کوڕى میرەسەنێ، لە پشتى دەبەستێ داوەبەنێ، نانى بۆ خۆى ئەخواو تڕى سوێر دەکەنێ
بەو لاتە برسییە تڕزلانە ئەوترێ کە تا ئەبرێنە سەر تاتە شۆر لە قسەى زل ناکەون.
کوڕى ڕەند بۆ شەوى زەنگ
واتە کوڕى ئازا بۆ شەوى تاریک.
کوڕى گوێ ئاگردان، کون لە جەرگیا نییە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ماڵى خۆیا دانیشتبێت و مەردوم بنێرێ بۆ جەنگ و کارى ترسناک.
کوڵ چوارشەممەى مانگى سەفەرە، پڕ ئاشووبەو خۆتى لێ لادە
ئەمڕۆژە ئەو ڕۆژەیە کە لە جەنگى (ئوحود)دانى پێغەمبەرى تیا شکێنرا و پێغەمبەر (د.خ) بە بریندارى تیا گەڕایەوە بۆ (مەدینە). جاران بە بیرەوەرى من ئەو ڕۆژە بە شووم ئەزانرا، لە زۆر ماڵەوە چینى قوڵیان ئەنارد بۆ لاى شێخ و مەلاکان، کە دە ئایەتى قورئانیان بۆ تیا بنووسن لەو ئایەتانەى کە بە (سلام) دەست پێئەکات، وەک (سەلام على نوح فی العالمین). ئینجا ئاویان ئەکردە ناو کاشییەکەوە ئەیانخواردەوە، کە خوا ئەو ساڵە بپارێزێ لە بەڵاو ئاشوبى ڕۆژگار.
کوڵۆ فڕێدەر، پاداشى بەردە
واتە کێ گڵمتکێکى پیا ماڵیت، تۆ بەردێکى پیا بماڵە.
کوڵە تڕى، نانى خۆى بڕى
بە یەکێکى زۆربڵێ ئەوترێ کە قسەیەکى ناشرینى کردبێ و خۆى نەنگدار کردبێ لاى یەکێک، یا کۆمەڵێک.
کوڵە تڕى، نانى خۆى بڕى
بە یەکێک ئەوترێ کە بە گوفتار یا کردار هەڵەیەکى زلى کردبێ، و جێى خۆى سڵۆق کردبێ.
کوێر تا ئەمرێ بەتەماى چاوە
بە یەکێک ئەوترێ کە هەمیشە بەتەماى شتێک بێ و دەستى نەکەوێ.
کوێر کوێر نابا بەڕێوە
واتە مەردومى نەشارەزا ناتوانێ ببێ بە ڕێنیشاندەر لە هیچ کارێکدا.
کوێرە چیت ئەوێ، دووچاوى ساغ
واتە هەرکەسێک ئاواتى خۆى داوا ئەکات.
کوێرە، باوان شەلە، باوان
یەکێک ئەیڵێ بە گەورەیەکى خۆى کە لێى قەوما بێ و پەناى پێبردبێ.
کچ بەبێ باوک نرخى نییە، باخ بەبێ پەرژین جوانى نییە
باوک هەروەک نرخە بۆ کچى خۆى، پەرژینیشە بۆى.
کچ قەڵایە ناگیرێ
واتە ئەبێ وەک قوللەو قەڵا سەخت و قایم بێ.
کچم لەگەڵ تۆمە، بوکێ تۆ گوێت لێبێ
یەکێک ئەیڵێ کە ئامۆژگارى یەکێک بکات و مەبەستى یەکێکیتر بێ.
کچى بێ دایک وەک باخى بێ پەرژینە
بە ڕاستى هەر دایکە کە کچى خۆى وەک بیلبیلەى چاو نیگاى دێڵێ.
کچى خۆت مەکە بە قوربانى کوڕى خەڵک
واتە ئەگەر کوڕێکى خراپ داواى کچەکەتى کرد مەیدەرێ، با کچەکەت نەبێ بە قوربانى ئەو.
کچێ دایکى مەدحى بکات، ئەبڵێ خاڵوان بیخوازێ
واتە کچ ئەوەیە کە خەڵکى مەدحى بکات نەک دایکى.
کچە تیمى گەڵاڵان، بوونە کابانى ماڵان
بە یەکێک ئەوترێ کە هیچێکى واى نەکردبێ، کەچى جێى خۆشى گرتبێ.
کڕین و مامەڵە، سەنگى مەحەکە
واتە هەر کەسێک لە سەوداو معامەلەدا باش بوو باشە، خراپ بوو خراپە.
کڵاشدم بکەرە کونەوە، کڵاشدم دەرئەکا
کڵاشدم، بە دووپشک ئەڵێ کە ئەگەر بەن ببەستیت بە یەکێکیانەوە بینێریتە ناو کونێکەوە کە دووپشکى ترى تیابێ یەکە یەکە ئەیانهێنێتەوە دەرەوە بۆ کوشتن. بە گەلێک ئەوترێ کە خۆخۆر بێ و یارمەتى دوژمنى خۆى بدات بۆ کوشتنى گەلەکەى خۆى.
کڵاو سورى بەر لەشکرە
بە مەردومى زۆر جەربەزەى چەپڵەمەز ئەوترێ.
کڵاو هەڵئەخا
واتە زۆر کەیفخۆشە.
کڵاوى بکەوێتە مزگەوت، بە گۆچان دەریئەهێنێ
واتە سەرو ساختى لەگەڵ مزگەوتدا نییە.
کڵاوى لار داناوە
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر بەخەم بێ.
کڵاوى لە حەق دڕاوە
واتە ئەوەندە ڕاستگۆو حەقبێژە، بە چەپۆک کڵاوەکەیان دڕاندووە.
کڵاوێکى بۆ دانێن، تا ئێوارێ لەگەڵى ئەدوێ
بە مەردومى چەنەبازى زۆربڵێ ئەوترێ.
کۆ کۆ لە هۆهۆ ئەبێ
واتە تا لەدواى جووتەوە (هۆ هۆ) نەکەیت، دەغلأ و دان کۆناکەیتەوە.
کۆتر لە دەماخى ئەفڕێ
واتە لووتى ئەوەندە بەرزە کۆتر هێلانەى تیا ئەکات.
کۆتەرەى پەنا کەندوان هەڵگرە بۆ هەرمێ پشکوان
واتە لە جیهاندا زۆر قایمکار بە.
کۆزرو بە باى عومرى نا
واتە زۆرى لێدا.
کۆزى کاران ببینەو قەپوچک لە ماست داگرە
یەکێک ئەیڵێ کە داواى شتێکى لێبکرێ کە نەیبێت، وەک لەلادێ داواى ماست بکەیت لە ماڵێک کە کۆزەکەى کارو بەرخى تیا نەبێ. واتە کە کارو بەرخ نەبێ بمژێ شیر، لەکوێ ئەبێ تا ماست ببێ.
کۆستى کەوتووە
واتە باوانى شێواوە.
کۆسە بەندێکى دى و پەندێکى گرت
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هەموو ڕووداوێک دەرسێک وەرگرێ.
کۆنە ئەفرۆشێ بە نرخى تازە
واتە فێڵبازو دەم لووسە.
کۆنە چەکمە ڕەق
بە یەکێکى بێ ناونیشان ئەوترێ کە بەناو ئاغاو وەکى تریش هیچى نەبێ.
کۆنەیار ماینى بەزینە
واتە هەر حەلێ بیەوێ ئەتوانێ پێی بگات.
کیسەى بۆ هەڵدرووە
واتە لەسەدا سەد بەتەماى ئەو شتەیە.
کیسەڵ ئەڵێ من بە جامى سەپان ئاو ناخۆمەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى لە یەکێکیتر بەرزتر بزانێ.
کیسەڵ بگریتە کۆڵ میزت پیا ئەکات
واتە ئەگەر خزمەتى ناوەجاخ بکەیت لەجیاتى قازانج زیانت پێئەگەیەنێت.
کیمیاى ناگاتێ
بە کارێک ئەوترێ کە قازانجى ئێجگار زۆر نەبێ.