هەرێ: ئەرێ، واتە ئەى گەنم تۆ بە هەر جا، ئەى جۆ تۆ بەهەر جا، بەڵام هەرزنە تسنە تۆ بۆچى؟! بە یەکێکى هیچ و پووچ ئەوترێ لەناو چەند کەسێکدا کە شتێک لەوان قبولأ کرابێ و ئەم یەکەش بیەوێ لەویش قبولأ بکرێ. واتە ئەوان بە هەرجا، ئەى کابراى هیچ و پووچ تۆ بۆچى؟!
گەنم گرد و جۆ بڵاوە
بە چەند دۆستێکى هاودەم ئەوترێ کە کتوپڕ کۆببنەوەو کتوپڕ بڵاوەى لێبکەن.
گەوج نەچێتە بازاڕ بازاڕ ئەگەنێ
واتە هەر بەگەوج بازاڕ گەرم ئەبێ، چونکە شتێکى پێویست نییەو کەچى ئەیکڕێ، کە ئەشیکڕێ نازانێسەودا بکات و تێئەشکێ.
گەورە ئاو ئەڕێژێ و بچووک پێى تێئەخات
واتە کەوابوو ئەى گەورە ئاوى باش بڕێژە بۆ بچووک. هەمیشە سەرمەشقى چاک بە بۆى.
گەورە دەڵێن لە خانان، گچکە دەگێڕنەوە لە بانان
کەواتە هەرگیز قسەى نهێنى مەکە لە شوێنێک کە مناڵى لێبێ.
گەورە قەدرى خۆى بە خۆیەوەیە
واتە ئەبێ بزانێ حورمەتى خۆى ڕابگرێ.
گەورە کچ بە ماچێک حیز نابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو ژیانیا جارێک هەڵەیەک بکات.
گەوهەر لەناو قوڕا ون نابێ
واتە خوێندەوارى بەنرخ هەر دەرئەکەوێ، ئەگەر ئەمڕۆش پەسەند نەکرێ، ڕۆژێ هەر ئەبێ پەسەند بکرێ.
گەوهەرى خۆت مەدۆڕێنە
واتە قسەى خۆت لەبەرد مەدە.
گەڕى بارە ترێیە
بە یەکێک ئەوترێ کە دواى بڕانەوەى کارێک ئینجا گەڕ بکات.
گەیگەچانییەو دیزە فرۆشتن
گەیگەچان: ناوى دێیەکە دانیشتوانەکەى دیزەى چاک دروست دەکەن، بە یەکێک ئەوترێ کە شتێک باش دروست بکاو هەر ئەوە بفرۆشێ.
یا ئەبێ بە خانی خانان، یا ئەبێ بە پووشی بانان
بە یەکێک ئەوترێ کە دەست بداتە کارێکی گەورە. واتە یا تیا سەرئەکەوێ، یا تیا لەناو ئەچێ.
یا خەر ئەتۆپێ، یا خاوەن خەر
واتە ئەو مەسەلەیە هەر ئەکەوێت بە بارێکدا.
یا زانا بە، یا پرسا بە
بە پرس هەموو شتێک ئەزاندرێ.
یا شارستان، یا دارستان
چونکە لە هەردووکیاندا ئاوات دێتە دى.
یا لەگەڵ دایکی مناڵان، یا لەگەڵ بووکی گەورە ماڵان
چونکە یەکەم هەمیشە لە ماڵەوەیەو لەبەر مناڵەکانى، دووهەمیش زۆر نەرم و نیان و سەنگین و گرانە.
یا مەرد بە، یا لە پەنای مەرد بە
چونکە کە لە پەناى مەرددا بوویت فێرى مەردى ئەبیت.
یا پرسا بە، یا دانا بە
واتە خۆت دانابەو شت بزانە، یا ئەگەر شت نازانیت پرسیار بکە. بەیەکێک ئەوترێ کە شت نەزانێ و پرسیاریش نەکات.
یا گاڵ دینێ، یا پەموو
یەکێک ئەیڵێ کە ئیشێکى کردبێ و نەزانێ ئەنجامەکەى چۆن ئەبێ. واتە یا باش ئەبێ یا خراپ.
یاخوا ئەم دەست موحتاجی ئەو دەست نەبێ
خۆت بە خۆت موحتاج نەبیت چ جاى بە بێگانە.
یاخوا بچیتە ئەو شوێنەی کە ئاو ئەڵێ کس
واتە ئەوەندە دوور بکەوێتەوە کەس جێگاو ڕێگات نەزانێ.
یاخوا بە دارەکەی قەرەداغ بێ
بە یەکێک ئەوترێ کە نزاى عومر درێژى بۆ بکەیت.
یاخوا توونچی نەبێ بە حەمامچی
چونکە لە خۆى ئەگۆڕێ و زۆر زل و قەبە دەرئەچێ.
یاخوا دەستی ڕاست موحتاجی دەستی چەپ نەبێ
تەماشاى پەندى دووهەم بکە.
یاخوا پیرو خەڕۆ بن
بە ژن و مێردێک ئەوترێ کە دڵیان پێکەوە بێ.
یاخوا کەس قاچی نەچێ بە گووی فڵان کەسا
مەبەست لە فڵان کەس یەکێکە کە هەرکەس کەوتە داوى لێى ڕزگار نابێ.
یار باقی و سوحبەت باقی
واتە هەردووکمان ماوین و ڕۆژگاریش زۆرى بە دەمەوەیە.
یاری نەوسی لێت زیزە
واتە یەکێک کە بۆ خواردن لێسە هاتوچۆ بکات و ببێت بە ئاشنات، هەمیشە لێت زیزە، چونکە هەرگیز ناگونجێ کە تۆ شتێک بەبێ ئەو نەخۆیت.
یاسەمەن ئەمرێ بۆ نانێ، دوور بە جۆ ئەدا بە (.......)
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر نەداراو ڕەجاڵ بێ، کەچى پارەیەکى باش خەرج بکات لە ئارەزوویەکى خۆیدا.
یەخە دادڕین پەشیمانی دێنێ
چونکە ناشکورى ئەگەیەنێ.
یەز دوورە، گەز نزیکە
یەز: ناوى شارێکە لە ئێران کە خۆیان پێى ئەڵێن: (یەزد) جاران زۆر جۆرە قوماشى بە تۆپ لێ دروستکراوەو نێرراوە بە هەموو لایەکدا، لەسەر تۆپەکان نوسراوە کە ئەمەندە گەزەیە، ئینجا جارێکیان لە شارێکى کوردەوارى دوور لە شارى یەزد یەکێک ئەیەوێ تۆپێ لەو قوماشە بکڕێ، ئەڵێ من باوەڕ ناکەم کە ئەم تۆپە ئەوەندە گەز بێ، کابراى خاوەنیشى ئەڵێ: (یەزد دوورە، گەز نزیکە). واتە هەرچەند شارى یەزد دوورەو دەستمان ناگاتە کارخانەکەی بزانین ئەم ژمارەیەى کە لەسەرى نوسراوە ڕاستە یا درۆیە، بەڵام گەز حازرە کە بیپێوین.
یەک ساڵە دوو ساڵە ئەخەڵەتێنێ
یەکێک ئەیڵێ کە یەکێکى لە خۆى مناڵتر بیخەڵەتێنێ.
یەک ساڵە دوو ساڵەی خەڵەتان
یەکێک ئەیڵێ کە یەکێکى لە خۆى مناڵتر بیخەڵەتێنێ.
یەک شەویلەی قنگ قەویلە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر زۆر قەڵەو و گەورە ببێ، ئەگونجێ لە یەک شەوەى قنگ قەوییەوە وەرگیرا بێ.
یەک ڕوو هەمیشە وا لە ئابڕوودا
هەروەک دووڕوو هەمیشە بێ ئابڕووە.
یەکپاڵوو بە هیچ لایەکا ناکەوێ
واتە مەردوومێک کەلەسەر یەک بار بێ هەرگیز ناکەوێ.