گاڵ نەبوو لە خۆتەنى، بە ڕۆژ بوو بە ئامێتەنى
لە خۆتەنى: واتە لە خۆیا. ئامێتەنى: واتە لە ئامێتەکردنى. بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى لە خۆیدا باش نەبێ، کەچى سەرباریشى بۆ پەیدا ببێ.
گاڵت وە گوێزە
ئەگێڕنەوە کە جارێکیان جاف لە کاتى چوونیان بۆ کوێستان ڕان ئەکەنە ناو پەڵە گاڵێک لە شارەزوور، خاوەن گالأ هاوار ئەکاتە خاوەن ڕان کە ئاژەڵەکەى دەرکات لەناو گاڵەکەدا. ئەویش ئەڵێ: من ئاژەڵى خۆم دەرناکەم، تۆ ئەگەر ڕازى نیت پەڵە گاڵەکەت بە سەوزى لێرە هەڵگرە بۆ شوێنێکیتر. ئینجا ئێستا بە یەکێک ئەوترێ بۆ لابردنى شتێک کە لە کردنیا نەبێت.
گاڵیش زادى خوایە
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە بە چاوى سووک تەماشاى خزمێکى هەژارى خۆى بکات.
گایەک بدەو گوێزێک بخۆ بەیانیان، گایەک بدەو گوێزێک مەخۆ بە شەوان
واتە بەیانیان بە دڵى ناشتا ئەوەندە گوێزخواردن خۆشە، شەوان ئەوەندە خراپە.
گایەک بکەوێتە گاگەلەوە، ئەگەر ڕەنگى ئەوان نەگرێ خووى ئەوان ئەگرێ
واتە مەردوم خووى ئاوەڵى خۆى ئەگرێ، کەوابوو تۆش ئاوەڵى پیاوى خراپ مەکە.
گایەکى ڕیخن، سەدى پاکى پێوە ڕیخن ئەبێ
واتە یەکێکى خراپ ئەتوانێ چەند کەسێک باش خراپ بکات.
گرد و کەژێ، لێک ئەهەژێ
بە دوو کەس ئەوترێ کە لە هەموو شتێکدا یەک کەوتبن.
گردەى تۆو بردەی بابێ
بە یەکێک ئەوترێ کە ستەمێکى لێکردبیت و ماڵێکى بە ناڕەوا بردبیت. واتە یاخوا هەر تۆ گردى کەیتەوەو باى ڕۆژگار بەباى بدات.
گرناقاچ! خۆش گرناقاچ، دوانزە کوێخاو چوار کرمانج
گەرناقاچ: دێیەکە لە ناوچەى شێخ بزەینى لە قەڵەمڕەوى کەرکوک، هەموو ئاواییەکەى شانزە پیاوى تیابووە، واتە لەم شانزە کەسە دوانزەیان کوێخا بوون. بە چەند کەسێک ئەوترێ کە هەموو بیانەوێ گەورەو سەرۆک بن.
گریانیش دڵی خۆشی ئەوێ
واتە هیچ بەبێ حەزلێکردن ناکرێ.
گرێی بەختی کرایەوە
زۆرتر بە کچى ئەوترێ کە لەپاش ماوەیەکى زۆر شوویەکى باشى دەستکەوتبێ.
گرێی دەست مەخەرە دان
واتە ئیش زوو ڕاپەڕێنە، تا گرێ کوێرەى تێنەکەوتووە.
گرەو لە شەیتان ئەباتەوە
واتە زۆر فێڵبازە.
گزو گفتی بۆ ئەدا
واتە زۆر بە جەختى ئارەزووى ئەکات.
گزگل بکەین بە گوێزەبانە
لە وەڵامى مژدەیەکدا ئەوترێ کە بەلاتەوە گرنگ نەبێ.
گشت شتێ فەرزە، شایی و شیوەن قەرزە
واتە ئەگەر بە شایى و شیوەنى خەڵکەوە نەبیت، خەڵکیش بە هى تۆوە نابێ.
گشت گیانم بکەن بە دەرزی ئاژن، هەر پێم بڵێن کوێخا ژن
بە یەکێک ئەوترێ کە حەزى لە ناوى گەورە بێ.
گشت گیانی مڵۆچە ئەکا
واتە زۆر کەیف خۆشە.
گندۆرە بە ڕەنگ نییە
واتە بەدیمەن هەڵمەخەڵەتێ.
گورزێ لە هاوسێم کەوێ وا ئەزانم لە ڕەشکەی کا کەوتووە
واتە ئادەمى ئەوەندەى بە ئێش و ئازارى خۆى دەربەستە، ئەوەندە بە ئێش و ئازارى یەکێکیتر دەربەست نییە.
گورچووی پڕە
واتە ئەوەندەى هەیە دڵنیا بووە، پشتێنى لێکردۆتەوە.
گورگ ئەڵێ: ئەمشەو هەورە، دەمم چەورە
واتە لە شەوى هەوردا شوان لە ترسى باران زۆر ئاگاى لە خۆى نییە، لەبەرئەوە منیش دەستم وەشاندو دەمم چەورە. بە یەکێک ئەوترێ کە لە ئاژاوەیەکدا دەستى وەشاندبێ و تیکەیەکى چەورى گلاندبێ.
گورگ ئەڵێ: قوربانت بم مەڕ، دەخۆم دونگی تەڕ، نابیت لە لەوەڕ
بە یەکێک ئەوترێ کە تەماعت تێبکات و بیەوێ بە قسە هەڵتفریوێنێ.
گورگ نایە هەزارە، وەی لەوە، یەکێ دارە
واتە گورگ کە کەوتە ڕانێکى هەزار سەرییەوە قوڕ بەسەر ئەو کەسانەى کە تاقە سەرێکیان هەیە لەو ڕانەدا. بە کەسێک ئەوترێ لەگەڵ دەردێک یا بەڵایەکى تێڕایی داکەوت، تاقە کوڕێک یا دەستمایەیەکى کەمیان هەبێ، کە لەگەڵ نەما هیچى نامێنێ.
گورگ و شوانی؟!
واتە چۆن شتى وا ئەبێ.
گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو ئەخۆنەوە
واتە دنیا زۆر ئەمینە.
گورگ کە پیر بوو ئەبێ بە مەخسەرەی سەگەل
پیرێک ئەیڵێ کە چەند گەنجێک گاڵتەى پێبکەن.
گورگ گورگێنی ئەکا، ڕۆژی تەنگانە قنگ لەیەک ئەکا
بە چەند کەسێک ئەڵێن کە لە خۆشیدا پێکەوە بن و لە تەنگانەدا لەیەک جیا ببنەوە، وەک گورگ کە لە زستاندا بەفر کەوت و برسى بوو، زۆرجار بە گەلە ڕوو ئەکەنە ئاوەدانى بۆ مل و مووش، کە لەگەڵ یەکێکیان لێ بریندار کرا لەجیاتى ئەوەى بە هەموویان پەلامارى دوژمنەکەیان بدەن =کە کابراى تفەنگ بەدەستە= کەچى پڕ بە هاوڕێ بریندارەکەى خۆیاندا ئەکەن و ئەیخۆن.
گورگی باران دیدەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە سەد ئاو بدات قولى تەڕ نەبێ.
گورگی ڕاودیدە، بەر ڕەت ناکەوێ
چونکە شارەزایە ئەزانێ چۆن خۆى ئەشارێتەوە.
گورگیان کرد بە وەکیلی مەڕ
بە یەکێکى دەست پیس ئەوترێ کە بکرێ بە ئەمیندارى شتێک.
گورگەو لە پێستی مەڕدایە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە دڵەوە وەک دڕندە وابێ، بە دیمەنیش خۆى بە پیاوى باش بداتە قەڵەم.
گوریس بە یەک لۆنە نەئەهاتەوە، ئینجا نۆرەی دوو لۆنەیە
یەکێک ئەیڵێ کە گوزەرانێکى کەم و کوڕى ببێ و زۆر بە تەنگى بژى، کەچى لە لایەکەوە مەسرەفێکى ترى بێتە سەر.
گوریس لە کوێ پسا، لەوێ گرێی بدەرەوە
واتە تووشى هەر مەسرەفێک بیت بەقەد پێویست پارە خەرج بکە، نەکەى زیاتر لەوە خەرج بکەیت.
گوریس کە پچڕا ئەبێ بە چوار بەشەوە
گوریسێک دوو سەرى هەیە، کە پچڕا ئەبێ بە چوار سەرەوە. بە بەرەى یەکێک ئەوترێ کە بیانەوێ جیا ببنەوە. واتە جیابووەوە کەمتر بێ، تەفرەقە کەمتر ئەبێ.
گوریسی ڕاخستووە، دنیای تێخستووە
واتە زۆر تەماعکارە.
گول لە گولی مەڕوانە، لە هەڵ و گوڕی بڕوانە
بە یەکێکى گولەکەى ڕیوەڵە ئەوترێ کە زۆر بە زەبرو زەنگ بێ.
گوللەو باروتی هەمزاغایەو بە کەندەڵا نیوەی ئەنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لەسەر حسابى یەکێکیتر پارە خەرج بکات بە زۆرى.
گونی بۆ ئەدا لە خوم
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێک ڕوویدابێ و مەردوم وابزانن کە ئەو کەسە بەو شتە خەمبارە، یەکێکى تریش بڵێ: کوڕە بەڵێ، گونى بۆ ئەدا خوم. واتە لەجیاتى جل و بەرگى شین بکات، مەگەر گونى بۆ لە خوم بدات.
گونی خۆی و گێزەر لێک ناکاتەوە
واتە زۆر بێ ژیریى و بیرە.