شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
کەسێ کەسە، ئەلفێکى بەسە
واتە ژیر کە قسەیەکى پێوترا ئەیگرێتە گوێ، بەڵام ناژیر هەمیشە پێویستى بە نەقیزەیە.
کەسێک بە مێوژێک نەزانێ بە کەویژێکیش نازانێ
مەویژە: مێوژە. کەویژە: باتمانە. یەکێک بە کەم نەزانێ و بە زۆریش نازانێ.
کەسێک لە گورگ بترسێ ئەبێ سەگ ڕابگرێ
واتە هەرکەسێک لە شتێک ترسا ئەبێ دووربینى بکات، بۆ خۆپاراستنى خۆى لەو شتە.
کەشکیش براى دۆیە
بە یەکێک ئەوترێ کە خزمى یەکێکى خراپ بێ. واتە ئەمیش وەک ئەو وایە.
کەلەپەز هەڵئەستێ، سەگ ئەچێتە جێى
کەلەپەز: پاچەچییە. دیارە کە پاچەچی ڕۆى ئینجا نۆرەى سەگە. ئەمە بە یەکێک ئەوترێ کە بەسەر کارێکەوە بێ و بڕوا، دواى ئەو خراپێک بێتە شوێنى.
کەم ئەخۆم و کز ئەنیشم
واتە هەولأ نادەن بۆ پایەى بەرز تا دووربم لە بەڵاى ڕۆژگار.
کەم بخۆو مەچۆرە لاى حەکیم
چونکە زۆرترینى نەخۆشى لە زیادەخۆرییەوە پەیدا ئەبێ.
کەم بخۆو کز دانیشە
واتە مەردوم بە هێمن بژى با گوزەرانیشى خۆش نەبێ، باشترە لە هەڵەپەکردن و خۆخستنە مەترسییەوە لەپێناوى ڕابواردنێکى خۆشتردا.
کەم بڵێ و زۆر ببە
چونکە لە زۆر بیستن قازانج ئەکەیت، لە زۆر وتن تووشى زیان ئەبیت.
کەم خواردن لە بێدەسەڵاتییە
بە کاربەدەستێکى بچووک ئەوترێ کە هیچى بەدەست نەبێ.
کەم خۆرى دایم خۆر بە
ئەم دەستوورە هەروەک بۆ خواردن زۆر باشە، بۆ هەموو شتێکى تریش لە ژیانا هەروا باشە.
کەم دەستى خۆشە، قۆرتى ناخۆشە
تەماشاى پەندى (فەقیرى خۆشە، قۆرتى ناخۆشە) بکە.
کەم چیکڵدانەیە
واتە زۆر زوو توڕە ئەبێ.
کەما بۆ کەر، کەر کە تۆپى ئیتر کەما بۆ چى؟
بە یەکێک ئەوترێ کە هەوڵى شتێک بدات بۆ یەکێک کە ئەو یەکە نەمابێ، واتە کە ئەو یەکە نەما، ئیتر تۆ ئەم هەوڵە بۆچى ئەدەیت.
کەمتیار پیاوى چاکە، قولەپێى بسمێ دەنگ ناکا
واتە لەگەڵ هەر کەسێکدا قسە ئەکەیت بە زبانى شیرین بیدوێنە.
کەمى من و کەرەمى تۆ
یەکێکى هەژارى نەدارا ئەیڵێ کە دیارییەکى کەم ببات بۆ دەوڵەمەندێک بۆ ئەوەى دەستگیرۆییەکى بکات.
کەمە بۆچى ئەچیت؟ بۆ زۆر
یەکێک ئەیڵێ کە شتێکى کەمى بەدیارى بۆ بچێ، ئەم دیارییەکى زۆرتر بنێرێتەوە. یەکێک پێى بڵێ: تۆ ئەم هەموو شتە بۆ ئەنێرى؟ ئەویش ئەڵێ: (کەمە بۆچى ئەچیت؟ بۆ زۆر). واتە بە کەمیان وا وت، ئەویش واى وەڵامدایەوە.
کەمەرەو لوولە هاڕە دێ، سک لە برسا قۆڕەى دێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچییەکى دەستکەوێ بیدات بە شتى جوان و بیکا بە خۆیا.
کەنیلێ لەگەڵ تۆمە، وەبیلێ تۆ گوێت لێبێ
کەنیلێ: کچەکەیەتى. وەویلێ: بووکەکەیەتى.
کەو ئەو کەوەیە بەرامبەرى کەو بخوێنێ
بە یەکێک ئەوترێ کە لە پاشملەى یەکێک قسە بکات. واتە ئەگەر ڕاست ئەکەیت لە ڕووى خۆیا قسە بکە.
کەو ئەوەیە کە بەرامبەرى کەو بخوێنێ
یەکێک ئەیڵێ کە لەپاشملە بوختانێکى بۆ هەڵبەستن. واتە ئەگەر ڕاست ئەکەن با بێنە ڕوو قسە بکەن.
کەو زمانى خۆى دوژمنیەتى
ئەگەر نەخوێنێ جاڕ لە خۆى نەدا کەس ڕاوى ناکات.
کەواى سپى و سابوون بە قەرز
واتە کە تۆ ناتوانیت سابوون بکڕیت، کەواى سپى مەک، بەڵکوو کەوایەک بکڕە کە چڵک هەڵگر بێ.
کەوتۆتە ساجى عەلى
واتە هیچى بەدەستەوە نەماوە.
کەوتۆتە سەر سایە
سایە بەرامبەر بە حینجەیە. بەم ڕەنگە منالأ لە پێشەوە دەرس کە ئەخوێنێ بە حینجە ئەیخوێنێ، لە پاشا کە فێرى خوێندنەوە بوو، ئینجا دەست لە حینجە هەڵەگرێ و هەر بە سایە ئەیخوێنێ. بە یەکێک ئەوترێ کە چاوى کرابێتەوەو بە تەواوى فێرى قسەکردن بووبێ.
کەوڵە باوى نەماوە، هەوارى لێگۆڕاوە
ژنێک ئەیڵێ بە مێردەکەى کە لەبەر پیرى کەم کەم بچێتە سەر جێگاکەى.
کەچەڵ ئەوەندەى ئەوێ سەرى دەرنەکەوێ
کە لەگەڵ سەرى دەرکەوت ئیتر دەست لە هەموو شتێک هەڵئەگرێ و بە داپۆشینى سەرییەوە خەریک ئەبێ.
کەچەڵ ئەوەندەى زەحەمەتە کڵاوى کەچەڵى داکەوێ
واتە نەنگدار هەر ئەوەندە نەنگەکەى ئەشارێتەوە تا دەرئەکەوێ کە پێى زانرا ئیتر باکى نییە.
کەچەڵ بە چ حاڵێ، وا بە فاڵى قنگ هەڵئەماڵى
بە یەکێکى هەژارى ڕەش و ڕووت ئەوترێ کە کوڕێنى بکات لە کۆڵانانا.
کەچەڵ بەبەختە
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى باشى دەستکەوتبێ.
کەچەڵ حەسەن حەسەن کەچەڵ
بە قسەیەک ئەوترێ کە بە دوو جۆر بکرێ، هەردووکى وەک یەک وابێ. واتە وا بڵێت و وا نەڵێت چوونیەکن.
کەچەڵ دەرمانکەر بووایە، دەرمانى سەرى خۆى ئەکرد
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێکیتر کە گرێیەکى ببێ و بیەوێ ئەم بۆى بکاتەوە. واتە منیش وەک تۆ ئەو گرێیەم هەیە، ئەگەر بمزانیایە چارەى چییە، چارەى گرێى دڵى خۆمم ئەکرد.
کەچەڵ سەرى بە کۆڵۆ ماست ئەشکێ
یەکێکى زەبوون ئەیڵێ کە پێى بڵێن بچۆ بە گژ فڵانا کەوا ئەم ستەمەى لێکردیت. واتە چۆن سەرى کەچەلأ بەرگەى هیچ ناگرێ، زەبوونێکى وەکوو منیش بەرگەى هیچ ناگرێ.
کەچەڵ شاییە یا چەمەرە؟ لە هەرکوێ ترشى شەمەرە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەرکوێیەک خواردن و لێسە ببێ ئەو لەوێ بێ.
کەڵافەى شین کەوتۆتە بەینیانەوە
بە دوو کەس ئەوترێ کە زویرى کەوتبێتە بەینیانەوە.
کەڵافەى گورگ کەوتۆتە بەینیانەوە
بە دوو کەس ئەوترێ کە زۆردارێکى ستەمکار کەوتبێتە بەینیانەوەو لە هەردوولایان بخوات.
کەڵەشێر بانگ ئەداو گووش ئەخوا
بە یەکێک ئەوترێ کە چاکەش بکات و خراپەش بکات.
کەڵەشێر لە ناوەختدا بخوێنێ سەرى خۆى ئەخوا
واتە مەبە بە کەڵەشێرى ناوەخت با سەرى خۆت نەخۆیت.
کەڵەشێر لەسەر نوێڵکى خۆى ئازایە
واتە هەرکەسێک لە شوێن و مەڵبەندى خۆیا شارەزاو ئازایە.
کەڵەشێرى برسى خەو بە خەرمانى ئاو بردووەوە ئەبینێ
چونکە هەموو گیاندارێک بە بیرى ئەو شتەوە ئەنەوێ کە پێویستى بێ.
104105106107108109110