کردەى گایەو خوردەى کەر
بە یەکێک ئەوترێ کە هەرچى ئەم پەیداى بکات یەکێکیتر بیخوات.
کرم ڕەگى دارى خواردی، پیشەت ئەبێتە هەناسە ساردى
بە یەکێک ئەوترێ کە لە لایەکەوە زیانبار بووبێ و پێى نەزانى بێ.
کرێى شت خواستن، هێنانەویەتى
واتە شتێکت کە خواست لە یەکێک بۆ ماوەیەک، کرێکەى ئەوەیە کە ئیشەکەت تەواو کرد شتەکە بنێریتەوە بۆ خاوەنى.
کرەى میرى سور ئەکا
واتە بەو کارە زۆر سوپاسگوزارەو هەمیشە چاوە چاوى بۆ ئەکات.
کشە کشە پۆپنە ڕەشە، میوان شەوێ دوو شەو خۆشە
ئەگێڕنەوە کە یەکێک ئەبێ بە میوانى یەکێک لە زستانداو زیاد لە ئەندازە ئەمێنێتەوە، خانەخوێکە وەڕس ئەبێ، ئەیەوێ ئەمە دەرببڕێ لاى میوانەکەى، ڕۆژێ لەبەرچاوى میوانەکە بە مریشکى حەوشەکەى خۆى ئەڵێ: (کشە کشە مریشکە ڕەشە، میوان شەوێ دوو شەو خۆشە). کە میوانەکە ئەمە ئەبیستێ ئەمیش بە مریشکەکە ئەڵێ: (کشە کشە پۆپنە لارێ، من میوانم تا بەهارێ).
کفنى لە کوێیە تا گۆڕى لە کوێ بێ
بە یەکێک ئەوترێ کە هیچى نەبێ.
کل لە چاو ئەفڕێنێ
واتە دزێکى زۆر چالاکە.
کلکى لە سەگ کەمترە
واتە زۆر زۆرزانە.
کلکى کەر بە دەسەسڕ ئەکرێ
بە تەوسەوە بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر پاک و تەمیزى بخوێننەوە.
کنگر دانەى بە ڕەحمەت، نەک برنج دانەى بە زەحمەت
واتە دەنکە کنگرى دەشتى بخۆیت بە خۆشى، باشترە لە پڵاوێک بە ناخۆشى.
کنگر و ماستیش بۆ وەختى خۆى
یەکێک ئەیڵێ بە یەکێک کە دڵى ئێشاندبێ. واتە ئەمەت با بەسەرەوە بمێنێ تا ڕۆژى خۆى دێ.
کوتەک ئەزانێ قۆناغ لە کوێیە
بۆ هەڕەشەکردن لە یەکێک ئەوترێ.
کوتەک لە بەهەشتەوە هاتووە
یەکێک ئەیڵێ کە بە قسەى خۆش ئەو ئیشەى کە ئەیەوێ بۆى نەکرێ تا هێز بەکارنەهێنێ.
کوتەکى ئاشى دێم ئەگێڕێ
واتە زۆر بە زەبرو زەنگە.
کورتان بۆ کەر ئەکرێ، کە کەر تۆپى کورتان بۆچى
کورد بدوێنە، شەرعى خۆى ئەکا
واتە ئەمەندە دڵپاک و حەقپەرستە، پێ لە گوناهى خۆى ئەنێ.
کورد هەر کوردە
واتە کەس ڕەوشت و خووى نەتەوایەتى خۆى ون ناکات.
کورد و گۆڕان شەڕیانە، لەسەر ماڵى موسڵمانان
بە دوو کەس ئەڵێن کە چاویان لە ماڵى یەکێکەوە بێ بیخۆن.
کورد کەوتە گۆڕان، ماڵى بوو وێران، گۆڕان کەوتە کورد، گۆى لە مەیدان برد
کوردو گۆڕان کە بەیەکەوە ناوبران، مەبەست لە کوردەکەیان نیشتەجێ و مەبەست لە گۆڕان کۆچەرییە، واتە شارى کە بچێتە ناو کۆچەرییەوە ناتوانێ بژى، بەڵام کە کۆچەرى چووە ناو شارەوە زۆر بە هەڵپەو وریاییەوە سەرکەوتووە.
کوردە مەیدەرێ پیازێ، دوان دوان ئەخوازێ
بە یەکێک ئەوترێ کە بدات بە دەم یەکێکیترەوە. واتە خۆتى بۆ شل مەکە ئەگینا هیچت پێ ناهێڵێ.
کون بە سەهۆڵ ناگیرێ
بە یەکێک ئەوترێ کە چارەى شتێک بکات بە شتێکى هیچ و پووچ، واتە ئەم چارەیە تا سەر نییە.
کون بە سەهۆڵ ناگیرێ هەر ئەکرێتەوە
بە یەکێک ئەوترێ کە چارەى شتێک بکات بە شتێکى هیچ و پووچ، واتە ئەم چارەیە تا سەر نییە.
کون لە جەرگیا نییە
واتە زۆر بەجەرگە.
کونى قنگى قیرینە ناوچەوانى شیرینە
بە ژنێکى ناشرین ئەوترێ کە بەختى یار بێ و شوویەکى باشى کردبێ.
کونە مشکى لێ بووە بە قەیسەرى
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ترسانا نەزانێ چى بکاو چۆن خۆى بشارێتەوە.
کووزەڵە بە نان ئەکا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر هەژار بێ.
کوچک ئەکوڵێنێ
واتە هەوڵى بێسود ئەدا.
کوچک تا نەجوڵێ سەنگینە
واتە هەموو کەسێک لە شوێنى خۆى بەڕێزە.
کوچک لە ئاگر گەرمترە
بە دڵسۆزێک ئەڵێ لە یارمەتى لێقەوماودا بەجەختتر بێ لە خۆى.
کوڕ ئەبێ کوڕ بێ، لە ئاشان نۆرەبڕ بێ.
واتە بە هیچ کلۆجێک نابێت بەشخووراو بى.
کوڕ بووم سەر گوێى خۆم نەئەگاوت
واتە زۆر چوست و چالاک و تیژڕەو بێ، وەک ئەو تانجییانەى کە لە کاتى ڕاودا ئەوەندە خێرا ڕائەکەن و هەڵمەت ئەبەنە سەر نێچیر هەردوو پاشوویان ئەدەن لە گوێیان و بریندارى ئەکەن.
کوڕ تاڵان گێڕەوەیەو کچ تاڵانبەر
واتە کوڕ هەرچى ئەبا بۆ خۆى ئەبا، بەڵام کچ بۆ مێردەکەیەتى.
کوڕ نەبووە و کڵاوى بۆ ئەدرون
واتە کارى ناپێویست مەکە.
کوڕ هەبێ، تاریکە شەو زۆرە
واتە کوڕى ئازا ئەگەر ببێ ماوە زۆرە بۆ تۆڵەسەندن.
کوڕ، خاڵۆ وەلەد
واتە منالأ ئەچێتەوە سەر خاڵوانى، چونکە زیاتر ڕەوشت و خووى دایکى وەرگرتووە، کە ئەویش ڕەوشتى ماڵى خۆى وەرگرتووە.
کوڕى ئازا ماڵى بۆچییە؟ کوڕى حیزیش ماڵى بۆ چییە؟
چونکە کە ئازا بوو ماڵیشى ئەبێ خۆى پەیداى ئەکات، کە حیز بوو ماڵیشى ببێ خۆى لەدەستى ئەدات.
کوڕى باوکى خۆیەتى
بە یەکێک ئەوترێ کە لە چاکیدا یان خراپیدا چووبێتەوە سەر باوکى.
کوڕى خۆى سوننەت ئەکا و منەت بەسەر خەڵکا ئەکا
کوڕى سەگ بە گورگ بخنکێنە
واتە تۆڵە لە پیاوخراپ بسێنە بە پیاوێکى خراپ.
کوڕى سەگە و گورگ ئەخنکێنێت
بە کوڕى ستەمکارێک ئەوترێ کە پیاوێکى زۆردار کەڵەمە بکات.