شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
کەڵەشێرى بێعەقڵ وەک میوەى سەرما بردوو وایە
واتە هیچ کەڵکى نییەو بەهرەى لێوەرناگیرێ.
کەڵەشێریش نەبێ ڕۆژ ئەبێتەوە
یەکێک ئەیڵێ کە لە یارمەتى یەکێکیتر نائومێد بێ.
گا بدە بە گا مردە، ژن بدە بە ژن مردە
واتە چونکە نرخیان ئەزانن.
گا بە تەنیا گێرە ناکا
واتە یەکێک بە تەنیا بەبێ یارمەتیدەرێک باش ئیشى پێناکرێت.
گا بە جڵ و جۆر، ژن بە سەر و پۆر
واتە هەر شتە بە شتى خۆیەوە جوانە.
گا بە دەنگی ناڕوا
واتە کەس بە قسەى ناکات.
گا بە گونا ئەناسێ
واتە زۆر نادانە.
گا بە گونتاری
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى ناپەسەند بکات.
گا زمانی نییەو بەندە ئیمانی نییە
ئەگینا بە تێڵا لێی نەئەدا لەسەر جووت نەکردن، چونکە ئەگونجێ ژانى کردبێ، بەڵام زمانى نییە تا هاوار بکات و بڵێ: نەخۆشم. بە زاڵمێک ئەوترێ کە بەزەیى بە هەژاردا نەیەتەوە.
گا سوور تۆ بنووەو من ئەنووم بزانم کاممان قەرزار ئەیبا
ئەگێڕنەوە کابرایەک بەهۆى بێبارانییەوە ساڵێک هیچى نابێت، ناچار دەست ئەکات بە قەرزو قۆڵە، ساڵى ئایندە ئەیەوێ جووت و تۆوێکى زۆر بکات تا قەرزەکانى پێ بداتەوە، لە جووتە گاکەى یەکێکیان سورێکى خەفۆک ئەبێ، هەرچەند ئەکات جووتى بۆ ناکات. ئەمیش ئەڵێ: من و تۆ ئەگەر بنووین سبەینێ کە قەرزار هات هەر تۆ ئەبەن ئەتفرۆشن بە قەساب و کەوڵت ئەکەن. ئەمە ئێستا بە یەکێکى ئەڵێیت کە ئەرکى بەسەرتەوە بێ و ئیشت لەگەڵ نەکات. واتە هەر تۆ زەرەر ئەکەیت، چونکە من لەسەر بەردى ڕەق ئەژیم، بەڵام تۆ نانت دەستناکەوێ بیخۆیت.
گا لە گاگەل بە جێ بمێنێ، شاخی خۆی ئەشکێنێ
واتە هیچ کەسێک نابێ لە گەلى خۆى هەڵگەڕێتەوە.
گا لەو گایە، گۆشت لەو گۆشتە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە تەنگانەیەک بچێ بە دەنگ خزمێکى دوورییەوە تا ڕزگارى بکات.
گا هیلاک بوو، کێرد هەرزان بوو
واتە گاکە ناتوانێ بڕوا بەڕێدا، کێرد حازرە بۆ سەربڕینى. واتە هەر گرێیەک کە نەتوانى بیکەیتەوە بیبڕە لە بنا.
گا هەر گایەو دۆڵ هەر دۆڵە
واتە چۆن گاکەى خۆم و دۆڵەکەى ئاوایى خۆم ئەناسمەوە، فڵان کەسیش بە خۆى و جێگاو ڕێگاکەیەوە ئاوا ئەناسمەوە.
گا وێڵ ئەکا، گوێرەکە بە خێو ئەکا
واتە ئادەمى ئەبێ باشتر وابێ، هیچ دایک و باوکێک نابێ مناڵى خۆى پێنەگەیەنێ.
گا ڕەنگی گا ناگرێ، خووی ئەگرێ
واتە هاودەمى پیاوى خراپ مەکە، چونکە ئەگەر ڕەنگیشى نەگریت، خووى ئەگریت.
گا کاوێژ بکا لە حیزی جوتیارەوەیە
واتە ئەگەر جوتیار ئازاو وریا بێ نایەڵێ گا لە کاتى جووت و گێرەدا کاوێژ بکات. بە یەکێک ئەوترێ کە دەسەڵاتى بەسەر بەردەستەکانیا نەبێت.
گا کردی و کەر خواردی
بە یەکێک ئەوترێ کە کردەى ئەم بێ و بردەى یەکێکیتر.
گا گا بە خەروار، گا گا بە مستاڵ
بە شتێک ئەوترێ کە هێندێ جار زۆرو هێندێ جار کەم بێ.
گا گوراوە، کلکی ماوە
بە کارێک ئەوترێ کە بەشى زۆرى کرابێ.
گا گووی کرد، دنیای پیس کرد
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەیەکى ناپەسەند بکات.
گا گێرە بکا، میزی تێ ئەکا
واتە ئەمە شتێکى ناچارییە.
گازیشی هەیەو نازیشی هەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە دەستیشت لێبووەشێنێ و دڵنەواییشت بکات.
گاسنێ لە چاوی خۆیا نابینێ، سووژنێ لە چاوی خەڵکا ئەبینێ
واتە نەنگى خۆى نابینێ، کەچى نەنگى بچوکى مەردوم ئەبینێ.
گالە کڵاو ڕۆژنە سەرئەخا
واتە دزێک زۆر چوست و چالاکە.
گام نییە لە گا گەلان، پێم لە بەفرێدا سوتان
بە یەکێک ئەوترێ کە بە خۆڕایى خۆى ماندوو بکات لە کارى ئەم و ئەودا.
گام وا بە بارەوە، دۆینەم وا بەدارەوە، مەلا درەنگە کوڕەکەم بکە بە مەلا
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى جاف لە ڕێگاى گەرمیان و کوێستاندا لا ئەداتە لاى مەلاى دێیەک و کوڕەکەى لەگەڵ خۆیدا ئەبات. داوا لە مەلا ئەکات کە کوڕەکەى بۆ بکات بە مەلاى خوێندەوار، قسەکەى سەرەوەى پێ ئەڵێ، کەوا ئێستا بووە بە پەند. ئەوترێ بە هەموو کەسێک کە کارێکى دوورو درێژى ببێ و بیەوێ زوو بە زوو لە چەند دەمێکدا بۆى بکرێ.
گان بە قەرز ناکرێ
گاندانیش بە بەختە
واتە لە هەموو شتێکدا بەدبەختى و بەختیارى هەیە.
گانى دەوڵەمەند جلێ لەبانى، گانى بێوەڵەت عالەم پێى زانى
واتە دەوڵەمەند هەرچى بکات کەس قسەى لێناکات، کەچى هەژار هەرچى بکات قسەى لێئەکەن.
گاور بە تەماى سەفەرالى بێ، کەر پشتە ڕێشەو جەواڵ خاڵى بێ
مەبەست لە گاور پیاوى بێ دەسەڵاتە، چونکە جاران لە وڵاتى ئیسلامدا گاور هەمیشە کەمایەتى (اقلیات) بوون، خۆیان بە زەبوون زانیوە، هەرچەندە ئیسلام چاودێرى خۆیان و مافیانى کردووە وەک موسڵمانەکان. مەبەست لە سەفەرالیش پیاوى بێ ئینسافە، وا دەرئەکەوێ کە یەکەمجار گاورێک قەرز بەسەر سەفەرالى ناوێکى قەرز کوێرەوە بووە، ئەوەندەى هاتوچۆى کردووە تا کەرەکەى ناوکەڕێژ بووە، بێ ئەوەى تەنەکەیەک جۆى دەستبکەوێ. بە یەکێکى زەبوون ئەوترێ کە پارەى لاى یەکێکى قەرز کوێر بێ. واتە ئەوەندە دێت و ئەچێ تا کەرەکەى ناوکەڕێژ ئەبێ و هیچیشى دەستناکەوێ.
گاى بخوزە، لەسەر پێستى شەقى کەیت ناجوڵێ
بە یەکێکى قین ئەستوور ئەوترێ.
گاى بێ گاوانە
بە یەکێک ئەوترێ کە کەسى نەبێ سەرپەرشتى بکات
گاى بێگارییەو جلى ماڵە گەورەى لێکراوە
گاى بێگارى: گایەکە لەلایەن زۆردارێکەوە داگیر کرابێ و لەبەر چەوسانەوە لەڕو لاواز بووبێ. جلى ماڵە گەورە: جلێکى تازەو نوێیە. بە یەکێک ئەوترێ کە بەرگێکى تازەى دەڵپى لەبەرا بێ.
گاى تەنها لەوەڕاوە
بە کەسێک ئەوترێ کە لەگەڵ کەسا هەڵ نەکا و نەتوانێ بژى.
گاى خۆم دی بە دۆڵۆ، نیم بە تەنگ هەمانە بەکۆڵۆ
مەبەست لە هەمانە بە کۆلأ کەسێکە کە گاى ون بووبێ و توێشووى بەستبێتە پشت تا بە دوویا بگەڕێ. بە یەکێک ئەوترێ کە کە هەر خۆى مەبەست بێ و دەربەستى کەس نەبێ.
گاى لە گاگەلدا نییەو پێى بەفر بردوویەتى
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى جۆرە ئیش و کارێکى نەبێ و لە هیچە خۆى لە کاروبارى ئەم و ئەوا هەڵقورتێنێ.
گاى ناو گوێرەکەیە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ مناڵانا یارى بکات.
گاى یەک ئاخوڕە
بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ هەر بەتەنیا بژى و لەگەڵ کەسدا نەبێ.
گاگەل بە گردەوە ڕۆى، پیرێژن لە گۆلکە سورى ئەپێچایەوە
واتە گاڵەکە هەمووى جەردە بردى، کەچى پیرێژن خەریکى پێچانەوەى گوێرەکەکەى بوو. بە یەکێک ئەوترێ کە لە کاتى زیانێکى گەورەدا خۆى بە شتى هیچ و پووچەوە خەریک بکات.
105106107108109110111