شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
گۆشت بدە بە قەساب با لێی بدزێ
واتە هەموو کارێک بدەن بە خاوەنى خۆى.
گۆشت بگەنێ خوێى تێئەکەن، خوێ بگەنێ چى ئەکەن؟
بە مامۆستایەکى ئاینى، یا پەروەردەیى (تربية و تعلیم) ئەوترێ کە لە ڕێى خۆیان لابدەن و خراپ ببن. واتە مەردومى خراپ بەهۆى ئامۆژگارى ئەوانەوە باش ئەبێ، ئەى ئەگەر –خوا نەخواستە- ئەوانە خراپ بوون کێ بیانهێنێتەوە سەر ڕێ.
گۆشت قیمەت ناکات
بە ئافرەتێکى ناشرین ئەوترێ کە کەس داواى نەکات.
گۆشت هەر لایەقى بازە
بە یەکێک ئەوترێ کە شایستەى ئیشێک بێ.
گۆشت هەرچەند لەڕ بێ لە بانى نانە
واتە لە نان خۆشترو بەنرخترە.
گۆشتى ئەخواو گۆشتاوى ناخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە لە شتێک بخوات و لە شتێکیتر نەخوات لەبەر حەرامى، لەگەڵ ئەمیشدا کە هیچ جیاوازییەکیان نەبێ.
گۆشتى ئەخورێ
واتە زۆر بەسەزمان و کەرەواڵەیە.
گۆشتى بۆ تۆ و ئێسقانى بۆ من
بە مامۆستا یا لەلەیەک ئەوترێ کە مناڵێکى بدرێتە دەست بۆ ئەوەى پێى بخوێنێ، یا فێرى هەستان و دانیشتنى بکات. واتە لەپێناوى فێرکردنیا هەر ئازارێکى بدەیت قەیناکات.
گۆشتى سەر چەپەرە
واتە بێنرخە.
گۆشتى مەڕى گێژ، گانى ژنى درێژ زۆر خۆشە
گۆشتى ناخوا حەرامە، گۆشتاوى ئەخوا بەتامە
گۆشتى گونى خۆت بخۆو منەتى قەساب هەڵمەگرە
واتە تا ئەتوانى چاوت لە دەستى کەسەوە نەبێ و منەتى کەس هەڵمەگرە.
گۆشتى یەک بخۆن، پێشەى یەک ناشکێنن
بە دوو کەس ئەوترێ کە زۆر پەیوەستیان لەگەڵ یەک ببێ، بە ڕەنگێکى وا کە دەستیان نەچێتە یەک.
گۆشى لاڕانى ئەخۆم، منەتى قەساب هەڵناگرم
واتە تا ئەتوانى چاوت لە دەستى کەسەوە نەبێ و منەتى کەس هەڵمەگرە.
گۆلکى بێگانە پەت ئەپسێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى مناڵى نەبێ و مناڵێکى بێگانە بکات بە مناڵى خۆى، واتە ڕۆژێک ئەبێ پەت بپچڕێ و بڕوات.
گۆم تا قوڵ بێ مەلەى خۆشە
واتە مەردوم لە شوێنى بچوکدا ناتوانێ باش هەڵسوڕێ، بەڵام کە شوێنەکەى گەورە بوو ئەو حەلە وەک نەهەنگ بە هەموو لایەکدا هەڵدەسوڕێت.
گۆڕ هەڵتەکێنە
بە مردوویەک ئەوترێ کە لەدواى مردنى ئەو شتێکى وا ڕووبدات کە ئەو لە کاتى خۆیا نەیهێشتبێ ئەو شتە ببێ. واتە وەرەوە دنیا جارێکیتر بۆ ڕێکخستنى ئەو کارە.
گۆڕی هێناوەتە گۆڕخانە
بە یەکێک ئەوترێ کە یەکێکى گەمارۆ دابێ بە هەموو ڕەنگێک ئازارى بدا و تەنگى پێهەڵبچنێ.
گیا ئەوەیە بە دەمى مەڕ خۆشبێ
ئەم پەندە بە مەعناى پەندى (گیا ڕەشە، بە دەمى مەڕ خۆشە)یە.
گیا بە جێى سەختەوە ئەمێنێ
واتە پارە لاى پیاوى سەر ڕەقى دەست قوچاو ئەمێنێ.
گیا لەسەر بنجى خۆى شین ئەبێ
واتە هەموو کەسێک ئەچێتەوە سەر تیرەو ڕەگەزى خۆى.
گیا ڕەشە، بە دەمى مەڕ خۆشە
بە ژنێکى ناشرین ئەوترێ کە لەلاى مێردەکەى خۆشەویست بێ.
گیان بە تڕین دەرناچێ
واتە شەرمەزاربوون مەرگ ناهێنێ.
گیانى بە گوێ جویوە
واتە زۆر بێ عەقڵە.
گیانى تۆ لە گیانى من شیرینتر نییە
یەکێک ئەیڵێ کە ڕێگایەکى ترسناکى بخەنە بەر، ئەمیش نەچێ.
گیانى خۆم لەو دەشتە نەدۆزیوەتەوە
یەکێک ئەیڵێ کە ڕێگایەکى ترسناکى بخەنە بەر، ئەمیش نەچێ.
گیانى خۆى لە قەرەج سەندەوە
واتە خۆم لە بەڵایەکى زۆر قورس ڕزگار کرد.
گیاى تۆ نییە
واتە ئەم باسە تۆ تێى ناگەیت.
گیرفانى بۆ هەڵدرووە
واتە بەتەمایەتى و کیسەى بۆ هەڵدرووە.
گیرفانى قووڵە
واتە زۆر چروکەو هەرچەند ئەکات دەستى ناگاتە بنکى گیرفانى.
گیرۆدەى هەوەڵ مامەڵە بێ
واتە لە هەوەلأ مامەڵەدا ئەخەڵەتێى.
گیسکى بەهار لە دایکى خۆى هەڵدێ
چونکە تێر و تەسەلە. واتە گەنجى دەوڵەمەندى تێرو تەسەل بە هیچ شتێکەوە ناوێستێ.
گیسکێ نەخواردم، کاوڕێ جرنگاندم
یەکێک ئەیڵێ بۆ قازانجێک بچێت بۆ شوێنێک، کەچى بە زیانێکەوە بگەڕێتەوە.
گیسکە قوت سەد ساڵ لێى دەى بە مێکوت، ئەو قسەیەى ئەیوت هەر ئەیوت
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر قسەیەکى خۆى بمێنێتەوەو لێى لانەدات.
گەر لە بێشە شێر نەما، گورگ و مام ڕێوى ئەکەونە سەما
ئەمە دەستوورێکى ڕاست و دروستە، خوا نیشان هیچ گەلێکى نەدا، چونکە ئەمە سەرەتاى مردنیەتى.
گەرما ئاوى سارد ئەخاتە برەو
واتە هەموو شتێک تا کاتى خۆى نەیەت نرخى دەرناکەوێت.
گەز ئەرز ئەناسێ
واتە هەموو شتێک بە پێوانە دەرئەکەوێت.
گەز گەز باڵا ئەکات
واتە کەیف خۆشە.
گەزی چى و جاوى چى؟
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى جوتیار لە پێش مانگى ڕەمەزاندا لە کاتى جووت کردندا گاسنەکەى لە کوپەڵەیەک گیر ئەبێ، کە ئەیباتەوە بۆ ماڵەوە بە ژنەکەى ئەڵێ: ئافرەت ئەمە هى ڕەمەزانە هەڵیگرە، کابرا مەبەستى مانگى ڕەمەزان ئەبێ. ژنەکەشى وا تێئەگات کە سپاردە (امانة)ى یەکێکە کە ناوى ڕەمەزانە. ڕۆژێ لە ڕۆژان دوو سواڵکەر یەکێکیان ناوى ڕەمەزان ئەبێ ئەچنە ماڵى کابرا بۆ سواڵ، ژنەکەى کە ئەزانێ یەکێکیان ناوى ڕەمەزانە خێرا کوپەڵە زێڕەکەى بۆ ئەهێنێ و ئەیداتە دەستى، پێى ئەڵێ: ئەمە سپاردەکەى خۆتە. کابراش کە ئەزانێ ئەمە هەڵەیە کراوە خێرا پێى پێوەئەنێ و خۆى ون ئەکات. کابراى جوتیار کە ئێوارە دێتەوە ژنەکەى بۆى ئەگێڕێتەوە، زۆر توڕە ئەبێ و سێ بە سێ تەڵاق ئەخوات کە بڕواو نەیەتەوە بە ماڵەکەیا تا لە ژنەکەى خۆى کەرترى چاو پێنەکەوێ. کابرا ئەڕوا تا ئەگاتە کانى و ئاوێک لە برسانا لێى ئەکەوێت. ژنە لادێییەک –کە ناوى خاتە ئەبێ- دێ بۆ سەر ئاوەکە، کە چاوى بە کابرا ئەکەوێ وا ماندوو مردوو لێیکەوتووە، ئەپرسێ: برا لە کوێوە دێیت؟ کابراش لە داخى دڵى خۆى ئەڵێ: لە گۆڕ و جەهەننمەوە دێم. خێرا ژنەکە لێى ئەپرسێ و ئەڵێ: بە قوربانت بم (تەپل)ى برام ناناسیت لە جەهەنم؟ ئاخۆ ئەحواڵى چۆن بێ؟ کابراش ئەڵێ: بەڵێ ئەیناسم، هاوڕێمەو زۆر لە سزادایە، چونکە زۆر قەرزارە، خێرا ژنە کابرا ئەباتەوە ماڵەوەو خزمەتێکى زۆر باشى ئەکات. لە پاشا هەرچى چەکێکى زیوى ئەبێ هەمووى بۆ ئەهێنێ کە بۆى بەرێ تا بیداتەوە بە قەرزى براکەیدا. کابرا لە خۆشیان ئەگەشێتەوەو خێرا تێى ئەقاچێنێ. لە ڕێ تووشى ماڵە جۆڵایەک ئەبێ لائەدات و خۆى لەوێ حەشار ئەدا، ئێوارە مێردەکەى خاتە کە دێتەوە داستانەکەى بۆ ئەگێڕێتەوە، کابرا خێرا دەست ئەداتە تفەنگەکەى و سوارى ئەسپەکەى ئەبێ و ئەڕوا بە دووى کابرادا، کە نزیکى ماڵى جۆڵا ئەکەوێتەوە، کابرای خشڵ بەر لە دوورەوە کە سوارەکە بەدی ئەکات خێرا دڵى خەبەر ئەدات و بە جۆڵاکە ئەڵێ: ئەم سوارە کەوا هات کاربەدەستى گەز و جاوە لەلایەن دەوڵەتەوە، هەر کەسێک گەزى کورت، یا جاوى پیس بێ ئەیگرێ، هەستە خۆت بشارەوە، لە پاشا سوارەکە کە ئەگاتە پێشەوە دائەبەزێ و تفەنگەکەى ئەکات بە قەڵپۆزى زینەکەداو لە کابرا ئەپرسێ کەسى نەناسیاو نەهاتۆتە ئێرە؟ ئەمیش دەست ڕائەکێشێ بۆ کابراى جۆڵا، ئەویش هەڵئەکوتێتە سەرى بە لێدان و تێهەڵدان، کابراى جۆڵاش هاوار ئەکات: بۆ لێم ئەدەیت، بەخوا گەزم تەواو جاوم پاکە. ئەمیش ئەڵێ: سەگباب (گەزى چى و جاوى چى!) لەم مشتومڕەدا کابراى خشلأ بەر سوارى ئەسپى کابرا ئەبێ و تفەنگەکەى ئەکاتە شانى و تێی ئەقاچێنێ! کابراى جۆڵا و خشلأ براویش هیچیان لە قسەى یەکترى ناگەن. لە پاشا کابراى خشلأ براو بە نائومێدى دێتە دەرەوە تەماشا ئەکات وا تفەنگ و وڵاخەکەشى براوە، ناچار لۆژە لۆژ ئەگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، ژنەکەى کە پرسیارى تفەنگ و ئەسپەکەى لێئەکات، ئەڵێ: بەخوا ئافرەت چووم بۆ جەهەنەم بۆ لاى تەپلى برات، دەست و پێى لە زنجیر و کۆتدا بوو لەسەر قەرزارى، منیش لەبەرئەوەى کە پارەم پێنەبوو تفەنگ و ئەسپەکەم بۆ دانا تا ڕزگارم کرد، کابراى جوتیاریش تفەنگ و ئەسپ و خشڵەکان لەگەڵ خۆی ئەباتەوە بۆ ماڵەوە، بە ژنەکەى ئەڵێ: ئافرەت لە تۆ کەرترم دۆزییەوە، تەڵاقەکەم نەکەوتووە.
گەزیزە پیربوو لە نزاران، هەر ئێمە ماینەوە لە کۆنە هەواران
گەزیزە: گوڵێکى حەوت ڕەنگى جوانە، لە ئاخرو ئۆخرى بەهاردا پیر ئەبێ. واتە بەهار بڕایەوەو ئێمە هەر لە کۆنەوە هەوارى زستانانین. یەکێک ئەیڵێ بە چەند کەسێک کە ئەوان لە کوێستانى ژیان بن و ئەمیش لە ناخۆشیدا بێ.
108109110111112113