ئەگەر پێنجین، ئەگەر شەشین، هەموو غوڵامى دیزە ڕەشین
جاران لەجیاتى مەنجەلأ چێشتى شلە هەر لە دیزەدا لێئەنرا. واتە هەموو خێزانێک بەیانیان و ئێواران چاوەڕوانى شۆرباى ناو دیزە ڕەشن.
ئەگەر ڕووتنایەت بێژەنگێک بگرە بە ڕووتەوە
بە گاڵتەوە ئەوترێ بە یەکێک کە لە شتێکى هیچ و پووچ شەرم بکات.
ئەگەر ڕێوى بنوێ، خەو بە مریشک خواردنەوە ئەبینێ
چونکە هەمیشە لەبیرى ئەوەدایە.
ئەگەر ڕەشبم وەک موو، دەوڵەتى باوکم ئەمدا بەشوو
چونکە ئەمڕۆ زۆر کەس ژنیش کە دێنێ هەر بۆ ڕاوى دنیایە.
ئەگەر کا، هى خۆت نییە، کایەن هى خۆتە
بە یەکێک ئەوترێ: کە لەسەر خوانى یەکێکیتر ئەوەندە بخوات تا نەخۆش ئەکەوێ، واتە ئەگەر خواردنەکەش هى خۆت نەبێ، سییق (معدە)ەکە هى خۆتە، کە بە زۆر خواردن ناڕەحەت ئەبێ.
ئەگەر کاوێژى بکردایە، گۆشتى ئەخورا
بە یەکێک ئەوترێ کە زۆر گێل و بەسەزمان و کەڕەواڵە بێ.
ئەگەر کوندەبەبوو کەڵکى ببوایە، ڕاوکەر بەجێى نەئەهێشت
واتە گۆشتى ناخورێ، چونکە خۆى گۆشتخۆرەو دەنووکى قوڵاپییە وەک باز.
ئەگەر کۆز هەیە نان نییە، ئەگەر نان هەیە کۆز نییە
کۆز: پێخۆرە. واتە دەمێ نان هەیەو پێخۆرە نییە، دەمێ پێخۆرە هەیە و نان نییە.
ئەگەر کەر بۆ قوربانى نەشێ، بەهاى بۆ قوربانى ئەشێ
ئەگەر کەرن، بەرامبەرن، ئەگەر ئێسترن سەربەسەرن
بە یەکێک ئەوترێ کە خۆى زلتر بگرێ لە ئاوەڵەکەى.
ئەگەر کەس نەیخواستم، شووت پێئەکەم
بە یەکێکى ئەڵێى کە بتەوێ شتێکى لێبکڕى و قنگەقنگى تیا بکات.
ئەگەر کەسێک کەسە، حەرفێکى بەسە
واتە دانا بە درکاندن، کەریش بە نەقیزە.
ئەگەر کەوڵ و پۆست چاک ئەبوو، بە شانى خاوەنى خۆیەوە ئەبوو
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى ببێ و زۆر پەسەندى بکات لەناو مەردوما، کەچى خۆى بۆ خۆى بەکارى نەهێنێ.
ئەگەر گوڵ نیت، دڕکیش مەبە
واتە کە قازانجت نییە، با زیانیشت نەبێ.
ئەگەر گوڵن بەرانبەرن، ئەگەر عەترن سەر بەسەرن
بە یەکێکى بەڕێز ئەوترێ کە خوازبێنى کچەکەى بکرێ بۆ یەکێکى وەک خۆى، وە ئەویش نەیدا.
ئەگەر گۆشت گرانە نەخواردنى هەرزانە
واتە هەموو شتێکى گران با بە نەخواردنى هەرزان بکرێ.
ئەگەریان دا بە مەگەر، کوڕێکیان بوو ناویان نا: کاشکى
واتە هەر کارێک (ئەگەر) و (مەگەر)ى تێکەوت بە تەماى مەبە. وە ئەمانە هیچیان لێ پەیدا نابێ (خۆزگە) و (کاشکى) نەبێ، کە ئەم وتانە یەک لە یەک بێ ئەنجامترن.
ئەگەریان چاند، سەوز نەبوو
بە یەکێک ئەوترێ کە پێتبڵێ: ئەگەر ئەو کارە وابێ، یارمەتییەکى باشت ئەدەم. واتە کە ئەگەرت هێنایە پێشەوە یارمەتییەکەت نایەتە ڕوو، ئەگەر یارمەتیم ئەدەیت ئەگەرى تێمەخە.
ئەڵێ مامە گونت بە چەندە؟ ئەڵێ بە سەنگ و بە ترازوو
واتە هەموو شتێک ئەبێ بە کێشانە و حساب بێ.
ئەڵێ ژاڵە بۆ وا تاڵیت؟ ئەڵێ لەبەر برا مردن، گوڵت بۆ وا جوانە؟ لەبەر دۆست و دوژمن
بە یەکێک ئەوترێ کە دوو ئیشى پێچەوانەى لێڕووبدات، وە هەر یەکەى بە جۆرێک پینە بکات.
ئەڵێ: نێرە، ئەڵێ: بیدۆشە
بە یەکێک ئەوترێ کە داواى شتێکت لێبکا کە لە تواناتا نەبێ، وە هەرچەند عوزرى بۆ بێنیتەوە ئەو هەر لەسەر داواکردنەکەى خۆى بێ.
ئەڵێن خزمت کێیە؟ ئەڵێ: ژنم نەهێناوە
واتە لاى زۆر کەس خزم هەر خزمى ژنە.
ئەڵێى ئاشى ئاو کەوتووە
بە ماڵێک ئەوترێ کە لەبەر هەژارى، یا چۆڵى بێدەنگ بێ.
ئەڵێى ئاو لایداوە
بە یەکێک ئەوترێ کە لەبەر نەزانى، یا خەفەتبارى خۆى بێدەنگ بێ.
ئەڵێى ئاگرى بن کایە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە ژێرەوە کنە لە یەکێکا بکات و بەسەر زاریش دۆستى بێ.
ئەڵێى ئاڵەت کراوەتە قنگى
بە یەکێک ئەوترێ کە لە هیچ کوێیەک قنگى توێتکە نەخوا.
ئەڵێى ئەسپى بۆ زین کراوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بەپەلە بێ لەسەر ڕۆین بۆ شوێنێک.
ئەڵێى ئەسپێى کراسى کۆنە
بە یەکێک ئەوترێ کە پێتەوە نووسا بۆ شتێک، لێت نەبێتەوە.
ئەڵێى بازاڕى شێخ هەمزەیە
واتە زۆر پڕو پەشێوە.
ئەڵێى بووکە بە بارانێیە
بووکە بەبارانێ، شتێکە وەک داهۆلأ: مناڵان دروستى ئەکەن لە دارو پەڕۆ، لە کاتى بێ بارانیدا ماڵەو مالأ ئەیگێڕن، بۆ ئەوەى ئاوى پیا بکەن، بۆ نوقڵانەى باران بارین. بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو لەشى تەڕ بووبێ.
ئەڵێى بۆ ئاگر هاتوویت
بە یەکێک ئەوترێ کە چوو بۆ شوێنێک زۆر زوو هەستێ.
ئەڵێى بە دوو نق و نیو دیوێتى
بە ژنێک ئەوترێ کە مناڵێک لە خۆى نەبێ، کەچى زۆرى خۆشبوێ و بیلاوێنێ.
ئەڵێى بە دەم دایناوە
بە دایک، یا باوکێک ئەوترێ کە مناڵەکەى زۆر لە خۆى بچێ.
ئەڵێى بە سەربانى جەهەنەمەوە لەوەڕیوە
بە یەکێکى ڕەقى تەقى لاواز ئەوترێ.
ئەڵێى بەردى ئاوەسووە
بە یەکێک ئەڵێن کە ڕووى قایم بێ.
ئەڵێى بەردى بن گۆمە
بە یەکێک ئەوترێ کە بێدەنگ دانیشتبێ.
ئەڵێى بەرزەکى بانانە
بە یەکێک ئەوترێ کە لە گۆبەنگێکا دەستى ببێ، کەچى ڕزگاریشى ببێ، بێ ئەوەى پێى بزانن.
ئەڵێى بەڕووى لە دەما تەقیوە
بە یەکێک ئەوترێ کە بە پەلە، وە یەک لەسەر یەک قسە بکات.
ئەڵێى تێڵاى قووتداوە
بە یەکێک ئەوترێ کە قسەى بە ڕەوانى پێنەکرێ.
ئەڵێى تەرازووى بەن پچڕاوە
بە یەکێکى دەستە پاچەى لێنەهاتوو ئەڵێن.