شێخ محەمەدی خاڵ

X
دەرئەنجام: 4494
دار و گۆشت ئاشنایەتییان نییە
واتە ئەگەر لە ژن یان مناڵت دا بە دار لێیان مەدە، چونکە مەبەست لەو لێدانە تۆڵەسەندن و ئازارپێگەیاندنیان نییە، بەڵکوو هەر بۆ ئەوەیە نیشانیان بدەیت کە تۆ لەو ئیشەیان ناڕازیت. ئینجا ئەوە بە ناوچەوان گرژ کردن بێ، یان بە زللەیەکى سوک بێ، یا بە هەر شتێکى ترى وا بێ کە بەپێى تەربییەى ئەمڕۆ هەڵە نەبێ.
دار وتی: تەور ئەگەر کلکی لە خۆم نەبوایە، نەیئەبڕیمەوە
واتە ئەگەر ناپاکى ناوخۆ نەبێ، دوژمن ناتوانێ دەست بەسەر نیشتیمان بگرێ.
دار پوازی لە خۆی نەبێ ناقڵیشێ
تەماشاى ڕاڤەى پەندى پێنجەم بکە.
دار پیر ئەبێ، جارێک بازی بەسەرەوە ئەنیشێ
واتە مەردوم لە هەموو ژیانیا جارێک بەخت ڕووى تێئەکا، ئەبێ ئاگاى لە خۆى بێ لە دەستى نەدات.
دار کرمی لە خۆی نەبێ، هەزار ساڵ ئەژی
تەماشاى ڕاڤەى پەندى پێنجەم و هەشتەم بکە.
دار کە لار بوو، سێبەریشی لارە
بە یەکێکى خراپ ئەوترێ کە هەموو کارێکى هەر بە خراپە بکات. واتە خراپ چاکەى لێناوەشێتەوە.
داران لە دوورەوە سەریان زەنێرە
واتە پیاوى گەورەى ناودار لە دووریشەوە هەر دیار و ناسراوە.
داراو نەدار گشت ماتی خەمە
واتە هەموو کەس بەپێى خۆى خەمێکى هەیە.
داری بێ بەر بۆ بڕین باشە
واتە هەموو شت ئەبێ بەپێى خۆى کەڵکێکى ببێ.
داری بێ گەڵا نرخی نییە، خوشکی بێ برا زینەتی نییە
داری تاقەدار قەت نابێ بە دار، دۆستی دوور لە وڵات قەت نابێ بە یار
داری دا بە ڕۆحیا
واتە تۆڵەى خۆى لێسەند.
داری دەستێتی
بە یەکێک ئەوترێ کە هەموو ئیشێکت بۆ بکا، وە ئەگەر ئەوت بەدەستەوە نەبێ پەکت بکەوێ.
داری قەرەداغ پەلکی دەرمانە، خۆزگەم بەو خوشکەی برای میوانە
بە یەکێک ئەوترێ خزمێکى زۆر نزیکى میوانى بێ.
داری نەرم مێروولە ئەیخوا
واتە مەردوم کە زەبون بوو، هەموو کەسێک تەماعى تێئەکا.
داری پیرەدار بە دار نابێ، یاری دوور بە یار نابێ
واتە دەستیان لێهەڵگرە.
داری گەندەڵ بۆ بڕین باشە
واتە شتى خراپ لابەرە.
داری گەندەڵ بە دار نابێ
واتە شتى خراپ لابەرە.
داریان لە قنگی ئەبڕی، ئەیوت: ئەم تەقەتەقە چییە؟
بە مەردومى بێعار ئەوترێ.
دارێک خوا غەزەبی لێگرت، ئەبێ بە چەقەنەی ئاش
بە یەکێک ئەوترێ کە خوا سەرى لێبشێنوێنێ و ئاوارەى بکات.
دارێکم بە دەستەوەیە هەردوو سەری گواوییە
یەکێک ئەیڵێ کە ئیشێکى لەبەر بێ، بە هەرلایەکا بیکات لە ڕوویەکەوە خراپ بێ.
دارێکی بۆ کرد
واتە تۆڵەى لێسەند.
دارەوانیشەو شاخەوانیشە
واتە لە زۆر شتدا شارەزاو ئاگادارە.
دارەکەی سەرکەل، پردەکەی گاڕان
زۆرجار یەکێک قسەیەک ئەکات، یەکێکیتر تێناگات لە قسەکەو بە قسەیەکى وا وەڵامى ئەداتەوە کە هەرچى پەیوەندى بێت نییەتى بە قسەى کابراوە. ئینجا بەرامبەرەکەى ئەم پەندەى پێئەڵێ. واتە ئەم دوو قسەیە چى بەسەر چییەوەیە. هێندێکیش ئەڵێن: دارەکەى سەرتەل، پردەکەى قشڵاخ. گاڕان: ناوى کەلێکە لە ناوچەى مەریوان، هەروەک قشڵاخ ناوە بۆ دێیەک لە جوانڕۆ، کەوتۆتە دامێنى کێوى (شاهۆ)وە.
داس لە سەپان مەشارەوە
واتە هەرکەسە شایستەى چییە، بیدەرە دەستى.
داماویی سەری پیاو ئەکا بە ماڵی دوژمنا
یاخوا کەس تووشى ئەو ڕۆژە ڕەشە نەبێ.
دان ئێشان، چارەی کێشان
واتە هەموو ناخۆشییەک ئەبێ لە بنا ڕیشەکێش بکرێ.
دان کێشان و گیان کێشان
واتە جاران ئازاریان وەک یەک وابوو، بەڵام ئێستا بەهۆى بەنجەوە گەلێ لە جاران باشترە.
دانا بە درکاندن، نادان بە کوتەک
بە یەکێکى تەمەڵى تەوەزەل ئەوترێ کە چاو لە ئیشوکار بقووچێنێ.
دانا بە درکاندن، کەر بە نەقیزە
بە یەکێکى تەمەڵى تەوەزەل ئەوترێ کە چاو لە ئیشوکار بقووچێنێ.
دانوویان پێکەوە ناکوڵێ
بە دوو کەس ئەوترێ کە دژى یەکتر بن و پێکەوە هەڵنەکەن.
دانی لێ تیژ کردووە
واتە مرخى لێخۆش کردووە.
دانیان لە یەک سپی بۆتەوە
بە دوو کەس ئەوترێ کە لە پێشەوە شەرمیان لە یەک کردبێ، لە پاشا بەرە بەرە ڕوویان کرابێتەوە، بە ئەندازەیەک کە قسە بڵێن بەیەک.
داوای ڕەشکەی کرد، وتی ساوەرم لەسەر هەڵخستووە
واتە ناتدەمێ، ئەگینا ساوەر لەسەر ڕەشکە چۆن هەڵئەخرێ.
داویە لە حەوت ئاو، قولی تەڕ نەبووە
واتە لە ژیانیا قالأ بووە.
داوێ بۆ خەڵکی دابنێیت، لە پێی خۆت ئەناڵێ
داکت کوردو بابت کورد، ئەم عنوانەت لە کێ گرت؟
بە یەکێک ئەوترێ کە دەعیەو دەمارێکى لە خۆیەوە پەیدا کردبێ.
داکی خۆم کابانە، تێر ئەخۆم کفتانە
یەکێک ئەیڵێ کە خزمێکى نزیکى لە خانەدانێکدا دامەزرا بێ، بە ڕەنگێک کە بتوانێ هەموو جۆرە خواردەمەنییەکى بۆ بنێرێ.
دایک لای ئەولاد قەد کۆن نابێ
چونکە لە مناڵییەوە هەرچى خێرو خۆشى هەیە لێى دیوە.
دایک مەدحی کچ بکا، مەگەر خاڵوان بیخوازێ
بە یەکێک ئەوترێ کە شتێکى ببێ کەس باشى نەڵێ خۆى نەبێ. واتە ئەم قسانەى تۆ مەگەر لە گوێچکەى کەسوکارى خۆتا کار بکات.
36373839404142