شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
کە هەتیوچە سوار ئەبێ، لاى لفکەکەى خوار ئەبێ، ئەگەر نەیگریت هار ئەبێ
بە یەکێکى ناوەجاخى ناکەس بەچە ئەوترێ.
کە وتى تێژ تێژ
ئەگێڕنەوە کە کابرایەکى شارەزوورى وتوویەتى: خوا چۆن ئەتوانێ بە جارێک ئەم هەموو دڕکى دەشت و شاخە وا تیژ بکات و نوکەکانیان وا دابدات؟ یەکێکیش ئەڵێ: خوا کە وتى تیژ تیژ. ئینجا ئێستا ئەمە بە یەکێکى زۆر بە دەسەڵات ئەوترێ کە لەگەڵ ویستى شتێک بکات بیکات.
کە پارەت دا مەلا لە مزگەوت دەر ئەهێنی
واتە هەموو شت بە پارە جێبەجێ ئەکرێ.
کە پیاو زۆری وت، چاکیش ئەڵێ و خراپیش ئەڵێ
واتە کەوابوو زۆر قسە مەکە، با خراپ بە دەمتدا نەیەت.
کە پیاو لە دوای کەرەوە ڕۆیی، ئەبێ بۆنی تەرسی بکا
یەکێک ئەیڵێت کە لە هاوڕێیەتى یەکێکەوە دڵى شکابێ.
کە چاو چووە خەو، قنگ ئەچێتە پاشایی
واتە ئەو حەلە بەبێ ترس بەرى ئەداتەوە.
کە چوویتە جێیان، جێی خۆت بناسە
ئەگینا هەڵت ئەستێنن لەو جێگایەى کە لێى دانیشتوویت.
کە چوویتە شاری کوێران، دەست بە چاوەوە بگرە
واتە هەموو کەسێک ئەبێ لەگەڵ ئەو ناوچەیەى کە تیایەتى ڕێکبکەوێ.
کە کەس نەبوو، من شاى کەسانم
یەکێک ئەیڵێ کە لە خۆى پێشتر بۆ کارێک نەبێ.
کە کەس نەبێ، ڕەجەب سەرپاڵەیە
پاڵە: کرێکارە. سەرپاڵە: سەر کرێکارە. لە کاتێکدا ئەوترێ کە پیاوى باش نەمابن و هەرچى و پەرچى جێى ئەوانى گرتبێتەوە.
کە کەس نەیخواست، شوو ئەکات بە من
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى ببێ بە تۆى نەفرۆشێ. کە زانى کەس لێى ناکڕێ ئینجا بیەوێ پێت بفرۆشێ.
کە کەوچکت نییە، بۆ گوو ئەخۆیت
بە یەکێک ئەوترێ کە بچێتە ژێر بارێک کە دەرەقەتى نەیەت.
کە گا جووت کاوێژ بکا، لە حیزی جوتیارە
بە یەکێک ئەوترێ کە خوار دەستەکەى ئیشى باش نەکات.
کە گوڵ نیت، دڕکیش مەبە
بە یەکێک ئەوترێ کە هیواى باشى لێبکرێ، کەچى بە پێچەوانەوە خراپەى ببێ.
کەبووتەر با کەبوتەر، باز با باز
کەبووتەر: بە زبانى فارسى جۆرە کۆترێکە. واتە کۆتر بەرامبەر بە کۆترو باز بەرامبەر بە باز ئەخوێنێ.
کەر ئەو کەرە، کورتانەکەى گۆڕاوە
بە شتێک ئەوترێ کە تۆزێ دیمەنەکەى گۆڕا بێ، بەڵام شتەکە هەروەک خۆى وابێ.
کەر ئەو کەرەیە لە کاروان بزەڕێ
واتە باریش بەرێ و سەرەڕاى ئەوەش بزەڕێ.
کەر ئەوەتە لە کاروانسەرادا بزەڕێ
کەر کە لە سەفەر بگەڕێتەوە زۆر ماندووەو ڕوو ئەکاتە کاروانسەرا کە تەویلەیە، ئینجا ئەگەر لەوێ زەڕى ئەوە نیشانەى بەدەقى و بەهێزییەتى. واتە ئازا ئەوەتا لە ڕۆژى سەفەر بارەبەریدا ئازا بێ.
کەر بارەکەى تفەنگیش بێ، گورگ هەر ئەیخوا
چونکە نازانێ بەکاری بێنێ. بە یەکێک یان گەلێک ئەوترێ کە جەنگاوەر نەبێ و نەزانێ چەکى جەنگى بەکاربێنێ.
کەر بتڕێ کۆشى بۆ ئەگرێتەوە
بە یەکێکى زۆر هەژار ئەوترێ.
کەر بکەوێ دانى ئەشکێ
بە شوێنى بێ لەوەڕ ئەوترێ.
کەر بۆنى زەعفەران نازانێ
واتە مەردومى تێنەگەیشتوو لە شتى ورد ناگات.
کەر بێ کورتان نابێ
واتە هەموو گیانلەبەرێک بە جلوبەرگى خۆیەوە.
کەر بە جۆ بمرێ شەهیدە
بە یەکێکى نەوسنى چڵێس ئەوترێ کە لە زۆر خواردنەوە نەخۆش کەوتبێ.
کەر بە حەج نابێ بە حاجى
چونکە چۆن ئەچێ هەروا دێتەوە.
کەر بە میواندارى قەڵەو نابێ
بە هەژارێک ئەوترێ کە بە ڕێکەوت لە لایەکەوە خواردنێکى دەست کەوتبێ.
کەر بە نەقیزە نەبێ ناڕوا بەڕێوە
بە مەردومى تێنەگەیشتوو ئەوترێ کە بۆ هەموو شتێک ئەبێ پێى بوترێ.
کەر بە پەیغام ئاو ناخواتەوە
واتە کەر بەبێ وتن ئاو ناخواتەوە. بە یەکێک ئەوترێ کە ئامۆژگارى کارى تێنەکات.
کەر بە کاروان قەڵەو نابێ
بە هەژارێک ئەوترێ کە بە ڕێکەوت لە لایەکەوە خواردنێکى دەست کەوتبێ.
کەر بەستە، خاوەن ڕەستە
بە یەکێک ئەوترێ کە کەرى خۆى بەستبێتەوە، واتە ئیشى خۆى بنج بەست کردبێ و بێخەم دانیشتبێ.
کەر بەستە، لە خەم ڕەستە
بە یەکێک ئەوترێ کە کەرى خۆى بەستبێتەوە، واتە ئیشى خۆى بنج بەست کردبێ و بێخەم دانیشتبێ.
کەر تا ئەتۆپێ لە لەقە وەشاندن ناکەوێ
بە یەکێکى خراپ ئەوترێ کە تا مردن دەست لە ستەمکارى هەڵناگرێ.
کەر تۆپیوەو شایى سەگە
بە یەکێکى دەوڵەمەندى بێ ژیرى و بیر ئەوترێ کە بمرێ و کەلەپوورەکەى بمێنێتەوە بۆ چەند خزم و خوێشێکى خراپى.
کەر جۆى ئەوێ و جۆش ئاو
واتە هەر شتێک پێویستى بە شتێک هەیە.
کەر دوو ڕیاڵ، کورتان سێ قڕان
ڕیال: لە ئێران دوو قران و نیوە. بە یەکێک ئەوترێ کە بەرگ و کاڵایەکى لەبەردا بێ لە ئەندازەى خۆى زیاتر بێ.
کەر زاوە کوڕى بووە
لە ڕووى گاڵتەوە کردنەوە بە کوڕى یەکێک ئەوترێ.
کەر قەدرى نوقڵ نازانێ
واتە هەموو شتێک شایستەى هەموو کەسێک نییە. بە یەکێک ئەوترێ کە لەگەڵ نەفامێکدا بدوێ و بە نەرم و شلى و نەزاکەت.
کەر قەڵەویش بێ گۆشتى ناخورێ
بە یەکێکى دەوڵەمەندى ڕژد ئەوترێ کە بە درێژایى ساڵ پولێکى لەدەست نەبێتەوە.
کەر لە قوڕا ئەگێت
بە یەکێک ئەوترێ کە یەکێکیتر بگرێ بە پرسیار لێکردنى، یا بە داواکردنى شتێک لێى لە کاتێکى تەنگ و چەڵەمەدا.
کەر لە کاروان بەجێ بمێنێ، کلک و گوێى ئەکەن
واتە هیچ کەسێک نابێ لە دەستەى خۆى دوابکەوێ.
101102103104105106107