شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
ئەڵێى تەرسەقولێکن و کراون بە دوو کەرتەوە
زۆرتر بە دوو کەسى خراپى هیچ و پووچ ئەوترێ کە لە یەک بچن.
ئەڵێى تەڵاى دەستەو شارو گەنجى باوەى دۆزیوەتەوە
تەڵاى دەستەوشار: گونکێکى گەورەیە لە زێڕى نەرم کە لە چینەوە بە دیارى نێردرا بۆ شاى ئێران (خوسرەو پەرویز) و ئەو زێڕە هەرچەند لەناو دەستا بگوشرایە لە بەینى پەنجەکانەوە هێندێکى لێئەهاتە دەرەوە، لە پاشا کە دەستى لێبەرئەدا زێڕەکە وەک خۆى لێئەهاتەوە. گەنجى باوە: گەنجێکى بەناوبانگە کە ون بووە و هەزاران ساڵە بە شوێنیا ئەگەڕێن.
ئەڵێى جاشى ماکەرێکن
زۆرتر بە دوو کەسى خراپى هیچ و پووچ ئەوترێ کە لەیەک بچن.
ئەڵێى جاو ئەنێتەوە
بە یەکێک ئەڵێن کە زۆر بێت و بچێ.
ئەڵێى جن گۆڕیوێتى
بە مناڵى زۆر ناشرین ئەوترێ.
ئەڵێى جنی پیا تسیوە
بە شتى بێ پیت ئەوترێ.
ئەڵێى جیوەى تێکراوە
بە یەکێکى زۆر بزێو ئەوترێ.
ئەڵێى حوشترى ناو پەمووە
بە یەکێکى درێژ و قووچ ئەڵێن کە لەگەڵ چەند مناڵێکدا بڕوا بەڕێدا.
ئەڵێى حەمامى ژنانە
بە کۆڕێک ئەوترێ کە هەریەکە لە عاستى خۆى قسە بکا بە دەنگى بەرز بێئەوەى یەکێک گوێ لە یەکێک بگرێ.
ئەڵێى خورى خواردووەو پەتک ئەڕیى
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر لەسەر پێشاو بمێنێتەوە.
ئەڵێى خۆڵى مردووى بەسەرا بێژراوە
بە یەکێک ئەوترێ کە مات و خەفەتبار دانیشتبێ.
ئەڵێى خەڕەنگەزى بن کلکى گایە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر قسە بڕنگێنێتەوە، وە لەسەر پشت بڕوا.
ئەڵێى دارى واوەیلایە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر لەڕو لاوازو ڕەق و تەق بێ.
ئەڵێى دڕکى مەم و زینە
ئەگێڕنەوە کە (کاکە مەم) و (خاتوو زین) دوو دڵدارى گیانى بە گیانى بوون و دڵیان بە یەکەوە بووە، بەڵام (بەکر مەرگەوەڕ) بە بۆختان و دووزوبانى کەوتە ناویانەوە و نەیهێشت ببن بە چارەنووسى یەک، تا کاکە مەم گیراو لە زیندانا بە داخەوە مرد، دواى ئەو خاتوو زینیش خۆى کوشت لەداخا، وە لە تەنیشت کاکە مەمەوە نێژرا، دواى مردنیشیان بەکر مەرگەوەڕ وازى لێنەهێنان و هەمیشە لەسەر گۆڕەکەیان و لە ناوەندى هەردووکیانا دائەنیشت، تا ڕۆژێ براکەى خاتوو زین هەر لەوێدا ئەیکوژێ، وە لە جێى خوێنەکەى کۆمەڵە دڕکێک شین ئەبێ لە ناوەندى هەردوو گۆڕەکەدا، وە هەرچەند هەڵیئەکەنن هەر شین ئەبێتەوە. ئینجا ئەمە بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر نالەبار بێ و هەرچەند بتەوێ لەکۆڵت نەبێتەوە.
ئەڵێى دۆمى خەڵاتکراوە
بە یەکێک ئەوترێ کە یەک پارچە کاڵاى تازەى لەبەرا بێ و بەرگەکانى ترى هەمووى کۆن بێ.
ئەڵێى دیزەى ڕەشە
بە پیاوێکى بێوەى ئەوترێ کە لە ناو بردنى بە خراپە مەردوم تووشى زیان ببێ.
ئەڵێى ساى مەل لێیداوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هیچ لە خۆى گۆڕابێ.
ئەڵێى سێوێکن، کراون بە دوو کەرتەوە
بە دوو کەسى جوان ئەڵێن کە لە شێوەدا زۆر لەیەک بچن.
ئەڵێى سەگى عەرەبییە، چغە نازانێ
بە سەگێک ئەوترێ کە لە وتەى (چغە) نەگەڕێتەوە. واتە ئەڵێى عەرەبییەو لە چغە کە وتەیەکى تورکییە تێناگا.
ئەڵێى سەگى هەڵە پاسە
بە یەکێکى دڕى بێ حەیا ئەوترێ.
ئەڵێى سەگى پێسووتاوە
بە یەکێکى خوێڕى گەڕۆک ئەوترێ.
ئەڵێى سەیفەندەى بەڕۆژەیە و گووى بە دوو پەلى دارەوە کردووە
سەیفندە: ناوى کابرایەکە لە دێى (بەڕۆژە) لە تەنیشت (بانە) لە کوردستانى ئێران. ئەم کابرایە لەبەر دەعیە هەر گووى لەسەر دارى دوو پەل کردووە، بۆیە ئەم پەندە هەر بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بە دەعیەو دەمار بێ.
ئەڵێى شێتەو بۆ بەرد ئەگەڕێ
بە یەکێک ئەوترێ بە شوێن شتێکدا هەڕاکاو نەیگرێ.
ئەڵێى شەخسە پەڕۆیە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچییەکى لەبەرابێ وەک پەڕۆى سەرشەخس شڕو وڕ بێ.
ئەڵێى شەرواڵ بە کۆڵى خواردووە
شەروالأ بە کۆلأ: گیایەکى ڕەوانە، هەر کەسێک بیخوا ئەبێ شەرواڵەکەى بدا بە کۆڵیا. بەیەکێک ئەوترێ کە زۆر ڕەوان بێ.
ئەڵێى شەلاقەى باڵ شکاوە
بە مەردومى شلەپەتە ئەوترێ.
ئەڵێى شەکى شوانان گاوە
یەکێکى پیس و پۆخڵى دڕوداوێن قوڕاوى ئەوترێ.
ئەڵێى شەیتان تفى کردۆتە دەمی
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر زیرەک و وریا و بێدارو ئاگادارو بزێو بێ.
ئەڵێى شەیتان دەرسى داداوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر زیرەک و وریاو بێدارو ئاگادارو بزێو بێ.
ئەڵێى عیسا گرتوویەتى و مووسا تێى ئاخنیوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە قەڵەویدا ڕەوى بێتەوە.
ئەڵێى فاتەى سوورەبانە
ئەگێڕنەوە کە ژنێک بووە ناوى فاتە سوورەبان بووە، ئەم ژنە شەڕى ناوەتەوەو خۆشى سەیرى کردووە، کە لێشیان پرسیوە: ئەوە چییە؟ وتوویەتى: ئەڵێن شەڕ و هەرایە، قەباحەتى فاتەشى تیایە. ئێستا بە یەکێک ئەوترێ کە شەڕ بنێتەوەو خۆى سەیر بکات.
ئەڵێى قەل و بەچکە قەلەکان تفاندوویانەتەوە دەمى یەک
بە دوو کەس ئەڵێن کە لە قسەیەکا هەردووکیان وەک یەک قسە بکەن بێ ئەوەى ئاگاین لە یەک بێ.
ئەڵێى قەندەى دەم بەرەو ژوورە
بە یەکێک ئەوترێ کە بۆ هەر لایەک بچێ خواردنى بە تووشە بێ.
ئەڵێى لۆتییەو مەیموونى تۆپیوە
بە یەکێکى خەفەتبار ئەوترێ.
ئەڵێى لە بن دارێکدایە گەڵاى پێوە نییە
بە یەکێکى خەفەتبار ئەوترێ.
ئەڵێى لە ترش و خوێدا سوور کراوەتەوە
بە یەکێکى ساغى قەڵەوى سوور پر نۆلأ ئەوترێ.
ئەڵێى لە دەم ڕەش بەربووە
بە یەکێکى چڵێسى نەوسنى بە هەڵپە ئەڵێین لە خواردنا.
ئەڵێى لە دەم گورگ بەربووە
بە یەکێکى چڵێسى نەوسنى بە هەڵپە ئەڵێین لە خواردنا.
ئەڵێى لە کڵا گەڕاوە
بە یەکێکى لارى خوارو خێچى ناشرین ئەوترێ.
ئەڵێى لە کێرى تیتى و قوزى بیبى بوون
بە یەکێکى لارى خوارو خێچى ناشرین ئەوترێ.
9101112131415