شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
کیژ ماڵى خەڵقییە، کوڕ کوڕى زێڕینە
ئەمڕۆ لە ماڵى باوکیەتى و سبەینێ بە ئێجگارى لە ماڵى مێردیەتى.
کیژى بە دایک، مەنجەڵى بە سەرپۆش
واتە هەر نەنگێکى ببێ بۆى دائەپۆشێ.
کێ لە کێیە، شێخە دێیە
بە شوێنێک ئەوترێ کە هیچى بەسەر هیچەوە نەبێ.
کێ کردى، کێ بردى
بە یەکێک ئەوترێ کە بە هەولأ و تەقەلایەکى زۆر دارایى کۆبکاتەوە، لە پاشا دەست یەکێکیتر بکەوێت.
کێ گوو بە کڵاو ئەپێوێ
واتە هەرچى نرخ بێ نییەتى.
کێ گۆڕ بۆ گۆڕهەڵکەن ئەکەنێ
واتە هەموو زۆردارێک تۆڵەى خۆى وەرئەگرێ.
کێر بە پاتە ئەستور نابێ
پاتە: پەڕۆیە. بە یەکێک ئەوترێ کە بیەوێ بە شتى هیچ و پووچەوە خۆى گەورە بکات.
کێر بە ڕوودا ئەچێ
بۆیە هەموو کەسێک کە ژن بهێنێ بەدووى جوانا ئەگەڕێت.
کێر لە قەحبە ناخوازرێ
چونکە خۆى هەمیشە پێویستێتى.
کێرت لە دەرپێى خۆتدا نەبێ، خوا بیبڕێ
واتە بە مناڵى کچەوە مەنازە.
کێرى ئەمڕۆ بە قنگى سبەینێ
واتە پشت بە دنیا نابەسترێ لەبەرئەوە دەست لە خۆشى ئەمڕۆ هەڵناگیرێ بۆ سبەینێ، چونکە ئەگونجێ سبەینێ بگۆڕێ.
کێرى ئەمڕۆ بە قونى سبەینێ
یەکێک ئەیڵێ کە هەر چاوى لە ئەمڕۆوە بێ و چاوى لە سبەینێوە نەبێ، واتە حازر مەدە بە قەرز
کێرەکە مەلەرزە (.....)ەکە مەترسە
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە هەڕەشەى زۆرى لێکردبێت. واتە ئیتر ئەوە ناهێنێ کە من ئەوەندە بترسم و بڵێم (کێرەکە مەلەرزە (....)ەکە مەترسە). بڕۆ چیت لەدەست دێ بیکە.
کێشکە خۆى چییەو چەلاوى چییە
کێشکە: چۆلەکەیە. ئەم پەندە وەک پەندى (چۆلەکە خۆت چیت و گۆشتاوت چییە) وایە.
کێشکەى سەر سوانان قسە دەگێڕێتەوە
واتە تا ئەتوانى قسە بە ئاهێستە بکە، کە کەس گوێى لێنەبێ.
کێو بە کێو ناگا، ئادەمى بە ئادەمى ئەگا
واتە هەر کێو بە کێو ناگات، ئەگینا ئەگونجێ ئادەمى بە ئادەمى بگات.
کێوێک ئەڕوخێنێ، کەندەڵانێک پڕ ئەبێتەوە
بە دەوڵەمەندێک ئەوترێ کە بمرێ و داراییەکەى دابەش ببێ بەسەر چەند خزمێکى هەژاریدا.
کێچ بە گا ئەفرۆشێ
بە یەکێک ئەوترێ کە شتى خۆى زۆر بە گرنگ بداتە قەڵەم.
کێچ کەوتە کەوڵى
بە یەکێک ئەوترێ کە ئیشێکى بە دەستەوە بێ و تا تەواوى نەکات دەستى لێهەڵناگرێت.
کێچ گاز ئەگرێ، ئەسپێ تووش ئەبێ
بە یەکێکى جەربەزە ئەوترێ کە ئاژاوەیەک بنێتەوە خۆى دەربازى ببێ و یەکێکیتر تێوەبگلێ.
کێچى هەڵهێناوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر دانیشتبێ و لە دانیشتن وەڕس بووبێ.
کە ئاگر کەوتەوە تەڕ و وشک پێکەوە ئەسووتێ
واتە تا زووتر بیکوژێنیتەوە باشترە.
کە بوویت بە ڕێوی، سەر و قنگی کڵاشەکەم بکڕێنەرەوە
بە یەکێک ئەوترێ لە ڕووى سوکییەوە کە هەڕەشەیەکت لێبکات. واتە هیچت لەدەست نایەت ئەوە نەبێ کە بوو بە ڕێوى سەرو قنگى کڵاشەکەم بکڕێنیتەوە.
کە بە دەنکە جۆیەک ئەزەڕێ
بە یەکێک ئەوترێ کە زوو لە خۆى بگۆڕێ و یاخى ببێ.
کە تازە هات کۆنە بەتاڵە
واتە کە ژنى تازەت هێنا، ژنە کۆنەکەت لەلا ئەبێ بە هیچ.
کە تازە هات کۆنە خەڵاتە
واتە کە کاڵاى تازەت دروست کرد، کاڵا کۆنەکەت بدە بە یەکێکیتر.
کە خودا دای، ناپرسێ کوڕی کێی
بە یەکێک ئەوترێ کە پایەیەکى لە خۆى بەرزتر دەستکەوتبێ.
کە خودا دای، پێغەمبەریش چنگێکی ئەخاتەسەر
واتە کە دەرگاى خۆشى کرایەوە بە جارێک ئەکرێتەوە.
کە خەوت هات سەرینت ناوێ، کە برسیت بوو پێخۆرت ناوێ
واتە نە بنوو تا خەوت نەیەت، نە بخۆ تا برسیت نەبێ.
کە زۆر هات، قەواڵە بەتاڵە
یەکێک ئەیڵێ کە نەتوانێ کارێک بکات کەچى بە زۆر پێى بکەن.
کە شیرت وەشاند، ئەبێ قەڵغانت پێ بێ
چونکە ئەو کەسەى کە تۆ دەستى لێئەوەشێنیت، ئەویش دەست لە تۆ ئەوەشێنێت.
کە فێرت کرد تێرى کە
تەماشاى پەندى (فێرکران فێریان مەکە) بکە.
کە من نەمام با لە دواى من دنیا وێران بێ
ئەمە قسەى یەکێکى خۆپەرستە کە لە جیهاندا هەر چاوى لە خۆشى خۆیەوە بێ، ئەگینا هەزارى وەک من و تۆ ببین بە باڵا گەردانى خۆشى و خۆشبەختى کۆمەڵەو گەل.
کە من ڕازى بووم بە نانى جەو، سەرى خاقان بە قنگى خەسرەو
واتە کە من بە نانى جۆ ڕازى بووم، ئیتر کلکە لەقێ بۆ کەس ناکەم.
کە من کەوتمە دەۆرزە، ئەم هۆزە نا ئەو هۆزە
واتە مەردوم کە لە نیشتمانى خۆى دوورکەوتەوە، ئیتر لە هەر شوێنێ بژى بۆ ئەو چوونیەکە.
کە مەلا لە دێ نەبوو، کەڵەشێر بڵقاسم بەگە
واتە کە گەورەى بە ڕاستى لە شوێنێک نەبوو، هەموو گەجەرو گوجەرێک خۆى ئەکات بە گەورە.
کە مەڕم گورگ بیخوات، با گورگى نیشتمان بیخوات
لەمڕۆژەدا هەر گەلێک نەگات بەم پایەیە لە نیشتمانپەروەریدا بە لرفەیەک قووت ئەدرێ.
کە نەزانى گیرا ئاو، کە ئاو گیران جاو
بە یەکێک ئەوترێ کە بچێتە سەر ئیشێک و نەتوانێ بیکات.
کە نەزانیت بزێیت، بۆ کەڵ ئەگریت
بە یەکێک ئەوترێ کە بچێتە سەر ئیشێک و نەتوانێ بیکات.
کە نەنەولێسک بە خەڵاتت بێ، کێکفى قۆپى بە بەراتت بێ
کەنەنە: تەشوێیەکى بچکۆلانەى دەم کەوانەییە، ناو کەوچک و ئەسکۆیى پێ هەڵئەکەندرێ. لێسک: تیغێکى کەوانەییە ناوى کەوچک و ئەسکۆى پێ لووس ئەکرێ. بە یەکێک ئەوترێ کە دیارییەکت بۆ بێنێ هیچى تێنەچێ.
100101102103104105106